رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی رۆشنبیریی سووریا هەوڵەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخوێندەواری و بەرفراوانکردنی دەرفەتەکانی پەروەردەی پێگەیشتووان و بەتەمەنەکان چڕتر دەکاتەوە، لە کاتێکدا وڵاتەکە بەدەست کێشەی کەڵەکەبووی ساڵانی جەنگ و ئاوارەیییەوە دەناڵێنێت، کە بوونەتە هۆی ئەوەی لە هەر پێنج هاوڵاتییەکی سووری یەکێکیان توانای خوێندنەوە و نووسینی نەبێت.
لە چالاکییەکدا بەبۆنەی رۆژی جیهانیی نەهێشتنی نەخوێندەواری، وەزارەتی کولتووری سووریا ئامارێکی بڵاوکردەوە و بەرپرسانی وڵاتەکە پلانی خۆیان بۆ فرەوانکردنی بەرنامەکانی فێرکاری، پەیڕەوکردنی رێگەی نوێی وانەگوتنەوە و بەکارهێنانی تەکەنۆلۆژیای دیجیتاڵی بۆ گەیاندنی فێرکاری بەو کەسانەی لە خوێندن بێبەش بوون ئاشکرا کرد.
بەپێی داتاکانی وەزارەت کە لە چالاکییەکەدا پێشکێش کران، نزیکەی چوار ملیۆن کەس لە سووریا نەخوێندەوارن، ئەمەش 20%ی کۆی دانیشتووانی وڵاتەکەیە، لە کاتێکدا مەزەندە دەکرێت 2.5 ملیۆن منداڵ لە پڕۆسەی خوێندن دابڕابن.
بەرپرسان ڕایانگەیاند کە ساڵانی جەنگ، ئاوارەیی و تێکچوونی بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی بوونەتە هۆی بەرزبوونەوەی ئەم ئامارانە، بەجۆرێک نەخوێندەواری تەنها پرسیارێکی پەروەردەیی نییە، بەڵکو ئاستەنگێکە لە بەرامبەر گەشەپێدان و بوژانەوەی گشتیی وڵاتدا.
ئامانج: دابەزاندنی رێژەی نەخوێندەواری بۆ ژێر 10%
مۆحەممەد ئەلئەشای، بەڕێوەبەری بەشی گەشەپێدانی کولتووری و فێرکاریی گەورەساڵان لە وەزارەتەکە رایگەیاند، دەسەڵاتداران کار لەسەر دوو لایەن دەکەن بۆ چارەسەرکردنی پرسی نەخوێندەواری؛ لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە 400 خولی فێرکاریی نەخوێندەواری کراونەتەوە، هەروەها وەزارەت خەریکی داڕشتنی پلانێکی نیشتمانییە بە ئامانجی کەمکردنەوەی رێژەی نەخوێندەواری بۆ کەمتر لە %10 لە ماوەی سێ ساڵدا.
پرۆگرامە نوێیەکان تەنیا سنووردار نابن بە بابەتەکانی سەرەتایی خوێندنەوە و نووسین، بەڵکو زانیاریی دیجیتاڵی، یاسایی، بیرکردنەوەی رەخنەگرانە، ناسنامەی کولتووریی سووری و هۆشیاری بۆ رێگری لە توندڕەوی، ئاڵودەبوون و کێشە رەفتارییەکان دەگرنەوە.
ئەحمەد ئەلسەواف، جێگری وەزیری رۆشنبیری ئاماژەی بەوە کرد، فێربوونی خوێندنەوە و نووسین پەیوەندییەکی بەهێزی بە کەرامەتی مرۆڤ، گەشەپێدان و هاوڵاتیبوونەوە هەیە و وەک ئامرازێکی بنەڕەتی باسی کرد بۆ ئەوەی هاووڵاتییان لە ماف و ئەرکەکانی خۆیان تێبگەن و بەشداری لە ئاوەدانکردنەوەی کۆمەڵگەکانیان بکەن.
بەکارهێنانی ئامرازە دیجیتاڵییەکان
لە بەشێکی دیکەی چالاکییەکەدا تیشک خرایە سەر بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای دیجیتاڵی و ژیریی دەستکرد بۆ بەرفراوانکردنی کەرتی پەروەردەی گەورەساڵان لەم کاتەی کە کەمیی سەرچاوە و کارمەندانی پەروەردە ئاستەنگی دروست دەکەن.
رامز ئەلسەمماک، ئەندازیاری پسپۆڕ رایگەیاند، ئامرازە دیجیتاڵییەکان دەکرێت بۆ هەڵسەنگاندنی توانای فێرخوازان و گونجاندنی بابەتی خوێندن بەپێی پێویستیی تاکەکان بەکاربهێنرێن، ئەمەش هاوکار دەبێت لە دەربازبوون لە رێگە نەریتییەکانی ناوپۆل.

.webp&w=3840&q=75)
