رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی سووریا رایانگەیاند، رۆژی پێنجشەممە تەقینەوەیەک لە بۆرییەکی گازی رۆژهەڵاتی وڵاتەکەدا روویداوە، ئەمەش دوای "زنجیرەیەک هێرشی تێکدەرانە" دێت، لەکاتێکدا بەرپرسان هەوڵی گەڕاندنەوەی ئاسایش دەدەن.
رۆژی پێنجشەممە، 19ـی تشرینی دووەمی 2026، زیاد عەبوود، بەڕێوەبەری رووبەڕووبوونەوەی کارەساتەکان لە پارێزگای دێرەزوور، بە ئاژانسی فەرمیی هەواڵی سووریا (سانا)ـی راگەیاند: "تەقینەوەیەک لەو بۆرییە گازەدا روویداوە کە بە ناوچەی روەیشید لە دێرەزووردا تێدەپەڕێت."
عەبوود ئاماژەی بەوەش کرد، تیمە پسپۆڕەکانی وەزارەتی وزە ئەو کونانەیان داخستووە کە بەهۆی تەقینەوەکەوە زیانیان پێگەیشتووە، ئەمەش بۆ رێگریکردن لە دزەکردنی گاز؛ ئەو بەرپرسە قەبارەی زیانەکانی ئاشکرا نەکرد.
لە چەند مانگی رابردوودا بەرپرسانی سووریا چەندین کردەوەی تێکدەرانەیان لەدژی بۆرییەکانی نەوت و گاز راگەیاندووە، بەتایبەتی لە باکوور و باکووری رۆژهەڵاتی سووریا.
لە 1ـی تشرینی یەکەمیشدا، تەقینەوەیەکی گەورە لە بۆرییەکی گاز لەنزیک دیمەشقی پایتەخت بووە هۆی لەکارکەوتنی سێ وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا، هەروەها لە کۆتاییەکانی مانگی ئەیلوولدا تەقینەوەیەک لە رۆژهەڵاتی وڵاتەکەدا گەیاندنی گازی بە وێستگەکانی کارەبا پەکخست.
بەرهەمهێنانی نەوت، گاز و کارەبا لە سووریا بە شێوەیەکی بەرچاو بەهۆی شەڕی ناوخۆیی 13 ساڵەوە زیانی بەرکەوتووە، کە لە ساڵی 2024ـدا بە رووخاندنی بەشار ئەسەد کۆتاییهات.
بەر لە ململانێکان، سووریا رۆژانە 30 ملیۆن مەتر سێجا گازی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بەرهەم دەهێنا، بەڵام ئێستا ئەو رێژەیە بۆ تەنیا 8.5 ملیۆن مەتر سێجا دابەزیوە. بەگوێرەی محەممەد بەشیر، وەزیری وزەی سووریا، پێویستیی ئێستای وڵاتەکە لەنێوان 22 بۆ 25 ملیۆن مەتر سێجا گازی رۆژانەدایە.
لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا، سووریا گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیای گەورەی وزەی ئەمریکی کۆنۆکۆ فیلیپس واژۆ کرد بۆ پەرەپێدانی کەرتی گاز، وەک بەشێک لە هەوڵەکان بۆ راکێشانی وەبەرهێنەران و نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی وڵاتەکە.

