رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا دڵنیایی دا لەوەی ئاکپارتی و مەهەپە هەروەک چۆن تاوەکو ئێستا پێداگربوون لەسەر پرۆسەی چارەسەری، لەمەودواش هەوڵ بۆ بونیاتنان، لەباوەشگرتن و یەکخستن دەدەن.
کۆبوونەوەی کابینەی کۆماریی تورکیا ئەمڕۆ 1-6-2026 لە ئەنقەرە بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بەڕێوەچوو.
ئەردۆغان تەوەرەکانی رۆژەڤی لەگەڵ وەزیرانی وڵاتەکەی تاوتوێ کرد و لەبارەی پرۆسەی چارەسەری گوتی: "لە سەرووی هەموویانەوە پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر؛ لە تەواوی پرسە پەیوەندیدارەکان بە 86 ملیۆن دانیشتووانی وڵاتەکەمان، پێویستە لە زەوینەی هاوبەش کۆببنەوە، بسازێن و یەکێتی دروست بکەن".
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کە هاوکات سەرۆکی ئاکپارتیشە رایگەیاند، پارتەکەی و پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) کە لە نێو هاوپەیمانیی جمهوورن، لە هەوڵی ئەرێنییان بۆ پرۆسەی چارەسەری بەردەوام دەبن.
سەرۆککۆماری تورکیا هەروەها گوتی: "بە دوورگرتنی پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر لە هەر جۆرە دەمەقاڵێیەک، رۆڵگێڕانی دڵسۆزانە لە دۆزینەوەی چارەسەر، ئەرکی دامەزراوەی سیاسییە. ئێمە وەکو دەسەڵات و هاوپەیمانی، هەروەک چۆن هەتا ئەمڕۆ وامانکردووە، لەمەودواش هەوڵ بۆ بونیاتنان، لەباوەشگرتن و یەکخستن دەدەین. کاتێک ئەمە دەکەین، بەرژەوەندیی گەلەکەمان پێشینە دەبێت و ئایندەی تورکیا دەخەینە سەرووی هەموو تێبینییە سیاسییەکان".
پرۆسەی چارەسەری رۆژی یەکی تشرینی یەکەمی 2024 بە بانگەوازێکی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە دەستیپێکرد. دواتر 27ی شوباتی 2025، ئۆجەلان داوای لە پەکەکە کرد چەک دابنێ و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.
رۆژی 12ی ئایاری 2025، پەکەکە بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.
لە 11ـی تەممووزی 2025 دا گرووپێک لە گەریلاکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان بە شێوەی سیمبوولی چەکیان سووتاند.
دواتر (کۆمیسیۆنی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی) لە پەرلەمانی تورکیا پێکهێندرا و لە 5ی ئابی 2025 دەستی بە کارەکانی کرد. ئەو کۆمیسیۆنە رۆژی 18-02-2026 راپۆرتی هاوبەشی فراکسیۆنەکانی پەسند کرد. ئێستا چاوەکان لەسەر هەنگاوی یاسایی و چەکدانانی کردەیی پەکەکەن.

