رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی تورکیا تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لەگەڵ دامەزراوەکانی سووریا بە گرنگ ناودەبات و جەخت لە بەردەوامیی پشتیوانیی سەربازیی وڵاتەکەی بۆ دیمەشق دەکاتەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 27ی ئابی 2026 زەکی ئاکتورک، راوێژکاری رۆژنامەڤانی و گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی هەفتانەیدا هەڵوێستی وەزارەتەکەی لەبارەی تێکەڵکردنی هەسەدە و دامەزراوە سەربازییەکانی سووریا خستەڕوو.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند: "هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە و تێکەڵکردنی لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریا، لە روانگەی پاراستنی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سووریا و بەهێزکردنی تێگەیشتنی (یەک دەوڵەت، یەک سوپا) پێشهاتێکی گرنگە."
ئاکتورک ئاماژە بەوە کرد، تورکیا لە چوارچێوەی رێککەوتنامەی هاوکاریی سەربازییدا بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردن و پەرەپێدانی تواناکانی سوپای سووریا.
تورکیا، یەپەگەی پێکهێنەری سەرەکی هەسەدەی بە درێژکراوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە سووریا دەبینی و داوای دەکرد هەسەدە پابەندی بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بێت بۆ خۆهەڵوەشاندنەوە.
رۆژی 25ـی ئابی 2026، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە رایگەیاند، هەسەدە وەک هێزێکی سەربازیی سەربەخۆ نامێنێت و تێکەڵی دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریا بوو.
سەبارەت بە پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد کە لای بەرپرسانی تورکیا بە پرۆسەی (تورکیای بێ تیرۆر) ناسراوە، گوتەبێژی وەزارەتەکە گوتی:"بەڕێوەچوونی دروست و سەقامگیری پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر بایەخێکی زۆری هەیە. وەزارەتەکەمان بە هاوئاهەنگی دامەزراوە پەیوەندیدارەکان، بەردەوام دەبێت بۆ دیاریکردن و پشتڕاستکردنەوەی کۆتاییهاتن بە رێکخراوی تیرۆریستییەکە و رادەستکردنی تەواوی چەک و تەقەمەنییەکانیان".
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)