رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی شارەوانیی شارۆچکەی بوجا سەربە پارێزگای ئیزمیری تورکیا کە لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیدا دەستبەسەرکرا و بە بڕیاری دادگە خرایە زیندانەوە، لەکارەکەی دوورخرایەوە.
گۆرکەم دومان، سەرۆکی شارەوانیی شارۆچکەی بوجا کە سەربە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) ـیە، دوای ئەوەی لە ئۆپەراسیۆنێکی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیدا دەستبەسەر کرا، رۆژی شەممە شەشی حوزەیرانی 2026 بە بڕیاری دادگە خرایە زیندانەوە.
رۆژی دووشەممە، 8ـی حوزەیرانی 2026، وەزارەتی ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، گۆرکەم دومان لەکارەکەی دوورخراوەتەوە.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە راگەیێندراوەکەیدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، دەڵێ: "گۆرکەم دومان، سەرۆکی شارەوانیی بوجا، دوای دەستپێکردنی لێکۆڵینەوە لەلایەن سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئیزمیرەوە، بە تۆمەتەکانی 'دامەزراندن و ئەندامبوون لە رێکخراوی تاوان، بەرتیل و گەندەڵی' و دەرچوونی بڕیاری دەستگیرکردن، لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە بەپێی مادەی 127ـی دەستوور و مادەی 47ـی یاسای شارەوانییەکان ژمارە 5393، بەشێوەیەکی کاتی لە پۆستەکەی دوورخراوەتەوە."
چی روویدا بوو؟
لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەکدا لەبارەی گەندەڵی کە سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئیزمیر بەڕێوەی دەبرد، تیمەکانی هۆبەی بەرەنگاربوونەوەی تاوانە داراییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگای ئیزمیر لە یەکی حوزەیرانی 2026ـدا لە چوار پارێزگا کە ئیزمیر ناوەندەکەی بوو، ئۆپەراسیۆنێکی هاوکاتیان ئەنجام دا.
لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکەدا بڕیاری دەستگیرکردن بۆ 62 کەس دەرکرا، کە لەنێویاندا گۆرکەم دومان، سەرۆکی شارەوانیی بوجا؛ ئەرهان کلچ، سەرۆکی پێشووی شارەوانی؛ جێگرانی سەرۆکی شارەوانی، بەڕێوەبەرانی پارتە سیاسییەکان، بەڕێوەبەران و کارمەندانی کۆمپانیاکانی سەر بە شارەوانی و ژمارەیەک بەڵێندەر هەبوون.
لە لێکۆڵینەوەکەدا ئاماژە بەوە کرابوو، کەسانێک لە شارەوانیدا هەبوون کە وەک "فەرمانبەری بن دیوار" ناسراون و بانگەشەی ئەوە دەکرا کە بێ ئەوەی دەوام بکەن مانگانە بە شێوەیەکی رێکخراو مووچەیان وەرگرتووە و گومانێکی بەهێز هەبوو کە گومانلێکراوان ئەم کارانەیان لەژێر چەتری رێکخراوێکی تاوانکاریدا ئەنجام داوە.
دەستگیرکراوان، دوای تەواوبوونی رێکارەکانیان لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایش، بە ئەنجامدانی رێوشوێنی ئەمنیی تووند رەوانەی دادگەی ئیزمیر کران. 51 گومانلێکراو کە دومان، سەرۆکی شارەوانی یەکێک بوو لەوان، بە داوای زیندانیکردن و سێ گومانلێکراوی دیکەش بە داوای چاودێریی دادوەری رەوانەی دادگە کران.
دادگە بڕیاری زیندانیکردنی بۆ 42 گومانلێکراو دەرکرد کە لەنێویاندا گۆرکەم دومان، سەرۆکی شارەوانی؛ ئەرهان کلچ، سەرۆکی پێشووی شارەوانی و چاغداش کایا، سەرۆکی پێشووی رێکخستنی جەهەپە لە بوجا هەبوون، هەروەها 12 گومانلێکراو بە مەرجی چاودێریی دادوەری ئازاد کران.
لە چوارچێوەی ئەو لێکۆڵینەوانەی لە ساڵی 2025 ـەوە بە تۆمەتی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، پێدانی بەرتیل و هەبوونی ساختەکاری لە تەندەرەکاندا لەسەر شارەوانییەکانی سەر بە جەهەپە چڕبوونەتەوە و جەهەپە رەتیان دەکاتەوە، لە ئیستەنبووڵ لانیکەم 400 کەس رووبەڕووی رێکاری یاسایی بوونەتەوە. بە گشتی 16 سەرۆک شارەوانیی جەهەپە خراونەتە زیندانەوە و یەک سەرۆک شارەوانیش لە ماڵەوە دەستبەسەرە.
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
