رووداو دیجیتاڵ
دامەزراوەی ئاماری تورکیا (تویک) نوێترین ئامارەکانی هەڵاوسانی بۆ مانگی ئایاری ئەم ساڵ بڵاوکردەوە؛ بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان هەڵاوسانی ساڵانە گەیشتووەتە سەروو 32%، بەڵام ناوەندە سەربەخۆکان باس لە رێژەیەکی زۆر بەرزتر دەکەن.
رۆژی هەینی، 5ـی حوزەیرانی 2026، دامەزراوەی ئاماری تورکیا رایگەیاند، لە مانگی ئایاردا رێژەی هەڵاوسان لە تورکیا و باکووری کوردستان 1.71% بەرزبووەتەوە، بەمەش ئاستی هەڵاوسانی ساڵانە گەیشتووەتە 32.61%.
هاوشانی ئامارە فەرمییەکان، گرووپی لێکۆڵینەوەی هەڵاوسان (ENAG) کە دامەزراوەیەکی سەربەخۆیە، راپۆرتی خۆی بڵاوکردەوە و تێیدا جیاوازییەکی زۆر لەگەڵ داتاکانی حکومەت دەبینرێت. بەگوێرەی ENAG، هەڵاوسان لە مانگی ئایاردا 2.16% بووە و لەسەر ئاستی ساڵانەش گەیشتووەتە 53.13%.
بڵاوکردنەوەی ئەم ئامارانە تەنیا ژمارە نین، بەڵکو راستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر بژێوی هاووڵاتییان هەیە. بەگوێرەی یاسا، لە تورکیا کرێی خانوو و شوێنە بازرگانییەکان بەپێی تێکڕای هەڵاوسانی 12 مانگی رابردوو زیاد دەکرێن.
بەپێی داتاکانی "تویک"، بۆ مانگی ئایار، بەرزترین رێژەی زیادکردنی کرێ گەیشتووەتە 32.24%، ئەمەش بارگرانییەکی نوێ دەخاتە سەر شانی کرێنشینان لە تورکیا و باکووری کوردستان.
.jpg&w=3840&q=75)


