رووداو دیجیتاڵ
بڕیاری لکاندنی زانکۆی رۆژئاوا بە زانکۆی فوڕاتی حکومەتی سووریا و گۆڕینی سیستەمی خوێندنی کوردی، ناڕەزایی خوێندکارانی رۆژئاوای کوردستانی لێکەوتووەتەوە خوێندکاران لە قامشلۆ شاندێکی حکومەتی دیمەشقیان گەمارۆ دا و لە ئەنجامی دەستێوەردانی هێزە ئەمنییەکاندا 25 خوێندکار بریندار بوون، هاوکات شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان سنووری حەسەکەی تێپەڕاند و گەیشتە زانکۆی کۆبانێ لە پارێزگای حەلەب.
رۆژی دووشەممە، کاتێک شاندێکی باڵای "لێژنەی تێکەڵکردن" (لجنة الدمج)ی سەر بە حکومەتی راگوزەری سووریا بۆ یەکلاییکردنەوەی میکانیزمی لکاندنی زانکۆکە گەیشتنە باڵەخانەی سەرۆکایەتیی زانکۆی رۆژئاوا لە شاری قامشلۆ، سەدان خوێندکار بە بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان و بە درووشمی "بێ زمان ژیان نابێ" ناڕەزاییان دەربڕی.
خوێندکاران رێگەیان لە کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی شاندەکەی دیمەشق گرت و رێگرییان لە چوونە دەرەوەیان کرد تاوەکو وەڵامی داواکارییەکانیان نەدەنەوە، بەڵام بەپێی گێڕانەوەی شایەتحاڵان، رووبەڕووی تووندوتیژیی هێزە ئەمنییەکان بوونەوە.
شایەتحاڵێک: 25 خوێندکار بریندار بووین و گوێیان لێ نەگرتین
یەکێک لەو خوێندکارانەی لە کاتی رووداوەکەدا بریندار ببوو، لەنێو حەوشەی زانکۆی رۆژئاوا بە ڤیڤیان فەتاح پەیامنێری رووداوی گوت: "ئێمە زمانەکەمان دەوێت، داوای مافی خۆمان دەکەین و نامانەوێت سووکایەتیمان پێبکرێت. ئەوان وەک ئەوەی بوونمان نەبێت حسابیان بۆ نەدەکردین و تەنانەت لە ئۆتۆمبێلەکانیشیان دانەبەزین تاوەکو وەڵاممان بدەنەوە، بەڵکو بە زەبری هێز و بەردباران هێرشیان کردە سەرمان؛ ئێمە 25 خوێندکار بریندار بووین و فریاگوزاریمان بۆ کرا."
ئەو خوێندکارە کە لە ساڵی دووەمی بەشی جوگرافیا دەخوێنێت، جەختی لەوە کردەوە کە ئەوان دژی پرۆسەی یەکگرتن و تێکەڵکردنی ئەکادیمی نین، بەڵام رەتیدەکەنەوە ئەم هەنگاوە ناسنامەی زانکۆکەیان بسڕێتەوە: "ئێمە نامانەوێت زانکۆکەمان دابخرێت یاخود خوێندکاران پەرتەوازەی دێرەزوور، حەلەب و دیمەشق بکرێن؛ بەڵکو دەمانەوێت زانکۆی رۆژئاوا و خوێندنی زمانی کوردی وەک خۆی بمێنێتەوە."
هاوکات، دایکی یەکێک لە خوێندکاران بە دەنگێکی پڕ لە هەڵچوونەوە لە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناخی راگوزەری سووریا کرد و گوتی: "داوا لە حکومەتی دیمەشق دەکەین واز لە میللەتی کورد بهێنێت. زمانی کوردی مێژوو و ناسنامەی ئێمەیە و لێی پاشگەز نابینەوە؛ وەک دایکی خوێندکاران تا دوایین دڵۆپی خوێن خاوەندارێتی لە خوێندنی زمانی دایک دەکەین."
"خوێندنی کوردی لە کۆلێژی پزیشکی رادەگیرێت"
دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوە ئاڵۆزەکە، "لێژنەی تێکەڵکردن"ی حکومەت بەیاننامەیەکی پێنج خاڵی بڵاوکردەوە کە تێیدا رێکار و مەرجە نوێیەکانی بۆ بەڕێوەبەرایەتیی زانکۆی رۆژئاوا خستووەتەڕوو. بەپێی بەیاننامەکە:
ناونانی زانکۆ و بەستنەوەی کاتی: ئەو کۆلێژانەی زانکۆی رۆژئاوا کە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای سووریاوە پەسندکراون، لەمەودوا بە ناوی "کۆمەڵگەی کۆلێژەکانی قامشلۆ" دەناسرێن و بە شێوەیەکی کاتی دەبەسترێنەوە بە زانکۆی فوڕاتەوە، تاوەکو ئەو کاتەی لە داهاتوودا "زانکۆی حەسەکە" دادەمەزرێت. هەروەها وەرگرتنی خوێندکارانیش بە فەرمی لە سەرجەم پارێزگاکانی سووریاوە دەستپێدەکات.
کۆلێژە دانپێدانەنراوەکان: ئەو کۆلێژانەی لە دەرەوەی سیستەمی وەزارەتی خوێندنی باڵان، لەمساڵدا وەرگرتنی خوێندکاری نوێ تێیاندا رادەگیرێت؛ تەنیا ئەو خوێندکارانەی پێشتر تۆمار کراون مافی ئەوەیان هەیە بەپێی پرۆگرامی پێشووی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر تاوەکو دەرچوون بەردەوام بن.
رەتکردنەوەی وەرگرتنی سەربەخۆ: ئەو پرۆسەی وەرگرتنەی (مفاضلة) کە زانکۆی رۆژئاوا بە سەربەخۆیی رایگەیاندووە دانپێدانەنراوە و ئەو خوێندکارانەی لەو رێگەیەوە ناویان تۆمار دەکەن ناچنە نێو سیستەمی فەرمیی خوێندنی باڵای سووریا.
پڕکردنەوەی کورسییە بەتاڵەکان: دەرفەت دەدرێتە ئەو خوێندکارانەی داواکارییان پێشکەش نەکردووە، لە رێگەی پڕکردنەوەی کورسییە بەتاڵەکان بەپێی رێنماییەکانی وەزارەت ناویان تۆمار بکەن.
زمانی خوێندن؛ لێدانی گورز لە پزیشکی: لەو کۆلێژانەی کە زمانی خوێندن تێیاندا کوردی بووە، خوێندکارانی ئێستا دەتوانن بە کوردی تا دەرچوون بەردەوام بن، بەڵام کۆلێژی پزیشکی لەم بڕیارە بەدەرکراوە و زمانی کوردی لێ قەدەخە دەکرێت.
خوێندکارانی ئەندازیاری: سەپاندنی زۆرەملێ قبووڵ ناکەین
لە کاردانەوەی ئەم بڕیارانەدا، خوێندکارانی بەشی ئەندازیاریی شارستانی لە زانکۆی رۆژئاوا لە گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیدا راگەیێندراوێکیان خوێندەوە و تێیدا جەختیان کردەوە: "ئێمە رایدەگەیەنین کە بە زمانی دایکمان، بە زمانی کوردی بەردەوامی بە خوێندن دەدەین و قبووڵی ناکەین هیچ زمانێکی دیکەمان بەسەردا بسەپێنرێت. ئێمە ناڵێین پرۆسەی تێکەڵکردنی ئەکادیمی نەبێت، بەڵام قبووڵی ناکەین ئەمە بە زۆرەملێ و بەبێ ئیرادەی خوێندکاران و مامۆستایان بکرێ."
تەشەنەسەندنی ناڕەزایەتییەکان بۆ زانکۆی کۆبانێ
ئاڵۆزییەکانی قامشلۆ کەرتی خوێندنی باڵای لە پارێزگای حەلەبیش گرتەوە. خوێندکارانی زانکۆی کۆبانێ بە دەرکردنی راگەیێندراوێکی هاوبەش، پشتیوانیی تەواوی خۆیان بۆ هاوڕێکانیان لە زانکۆی رۆژئاوا راگەیاند و بەکارهێنانی تووندوتیژیی هێزە ئەمنییەکانیان لە دژی خوێندکاران شەرمەزار کرد.
خوێندکارانی زانکۆی کۆبانێ رەتکردنەوەی بڕیاری لکاندنی زانکۆکەیان بە زانکۆی حەلەبەوە دووپاتکردەوە و رایانگەیاند: "زانکۆ شوێنی زانست، دیالۆگ و ئازادیی بیرکردنەوەیە، نەک سەپاندنی بڕیار بە زەبری هێز؛ دەبێت زمانی کوردی وەک زمانی فەرمی لە بڕیارەکانی حکومەتی نوێدا بچەسپێنرێت و خوێندنی کوردی مافێکی نەگۆڕە نەک تەنیا داواکاری."
ئەم پێکدادان و کێشمەکێشە قووڵە دوای ئەوە دێت کە لە 29ـی کانوونی دووەمی 2026، لەنێوان حکومەتی سووریا، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رێککەوتنێک بۆ تێکەڵکردنی دامەزراوە مەدەنی، کارگێڕی و سەربازییەکان واژۆ کرا. لەو چوارچێوەیەشدا وەزارەتی خوێندنی باڵای سووریا بڕیاری دا سەرجەم زانکۆکانی رۆژئاوای کوردستان بە زانکۆکانی دەوڵەتەوە ببەستێتەوە.
زانکۆی رۆژئاوا کە لە دوای ساڵی 2011 وەک بەرهەمی شۆڕش و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دامەزرا، توانیبووی لە ماوەی زیاتر لە دەیەیەکدا نەوەیەک لە خوێندکاران لە قۆناخی سەرەتاییەوە تاوەکو کۆلێژ بە پرۆگرامی زمانی کوردی پێبگەیێنێت؛ هەر بۆیە خوێندکاران و مامۆستایان دەستکاریکردنی ئەم سیستمە بە "هەوڵێکی سیاسی بۆ سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی و تێکدانی دەستکەوتە ئەکادیمییەکانیان" لەقەڵەم دەدەن و رایدەگەیێنن لە خەباتی مەدەنی بۆ پاراستنی زمانەکەیان بەردەوام دەبن.
