سیپان رۆژهەڵاتی
ناکۆکییەکی گەورە لەنێو پارتی گەلی کۆماریی تورکیا (جەهەپە) دروستبووە، ئەوەش بەهۆی بڕیارەکانی ئەم دواییەی دادگەوە.
ئینان ئاکگیون، یەکێک لە کارەکتەرە سیاسییەکانی نێو جەهەپە، لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 15:00ی تۆڕی میدیایی رووداو وردەکاریی ئەو قەیرانە سیاسییەی خستەڕوو و رایگەیاند: "دادگە بڕیاری دا کۆنگرەی 38ەمی جەهەپە بەهۆی رێزنەگرتن لە ویستی نوێنەرانەوە پووچەڵە. دەنگۆ هەن باس لەوە دەکەن لە رێگەی پارە و بە پێدانی بەڵێنی دامەزراندنی خزم و کەسی نوێنەران لە شارەوانییەکان، ئەنجامەکان گۆڕدراون."
بەپێی بڕیارەکە، هەموو ئەو گۆڕانکارییانەی لە سەردەمی ئۆزگول ئۆزەل کراون، هەڵوەشاونەتەوە و دەبێت دەستەی کارگێڕی پێشوو کارەکان بگرێتەوە دەست. ئاکگیون ئاماژە بەوە دەکات، ئۆزەل خۆی پابەندی بڕیارەکە کردووە و ئێستا تەنیا سەرۆکی فراکسیۆنی پارتەکەیە لە پەرلەمان.
ئاکگیون ئاماژەی بە "ئەگەری جیابوونەوەی بەشێکی جەهەپە" کرد و رایگەیاند: "چی دیکە شاراوە نییە کە هەندێک لە ئەندام و بەرپرسانی ئێستای پارتەکە کە تێوەگلاون لە پرسەکانی کۆنگرە، وا هەست دەکەن ناتوانن لەژێر چەتری جەهەپەدا بمێننەوە."
ئاکگیون وتی: "ئەو هاوڕێیانەمان کە دەزانن دەرفەتی بەستنی کۆنگرەی نوێیان بەو شێوەیە نییە، رەنگە لە داهاتوویەکی نزیکدا دەست لەکاربکێشنەوە و بڵێن 'رێگەی دیکەی سیاسەتمان بۆ نەماوە'. ئەمە ئاماژەیەکی روونە بۆ ئەوەی جەهەپە بەرەو پارچەبوون دەچێت و هەوڵ بۆ دامەزراندنی قەوارەیەکی سیاسی نوێ لە ئارادایە."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئاکگیون تیشکی خستە سەر نیگەرانییەکان سەبارەت بە پرسی ئاشتی و کێشەی کورد لە تورکیا و گوتی: "کەمال کڵچدارئۆغڵو ئەو سەرۆکەیە کە لە ساڵانی 2013-2015 'چەکی سپی' و پشتیوانی بێ مەرجی دایە پرۆسەی چارەسەری. بە گەڕانەوەی، ئیدی جەهەپە لە پرسی کورددا ئازاتر و راشکاوتر دەبێت و پێشەنگی چارەسەری دەگرێتە دەست."
پارتی گەلی کۆماری (CHP) گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا، ڕووبەڕووی گەورەترین لێکترازان و قەیرانی یاسایی دەبێتەوە لە مێژووی هاوچەرخی خۆیدا. دوای بڕیارێکی دادگەی پێداچوونەوە، کۆنگرەی ساڵی 2023ی ئەو پارتە بە "پووچەڵ" هەژمار کرا و کەمال کڵچدارئۆغڵو وەک سەرۆکی گشتی گەڕایەوە سەر کورسییەکەی.