رووداو دیجیتاڵ
ئەو گردبوونەوەیەی بە پێشەنگایەتیی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) بۆ داوای "ئازادیی" عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رێکخرابوو و دوو جار دواخرا، بڕیارە رۆژانی 27 و 28ـی حوزەیران لە پارێزگاکانی ئامەد و وان ـی باکووری کوردستان و ئیستەنبووڵ و مێرسین ـی تورکیا بەڕێوەبچێت.
گردبوونەوەکەی ئامەد بڕیار بوو رۆژی چواری کانوونی دووەم بکرێت، بەڵام بەهۆی خراپیی کەشوهەواوە دواخرا و بڕیار درا رۆژی 25ـی کانوونی دووەم بکرێت، بەڵام پارێزگای ئامەد بۆ ماوەی چوار رۆژ قەدەخەی چالاکی و خۆپێشاندانی لە سەرانسەری پارێزگاکەدا راگەیاند، بۆیە جارێکی دیکە گردبوونەوەکە بۆ کاتێکی دیکە دواخرا.
رۆژی دووشەممە هەشتی حوزەیرانی 2026، لە پرۆگرامی "بەیاننامە بۆ گردبوونەوەی ئازادی" کە لە ئامەد بەڕێوەچوو و تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی، هاوسەرۆکانی پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان (دەبەپە)، پەرلەمانتارانی دەم پارتی و هاوسەرۆکانی شارەوانییەکان، تێیدا بەشداربوون، راگەیێندرا، بۆ "ئازادیی" ئۆجەلان، رۆژی 27ـی حوزەیران لە وان و مێرسین و رۆژی 28ـی حوزەیرانیش لە ئامەد و ئیستەنبووڵ گردبوونەوەکە ساز دەکرێت.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، دامەزرێنەر و رێبەری پەکەکەیە لە ساڵی 1999ـەوە لە زیندانی دوورگەی ئیمراڵی لە دەریای مەڕمەڕە، سزای زیندانی تاهەتایی قورسکراو بەسەر دەبات.
لە یەکی تشرینی یەکەمی 2024 بە بانگەوازێکی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەی زیندانیکراوی پەکەکە پرۆسەیەکی نوێی چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا دەستیپێکرد.
باخچەلی لە لێدوانێکیدا لە تشرینی یەکەمی 2024دا داوای چەکدانانی پەکەکە و پێدانی "مافی هیوا"ـی بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان کرد.
دوای ئەمە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 27ـی شوباتی 2025 ـدا بانگەوازێکی ئاراستەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کرد و تێیدا داوای هەڵوەشاندنەوەی رێکخستنەکە و دانانی چەکی کرد.
پەکەکە ـش بە بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانان، زنجیرەیەک هەنگاوی هاویشت.
رۆژی 12ـی ئایاری 2025، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی راگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچووبوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا. لە 11ـی تەممووزدا، گرووپێک لە گەریلاکانی پەکەکە چەکیان دانا.
پەکەکە لە 26ـی تشرینی یەکەمدا رایگەیاند، لە چوارچێوەی پڕۆسەکەدا دەستی بە کشانەوەی هێزەکانی لە تورکیا کردووە و ئەم بڕیارەش بە شێوەیەکی تاکلایەنە دراوە. رێکخراوەکە لە 16ـی تشرینی دووەمیشدا رایگەیاند، بەهۆی "مەترسیی پێکدادان" ـەوە لە ناوچەی زاپ ـی هەرێمی کوردستان کشاوەتەوە.
لەگەڵ راگەیاندنی بێدەنگکردنی چەکەکان، لە پەرلەمانی تورکیا "کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی" پێکهێندرا و لە پێنجی ئابی 2025 دەستی بە کارەکانی کرد.
سەرەڕای ئەم هەنگاوانە، هێشتا ئاستەنگ لەبەردەم پرۆسەکەدا ماوە؛ دەم پارتی و پەکەکە داوای هەنگاوی خێراتر و یاسایی دەکەن، لە بەرامبەریشدا حکومەتی تورکیا جەخت دەکاتەوە کە دەبێت سەرجەم دامەزراوەکانی پەکەکە لە ئەوروپا و وڵاتانی دیکە بە تەواوی هەڵبوەشێنرێنەوە.


.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)