رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە دوو ساڵە بنەماڵەی ئەحمەد ئەمین خەلەف، شەڕڤانی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) چاوەڕێی کوڕەکەیانن و دەڵێن، لەلایەن حکومەتی سووریاوە لە ناوچەی شەهبا دەستگیرکراوە و ئێستا لە زیندانێکی حومسە. خوشکی ئەو شەڕڤانە دەڵێ، تەندروستیی براکەی ناجێگیرە و داوای ئازادکردنی دەکات.
بە گوتەی هەمرین ئەحمەد خەلەف، براکەی بەناوی ئەحمەد ئەمین خەلەف، تەمەن 26 ساڵ، رۆژی 4ی کانوونی یەکەمی 2024 لە ناوچەی شەهبای پارێزگای حەلەب لەلایەن هێزەکانی حکومەتی سووریاوە دەستگیرکرا. بە گوتەی هەمرین، هەرچەندە هەندێک لە هاوڕێکانی کە لەگەڵیدا دەستگیرکرابوون ئازادکراون، بەڵام ئەو و سێ لە هاوڕێکانی هێشتا لە زینداندان.
هەمرین میوانی بووڵتەنی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە نالین حەسەن پێشکێشکی دەکات و رایگەیاند: "شەش مانگ لەمەوبەر لە زیندانی ناوەندیی حومس براکەمم بینی، بەڵام دواتر گوێزرایەوە بۆ زیندانی (ئەحداث) کە سەردانکردن تێیدا قەدەخەیە و لەو کاتەوە هیچ هەواڵێکیمان نییە."
سەبارەت بە دۆخی تەندروستیی براکەی، هەمرین ئەحمەد گوتی: "تەندروستیی زۆر باش نەبوو؛ نەخۆش بوو. ئازاری پشتی هەبوو، ڤیتامینی کەم بوو و سنگی بەهۆی سەرمای زیندانەوە ئازاری هەبوو؛" هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد کە پێشتر داوای دەرمانی لێکردووە.
بە گوتەی هەمرین، براکەی براوەتە دادگە، بەڵام پارێزەر پێی گوتووە کە "هیچ تۆمەتێکی لەسەر نییە."
هەمرین باس لەوە دەکات، بنەماڵەکەی هەوڵیان داوە پارێزەری بۆ بگرن، بەڵام رێگەیان پێنەدراوە.
بنەماڵەی ئەحمەد خەلەف چەندین جار پەیوەندییان بە بەرپرسانی باڵای هەسەدەوە کردووە و بەڵێنی ئازادکردنیان پێدراوە، بەتایبەت لەکاتی ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکان، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو بەڵێنانە جێبەجێ نەکراون.
هەمرین ئەحمەد لە رێگەی رووداوەوە پەیامێکی ئاراستەی مەزڵووم عەبدی، راوێژکاری سەرۆکایەتیی سووریا و بەرپرسانی دیکەی حکومەتی سووریا کرد و گوتی: "ئومێدەوارم دەنگم بگاتە هەڤاڵ مەزڵووم عەبدی و حکومەتی سووریا، براکەم لە زیندانە، ئیدی بەسە. دوو ساڵە، هەموو رۆژێک دەڵێن سبەی.. ئێمە نەوەک تەنیا ئەحمەد، بەڵکو داوای ئازادکردنی هەموو گیراوەکان دەکەین."

