رووداو دیجیتاڵ محەممەد ئوچوم، راوێژکاری باڵای سەرۆککۆماری تورکیا لە ئێکسێکدا دەڵێ، نابێت مادەی 90ی دەستووری وڵاتەکەی بکرێتە بنەما بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا. ئەمە لەکاتێکدا تورکیا واژۆی لەژێر پەیماننامەی مافی مرۆڤی ئەورووپا کردووە و بەوپێیە دەبێت بڕیارەکانی ئەو دادگەیە جێبەجێ بکات. لەو ئێکسەیدا کە شەوی رابردوو 26-8-2026 لە هەژماری خۆیدا بڵاویکردووەتەوە، محەممەد ئوچوم نووسیویەتی: "دوایین حوکمی ماددەی 90ی دەستوور ناتوانرێت وەک بنەمایەک بۆ پابەندکردنی بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا نیشان بدرێت". ئوچوم یەکەمین رستەی دوابڕگەی ماددە دەستوورییەکەی نووسیوەتەوە کە دەڵێت: "ئەو رێککەوتننامە نێودەوڵەتییانەی بەگوێرەی رێکارەکان لە حوکمی یاسادان خراونەتە بواری جێبەجێکردنەوە، ناتوانرێ بە بانگەشەی دژبوونیان لەگەڵ دەستووردا، داواکاری پێشکێشی دادگەی دەستووری بکرێت." ئەو راوێژکارەی سەرۆککۆماری تورکیا هەروەها نووسیویەتی: "بەگوێرەی ماددەی 90ی دەستووریش: لە کاتی دروستبوونی ناکۆکیدا بەهۆی ئەوەی یاساکان و رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانی پەیوەست بە ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکان کە بەپێی رێکارەکان خراونەتە بواری جێبەجێکردنەوە، لەسەر هەمان بابەت حوکمی جیاواز لەخۆ دەگرن، حوکمەکانی رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان دەکرێنە بنەما." محەممەد ئوچوم رەخنەی لەو لایەنانە گرت کە بە پێویستی دەزانن تورکیا پابەندی بریارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا بێت و دەڵێت: "هەندێک لایەن ناچاریی پابەندبوون بە بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا دەبەستنەوە بەم حوکمەوە. لە کاتێکدا ئەم رێکخستنە یاساییە پەیوەندی بە بڕیارە دادوەرییەکانەوە نییە، بەڵکو بەتەواوی پەیوەستە بە ناکۆکیی نێوان یاساکان. مەرجی پێشوەختە بۆ جێبەجێکردنی ئەم حوکمە؛ دروستبوونی ناکۆکییەکی راستەوخۆیە لە نێوان حوکمەکانی یاسایەک و رێککەوتننامەیەکی پەیوەست بە ماف یان ئازادییە بنەڕەتییەکان. کاتێکیش ناکۆکی دروست دەبێت، پێویستە حوکمەکانی رێککەوتننامەکە بکرێنە بنەما. ئەوانەش کە ئەمە دەکەنە بنەما، بێگومان دامەزراوە نیشتمانییەکانن. ئەگەر ئەم ناکۆکییە لە پراکتیکی دەسەڵاتی جێبەجێکردندا دەربکەوێت، ئەوا دەسەڵاتی جێبەجێکردن و ئەگەر لە چالاکییە دادوەرییەکاندا روو بدات، ئەوا دەسەڵاتی دادوەری بەگوێرەی ئەم حوکمە هەڵسەنگاندن دەکات. واتا ئەم رێکخستنە هیچ پەیوەندییەکی بە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپاوە نییە". محەممەد ئوچوم، راوێژکاری باڵای سەرۆککۆماری تورکیا روونکردنەوەکانی لەمبارەیەوە لە سێ خاڵدا چڕکردووەتەوە کە ئەمانەن: یەکەم: هەرچەندە بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا بەگوێرەی رێککەوتننامەی مافی مرۆڤی ئەورووپی و پرۆتۆکۆڵە پاشکۆکانی دەردەچن، بەڵام ئەم دۆخە ناسنامەی رێککەوتننامەیەکی نێودەوڵەتیی پەیوەست بە ماف و ئازادییەکان بە بڕیارەکانی ئەو دادگەیە نابەخشێت. بڕیاری دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا بڕیارێکی دادگەیە، نەک حوکمێکی رێککەوتننامە. کەواتە، ناتوانرێت حوکمێکی دەستوور کە بۆ ناکۆکیی نێوان نۆرمەکان داڕێژراوە، وەک بنەمایەک بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا نیشان بدرێت. دووەم: بە هیچ شێوەیەک ناکۆکییەکی راستەوخۆ لە نێوان بڕیارێکی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا و حوکمی یاسایەکدا لە ئارادا نییە، چونکە بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا کە لە ئەنجامی سکاڵای تاکەکەسییەوە دروست دەبن، تەنیا بەسەر بڕیارێکی دادگەدا دەردەچن. دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا ناتوانێت راستەوخۆ بڕیار لەسەر یاسایەکی کارپێکراوی وڵاتێک بدات. بەڵکو تەنیا لە رێگەی ئەو بڕیارە دادوەرییەی لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکات، ئەگەر حوکمێکی یاسایی هەبێت کە دژی حوکمەکانی رێککەوتننامەی ئەورووپیی مافەکانی مرۆڤ و پرۆتۆکۆڵە پاشکۆکانی بێت، دەتوانێت ئاماژەی پێ بکات. ئەمەش بەو مانایە نییە، کە ناکۆکییەکی راستەوخۆ لە نێوان رێککەوتننامە و یاسادا هەبێت. سێیەم: کاتێک دادگەیەک بەهۆی بڕیارێکی پێشێلکاریی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپاوە دۆسیەیەکی پەیوەست سەرلەنوێ تاوتوێ دەکات و بڕیاری پێشووی خۆی پشتڕاست دەکاتەوە، ئەمە بە مانای دروستبوونی ناکۆکی لە نێوان حوکمێکی یاسا و رێککەوتننامەیەکدا نییە. لەم ئەگەرەدا، هۆکاری وەرنەگرتنی بڕیارەکەی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا لە بنەڕەتدا، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو رێکخستنانەی لە یاسای بنەماکانی دادگەییکردنی سزادان و یاسای بنەماکانی دادگەییکردنی شارستانیدا هەن. واتا دادگەکان بەگوێرەی جۆری داواکە، دروستیی بڕیارەکانی خۆیان بەگوێرەی حوکمەکانی یاسای دادگەییکردن (ماددەی 323) یان یاسای دادگەییکردنی شارستانی (ماددەی 380) پشتڕاست دەکەنەوە. محەممەد ئوچووم دەڵێت: "ئەم پشتڕاستکردنەوەیە بە هیچ شێوەیەک ناکۆکیی یاسایی لەگەڵ دوایین رستەی ماددەی 90ی دەستوور دا نییە. هەر بۆیە دۆخێکی دژ بە دەستوور دروست نابێت. کەواتە، پێشاندانی ناچاریی پابەندبوون بە بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا لەسەر بنەمای حوکمی ئاماژەپێکراوی دەستوور، یان نەزانینە یان شێواندنێکی بەئەنقەستە." ئەم گوتانەی محەممەد ئوچوم لەکاتێکدایە کە دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا لە چەند دۆسیەیەکدا بریاری داوە، بەڵام تورکیا رەتیکردووەتەوە جێبەجێیان بکات. دیارترینیان دۆسیەی سەڵاحەدین دەمیرتاشە کە لە 2016ــەوە لە زیندانە. دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا سێ جار بریاری ئازادکردنی دەمیرتاشی دەرکردووە بڕیاری 20ـی تشرینی دووەمی 2018 دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا بڕیاری دا تورکیا مادەی 5، بڕگەی 3ی رێککەوتنی مافەکانی مرۆڤی ئەورووپای پێشێل کردووە. راشیگەیاند، ئەوە پەیوەندیی بە مافی دادگەییکردن لە ماوەیەکی گونجاو و دادگەییکردنی بێ دەستگیرکردنەوە هەیە. هەروەها رایگەیاند، تورکیا مادەی 18 و مادەی 3ی پرۆتۆکۆلی ژمارە 1ی رێککەوتنی مافی مرۆڤی ئەورووپای پێشێلکردووە. دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا داوای دەستبەجێ ئازادکردنی دەمیرتاشی کرد، بەڵام تورکیا پابەندی بڕیارەکە نەبوو. بڕیاری 22ی کانوونی یەکەمی 2020 ئەو بڕیارە لەلایەن لیژنەیەکی دادوەری درا کە لە 17 دادوەر پێکهاتبوو. رایگەیێندرا کە دەمیرتاش لە 20ی ئەیلوولی 2019ـەوە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەک لەبارەی خۆپێشاندانەکانی 6-8ی تشرینی یەکەمی 2014 دەستگیرکراوە. دادگەکە رایگەیاند، هێشتنەوەی دەمیرتاش پێشێلکردنی مافەکانییەتی. هەروەها پێشێلکردنی پابەندبوونی تورکیایە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا. دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا بڕیاری دا، دەوڵەتی تورکیا دەبێت هەموو رێوشوێنێکی پێویست بگرێتەبەر بۆ دڵنیابوون لە ئازادکردنی دەستبەجێی دەمیرتاش. راشیگەیاند، حکومەتی تورکیا ناتوانێت بیسەلمێنێت دەمیرتاش تاوانی کردووە و زیندانیکردنەکەشی بە بێ بنەما ناوبرد. بڕیاری 8ی تەممووزی 2025 دوایین بڕیاری دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا لەبارەی دەمیرتاش پەیوەندیی بە رووداوەکانی ساڵی 2014ــی کۆبانێ هەیە. دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا لە بڕیارەکەیدا جەختی لەوە کردەوە کە بنەماکانی بڕیاری دەستگیرکردنەکە کۆنکریتی نەبووە و هیچ پەیوەندیش لە نێوان رووداوەکانی 2014 و تۆمەتەکانی دژی دەمیرتاش نییە. بۆچی دەبێت تورکیا پابەندی بڕیارەکە بێت؟ تورکیا 18ی ئایاری 1954 واژۆی لەسەر بەڵێننامەی مافی مرۆڤی ئەوروپا کردووە و خستوویەتییە بڕگەی 90ی دەستووری وڵاتەکەیەوە. بەپێی ئەو واژۆیە و دەستووری وڵاتەکەی، تورکیا دەبێت بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەوروپا وەکو خۆیان جێبەجێ بکات.
تورکیا27-08-2026وەزارەتی بەرگریی تورکیا پێشوازی لە تێکەڵکردنی هەسەدە و دامەزراوە سەربازییەکانی سووریا دەکات