رووداو دیجیتال
وەزیری ناوخۆی سووریا دەستگیرکردنی ئەفسەرێکی پێشووی رژێمی بەشار ئەسەدی راگەیاند کە بە پلاندانەر و فەرماندەری کۆمەڵکوژیی (بۆسەی عوتەیبە) بووە لە ساڵی 2014.
رۆژی پێنجشەممە، 19ـی تشرینی دووەمی 2026، ئەنەس خەتاب، لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "عەمیدی تاوانبار رەواد زێدان، پلاندانەر و فەرماندەری کۆمەڵکوژیی بۆسەی عوتەیبە لە غووتەی رۆژهەڵات (لە نزیک دیمەشق) لە ساڵی 2014، کەوتە دەستی دەزگا ئەمنییەکانمان."
وەزیری ناوخۆی سووریا ئاماژەی بەوەش کردووە، هیچ کەسێک ناتوانێت ئەو ساتە بەئازارە لەبیر بکات کە شارۆچکەی عوتەیبە (لە ناوچەی غوتەی رۆژهەڵاتە) بەخۆیەوە بینی و گوتی: "نە ئەو ساتە بەئازارە و نە گیانی ئەو شەهیدانەش لەبیر ناکرێن کە لە کۆمەڵکوژیی 'بۆسەی عوتەیبە' شەهید بوون و زیاتر لە 150 شەهیدی لێکەوتەوە."
کۆمەڵکوژیی بۆسەی عوتەیبە، یەکێک بوو لە خوێناویترین بۆسەکانی سەردەمی شەڕی ناوخۆیی سووریا.
بۆسەکە لە بەرەبەیانی رۆژی 26ـی شوباتی 2014 لە نزیک دەریاچەی عوتەیبە لە لێواری رۆژهەڵاتی غوتەی رۆژهەڵات (لە دەوروبەری دیمەشق) دانرابوو.
لەو کاتەدا غووتەی رۆژهەڵات لەژێر گەمارۆیەکی توندی هێزەکانی رژێمی پێشووی سووریادا بوو. ژمارەیەکی زۆر لە چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆن (بەتایبەت لە بەرەی نوسرە و جەیشولئیسلام) لەگەڵ ژمارەیەک خەڵکی سڤیل و خێزانەکانیان هەوڵیان دەدا بە شەودا گەمارۆکە بشکێنن و بەرەو ناوچەی قەلەموون بڕۆن بۆ هێنانی چەک، پێداویستی و رزگاربوون لە گەمارۆ و برسیەتی.
هێزەکانی سەر بە سوپای رژێمی بەشار ئەسەد بە هاوکاری و هاوئاهەنگی راستەوخۆی چەکدارانی حیزبوڵڵای لوبنانی پێشوەختە زانیارییان لەسەر ئەو رێڕۆیە هەبوو و بۆسەیەکی تۆکمەیان بە بۆمبی چێندراو و چەکی قورس بۆ دانابوونەوە.
کەناڵی ئەلمەناری سەر بە حیزبوڵڵای لوبنانی و میدیاکانی رژێمی ئەسەد دیمەنی تەقینەوەکان و تەرمی کوژراوەکانیان بڵاوکردەوە، کە کاردانەوەیەکی گەورەی لێکەوتەوە، بەتایبەت بەهۆی بوونی ژمارەیەک منداڵ و خەڵکی سڤیل لەنێو کاروانەکەدا.


