رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی سووریا رایگەیاند، ئەو کەسەیان کوشتووە کە لەژێر کاریگەریی مادەی هۆشبەردا لە باوکی داوە و ئەندامانی خێزانەکەی دەرکردووە و لەکاتی رووبەڕووبوونەوەدا دوو لە کارمەندانی هێزەکانی ناوخۆی کوشتووە و چواری دیکەی بریندار کردووە.
رۆژی چوارشەممە، 18ـی تشرینی دووەمی 2026، وەزارەتی ناوخۆی سووریا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە هاووڵاتییەک داوای بەدەنگەوەهاتنی لێ کردوون بەهۆی ئەوەی گوایە کوڕەکەی لەژێر کاریگەریی مادەی هۆشبەردا لێی داوە و هەڕەشەی کوشتنی لێ کردووە و لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکەی لە ماڵەوە دەرکردوون.
وەزارەتی ناوخۆی سووریا رایگەیاند، لەدوای وەرگرتنی رەزامەندیی داواکاری گشتی، هێزێکی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ بەرەو ماڵی ئەو کەسە چوون بەمەبەستی دەستگیرکردنی و ئەو داواکراوە دەستپێشخەر بووە لە تەقەکردن لە هێزەکە و بەهۆیەوە دوو لە کارمەندانی هێزەکە کوژراون و چواری دیکەشی بریندار کردووە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئەو هێزە ئەمنییە لە داواکراوەکە هاتوونەتەدەست و کوشتوویانە و دواتر دەرکەوتووە کە ئەو کەسە لەسەر چەند دۆسیەیەکی پەیوەندیدار بە بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر داواکراو بووە.

