رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتەکانی بەرگری و دەرەوەی سووریا رۆژی پێنجشەممە رایانگەیاند کە دوای هاوئاهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی رۆژهەڵاتی لیبیا، فڕۆکەیەکی هێزی ئاسمانیی سووریایان لە جۆری ئیلیوشن لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەنینە لە شاری بەنغازی وەرگرتووەتەوە.
ئاژانسی فەرمیی هەواڵەکانی سووریا رۆژی پێنجشەممە چەند وێنەیەکی فەرمیی بڵاوکردەوە کە فڕۆکەیەکی هێزی ئاسمانیی سووریا لە جۆری ئیلیوشن 76 بە تۆماری (YK-ATD) لەسەر فڕۆکەخانەی دیمەشق نیشان دەدات، ئەمەش دوای راگەیاندنی گەڕاندنەوەی لە رۆژهەڵاتی لیبیاوە.
وەزارەتی بەرگریی سووریا رایگەیاند، رادەستکردنەوەی فڕۆکەکە دوای هەوڵەکانی فەرماندەیی هێزی ئاسمانیی سووریا و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە و دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکانی لیبیا بووە.
لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی دەرەوەی سووریا بە جیا سوپاسی فەریق روکن سەدام خەلیفە حەفتەر، جێگری فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی لیبیا و بەڕێوەبەرانی فڕۆکەخانەی بەنینە و دەسەڵاتدارانی دیکەی لیبیای کرد، و گەڕاندنەوەی فڕۆکەکەی بە "بەرهەمی هاوئاهەنگیی نزیک و بەدواداچوونی بەردەوام لەگەڵ فەرماندەیی هێزی ئاسمانی لە وەزارەتی بەرگری" وەسف کرد، و ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم هەنگاوە "قووڵایی پەیوەندییە برایانەکانی نێوان هەردوو وڵات و هەردوو گەلی دۆست دەردەخات."
ئاژانسی ئەنادۆڵ ئاماژەی بەوە کردووە، هیچکام لە دوو وەزارەتەکە لە راگەیێندراوەکانیاندا ئاماژەیان بە ژمارەی تۆماری فڕۆکەکە و کاتی گەیشتنی بۆ سووریا نەکردووە. بەڵام توێژەرانی سەکۆی ئیکاد رایانگەیاند،بەدواداچوونیان بۆ فڕۆکەیەکی نەناسراو کردووە کە کاژێر 2:08 خولەکی پاشنیوەڕۆ بە کاتی ناوخۆ لە بەنغازییەوە گەیشتووەتە نزیک دیمەشق و بە فڕۆکەی (YK-ATD) دەستنیشانیان کردووە.
چارڵز لیستەر، شرۆڤەکاری کاروباری سووریا ئاماژەی بەوە کرد، فڕۆکەکە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دیمەشق نیشتووەتەوە و وێنە فەرمییەکانی ساناش لە 12ـی تشرینی دووەمدا تۆماری (YK-ATD) لەسەر لاشەی فڕۆکەکە نیشان دەدەن.
بەرپرسانی دیمەشق هۆکاری مانەوەی فڕۆکەکەیان لە بەنغازی و ماوەی مانەوەکەیان ئاشکرا نەکردووە. بەڵام سەکۆی ئیکاد لە مانگی ئابدا بڵاویکردبووەوە، فڕۆکەی (YK-ATD) لە 4ـی کانوونی دووەمی 2024 تەنیا چوار رۆژ پێش رووخانی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد لە دیمەشقەوە بەرەو بەنغازی فڕیوە و دواتر گەشتی ناوخۆیی لە رۆژهەڵاتی لیبیا و لەنێویاندا بۆ شاری سەبها ئەنجامداوە.
گەڕاندنەوەی ئەم فڕۆکەیە لە کاتێکدایە کە حکومەتی نوێی سووریا هەوڵی دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی رۆژهەڵاتی لیبیا بە سەرۆکایەتیی حەفتەر دەدات.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی ئەنادۆڵ، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لە 11ـی تشرینی یەکەمدا لە بەنغازی لەگەڵ سەدام حەفتەر کۆبووەتەوە و باسیان لە پرسە ئەمنییە هاوبەشەکان، پلانی کردنەوەی کۆنسووڵخانەی سووریا لەو شارە و چارەنووسی هاووڵاتییە بێسەروشوێنەکانی سووریا لە لیبیا کردووە، هەروەها شەیبانی لە 30ـی ئابدا باڵیۆزخانەی سووریای لە تەرابلوس دوای زیاتر لە 14 ساڵ کردەوە.
گەڕانەوەی ئەم فڕۆکەیە، فڕۆکەیەکی گواستنەوە بۆ سووریا دەگەڕێنێتەوە کە لە کۆتاییەکانی ساڵی 2024ـەوە لە دەرەوەی کۆنترۆڵی وەزارەتی بەرگری بوو.

