رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دادی تورکیا دەڵێ، لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری، ئەگەر بڕیاری چەکدانانی پەکەکە بچێتە واری جێبەجێکردنەوە، گۆڕانکاریی نوێ لە یاساکاندا دەکرێ؛ هەروەها ئاسانکاری بۆ زیندانییان و ئەو کەسانە دەکرێ کە چەک دادەنێن و دەگەڕێنەوە.
ئاکن گورلەک، وەزیری دادی تورکیا، لە بەرنامەیەکی راستەوخۆی کەناڵێکی تەلەڤزیۆنی تورکیادا وەڵامی چەند پرسیارێکی لەبارەی هەنگاوە یاساییەکانی پرۆسەی چارەسەری دایەوە.
وەزیری دادی تورکیا رایگەیاند، دوای ئەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی تورکیا بڕیاری چەکدانانی پەکەکە پشتڕاست دەکاتەوە و لە رۆژنامەی فەرمیدا بڵاودەکرێتەوە، ئیدی رێکارە یاساییەکان بۆ زیندانییان و ئەو کەسانەی چەک دادەنێن و دەگەڕێنەوە تورکیا بە فەرمی دەستپێدەکەن.
گورلەک راشیگەیاند، "دەستەی بەدواداچوون و هەڵسەنگاندن" یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامداوە و لیژنەی لاوەکی پێکهێناوە؛ گوتیشی: "ئەم دەستەیە بەردەوام چاودێریی پرۆسەکە دەکات؛ ئەگەر پێویست بکات، راپۆرت پێشکێش دەکەن بۆ ئەوەی هەموارکردنەوەی نوێ لە یاساکانی سزادان و جێبەجێکردنی سزاکاندا بکرێ."
وەزیری داد تیشکی خستە سەر تێچووی شەڕ لە چەند دەیەی رابردوودا و گوتی: "تاوەکو ئێستا بەهۆی تیرۆرەوە 2.3 تریلیۆن دۆلار زیان بە ئابووریی وڵات گەیشتووە. ئێمە تەنیا لەڕووی ئەمنییەوە نا، بەڵکو لەڕووی ئابووریشەوە زیانی گەورەمان بەرکەوتووە."
ئاکن گورلەک باسی لە کاریگەریی ئاشتی لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی و گەشتیاری کرد و نموونەیەکی لە باکووری کوردستانەوە هێنایەوە و گوتی: "لە سەردانێکمدا بۆ ناوچەکە، هاووڵاتییەک پێی گوتم پێشتر تەنیا دەمانتوانی سەیری شکۆ و هەژموونی چیای ئاگری بکەین، بەڵام ئێستا دەچین لە بنارەکەیدا سەیران دەکەین. ئەم قسەیە کاریگەرییەکی زۆری لێکردم. لە تونجەلی (دێرسم) چەمی مونزور هەیە، بۆچی خەڵکی ئێستا نەچن لەوێ کاتەکانیان بەسەرببەن؟"
گورلەک هۆشداری دا لە مەترسیی بڵاوبوونەوەی شەڕ لە ناوچەکەدا و گوتی: "مەترسیی شەڕ لە دەوروبەرمان هەیە، بەڵام تاوەکو یەکڕیزیی خۆمان بپارێزین، کەس ناتوانێت ئارامیمان تێکبدات. ئەم پرۆسەیەی لە تورکیا دەستیپێکردووە، لە سووریاش دەنگدانەوەی دەبێت."
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)