رووداو دیجیتاڵ
کەمال کڵچدارئۆغڵو کە ئێستا بە بڕیاری دادگە سەرۆکی جەهەپەیە، دوای سێ ساڵ بۆ جەژنە پیرۆزە بەرەو بارەگای پارتەکەی رۆیشت و لایەنگرانی گوڵبارانیان کرد، چاوەڕێ دەکرێ کڵچدارئۆغڵو ئاراستەی جەهەپە بگۆڕێت.
کڵچدارئۆغڵو لە رێوڕەسمەکەدا رایگەیاند، "ئێستا بەمن دەڵێن چی دەکەیت؟ روونە چی دەکەم، من لێپرسینەوە دەکەم! با هەمووان بزانن... دواتریش لە کورتترین ماوەدا سندووقی کۆنگرە دەهێنمە بەردەمتان. کۆنگرەیەکی پاک دەکەین".
ئۆزگور ئۆزەل کە بە بڕیاری دادگە پۆستی سەرۆکی جەهەپەی لێسەندراوەتەوە، بە قەرەباڵخییەکی زۆر گەورەتر لە گۆڕەپانی تاندۆغانی ئەنقەرە جەژنە پیرۆزەی کرد. لایەنگرانی ئۆزەل لە پارێزگاکانی دیکەشەوە چوونە ئەنقەرە.
ئۆزەل خۆی و ستافەکەی بە جەهەپەی هەڵبژێردراو ناساند و گوتی: "کڵچدارئۆغڵو و ستافەکەی جەهەپەی دامەزرێندراون".
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی دوورخراوەی جەهەپە گوتی، "ئەوان جەهەپەیەکیان ناوی بەرەو دەسەڵات دەڕوا، بەڵکو جەهەپەیەکیان دەوێ کە لەگەڵ دەسەڵات بڕوات. چی زووە کۆنگرەیەک ببەستن. با پارتەکەمان بگاتە سەرۆکێکی هەڵبژێردراو".
ئۆزگور ئۆزەل لەگەڵ بەرپرسان و لایەنگرانی دەست لە ناو دەست رێپێوانیان کرد. بەرەو گۆڕی مستەفا کەمال ئەتاتورک، دامەزرێنەری جەهەپە و کۆماری تورکیا چوون. ئۆزەل کە ئێستا بە بڕیاری دادگە سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپەیە، ئاکپارتی تۆمەتبار کرد.
ئۆزەل گوتی، "کودەتای کۆشک کرا. ئەگەر لە جەهەپە سندووق نەمینێت، لە تورکیاش شتێک بەناوی سندووق نامێنێت. خاوەنداریکردنی ئەم سنووقە ئەرکی گەلە نەوەک پارتی گەلی کۆماری".
لە مێژووی جەهەپە کە ساڵی 1923 لەلایەن مستەفا کەمال ئەتاتورکەوە دامەزرێندراوە، دووبەرەکیی لەمجۆرە نەبینراوە.
کڵچدارئۆغڵو بەڵێنی بە لایەنگرانی دا کە چاکسازی و پاکسازی بکات، ئۆزگور ئۆزەل و لایەنگرانیشی لەسەر گۆڕی ئەتاتورکەوە، داوای سەرۆکێکیان کرد کە لە کۆنگرەوە هەڵبژێردرێت.