رووداو دیجیتاڵ
بڕیاری سەرۆککۆماری تورکیا سەبارەت بە لێخۆشبوون لە ڤیزا بۆ ئەو هاووڵاتییە سوورییانەی کە هەڵگری پاسپۆرتی دیپلۆماسین، لە رۆژنامەی فەرمیی تورکیا بڵاوکرایەوە، گۆڕانکاریش لە پێدانی ڤیزە بە هەڵگرانی پاسپۆرتی سووری کرا.
بەپێی ئەو بڕیارەی کە ئەمڕۆ هەینی 28ی ئابی 2026 لە رۆژنامەی فەرمیی تورکیا بە واژۆی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بڵاوکراوەتەوە، هەڵگرانی پاسپۆرتی دیپلۆماسیی سووری لە کاتی دەستبەکاربوونیان لە ئەرکە دیپلۆماسییەکان لە تورکیا، یان بۆ مەبەستی گەشتیاری و تێپەڕبوونی ترانزێت بۆ ماوەی 90 رۆژ لە چوارچێوەی هەر 180 رۆژێکدا، لە وەرگرتنی ڤیزە دەبەخشرێن.
لەلایەکی دیکەوە رۆژی چوارشەممە 26ی ئابی 2026، باڵیۆزخانەی تورکیا لە دیمەشق رایگەیاند، مەرجی "گەشتکردن بە رێگەی ئاسمانی" لەسەر وەرگرتنی ڤیزە بۆ هاووڵاتییانی سووریا هەڵگیراوە و لەمەودوا دەتوانن لە رێگەی دەروازە سنوورییە وشکانییەکانیشەوە سەردانی تورکیا بکەن.
پێشتر بە هۆکاری ئەمنی و کۆنترۆڵکردنی هاتووچۆی سەر سنوورەکان بە مەرجی "گەشتکردن بە رێگەی ئاسمانی" تورکیا ڤیزەی بە هەڵگرانی پاسپۆرتی سووری دەدا.
لە چوارچێوەی بڕیارە نوێیەکەدا، ئەو ڤیزا دیپلۆماسی و ئاساییانەی کە لەلایەن نوێنەرایەتییەکانی تورکیا لە دەرەوە دەدرێن بە هەڵگرانی پاسپۆرتی سووری، سەرەڕای دەروازە ئاسمانییەکان، لەمەودوا لە تەواوی دەروازە سنوورییە وشکانییەکانیشدا کارا دەبن و دەتوانرێت بەکاریان بهێنن.
لەگەڵ دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دبلۆماسییەکانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق و کرانەوەی باڵیۆزخانەی تورکیا لە سووریا، رێکارەکانی بەستنەوەی سنوورەکان و ئاسانکارییەکانی هاتووچۆ لە نێوان هەردوو وڵاتدا گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە.
تورکیا خاوەن سنوورێکی 911 کیلۆمەترییە لەگەڵ سووریا و 11 دەروازەی سنووری لەنێوان هەردوو وڵات هەیە، کە تەنیا 6 لەو دەروازانە چالاکن.

.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)