رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) باسی پرۆسەی چارەسەری کرد و رایگەیاند، ئاستەنگی زۆریان لابردووە و رێگەی دووریان بڕیوە.
لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی کە سێشەممە 2-6-2026 لە پەرلەمانی تورکیا بەڕێوەچوو، دەولەت باخچەلی گوتاری پێشکێشکرد و بەشێک لە گوتەکانی تایبەت بوون بە پرۆسەی چارەسەری.
سەرۆکی مەهەپە رایگەیاند، لە سیاسەتدا باوەڕیان بە پرەنسیپ، رەوشتی سیاسی، ژیری و دانایی هەیە و گوتی: "ئارەزوو دەکەین لەڕێگەی تورکیای بێ تیرۆرەوە ئەم پرەنسیپانەمان لەگەڵ دیدگەی داهاتوو یەکبخەین. لە هەوڵی ئەوەداین تیرۆر لەم خاکەدا بە تەواوی بکەینە دەرەوە، هەروەها سەقامگیری بۆ ناوچەکەمان بهێنین و ئامانجەکانی داگیرکاری بخەینە تەنەکەی خۆڵەوە. لە رێگەی گەیشتن بە ئامانجەکانی تورکیای بێ تیرۆر و ناوچەی بێ تیرۆر، ئاستەنگی زۆرمان لابرد و رێگەمان بڕی".
باخچەلی هەروەها پێداگریی هاوپەیمانیی جمهووری لەسەر بەڕێوەبردنی پرۆسەی چارەسەری دووپاتکردەوە و رایگەیاند کە لەڕێی ئاشتی و برایەتییەوە تورکیا بەهێز دەکەن.
هاوپەیمانیی جمهوور رۆژی 20-2-2018 لە نێوان ئاکپارتی و مەهەپە واژۆکرا. هەرچەندە پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ و هوداپاریش لە هەڵبژارنە پەرلەمانییەکەی 2023پشتیوانیی خۆیانیان بۆ ئەو هاوپەیمانیی راگەیاند، بەڵام پشتگیرییەکە تایبەت بە هەڵبژاردن بوو.
بەگوێرەی دوایین گۆڕانکارییەکان، لە کۆی 600 کورسیی پەرلەمانی تورکیا، هاوپەیمانیی جمهوور 321 کورسیی هەیە؛ ئاکپارتی 275 و مەهەپە 46 کورسییان هەیە.

