رووداو دیجیتاڵ
دەسەڵاتدارانی سووریا دەڵێن، دەستیان کردووە بە دادگەییکردنی گومانلێکراوانی تووندوتیژییەکەی ساڵی رابردووی پارێزگای سوەیدا لە باشووری وڵاتەکە، کە زۆربەی دانیشتووانەکەی لە پێکهاتەی دروزن.
رووداوەکانی تەممووزی ساڵی رابردوو، بە یەکێک لە خراپترین پێکدادانە ناوخۆییەکانی سووریا دادەنرێن لە دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە کۆتایی ساڵی 2024دا. ئەم تووندوتیژییانە گومانی زۆریان لای لایەنە نێودەوڵەتییەکان دروستکرد سەبارەت بە توانای حکومەتی نوێی دیمەشق بۆ پاراستنی هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی وڵاتەکە.
تووندوتیژییەکان لەنێوان دروزەکان و چەکدارانی دەشتەکی لەو پارێزگایەی باشووری سووریا روویدا، دواتر هێزە ئەمنییەکان و گرووپە هۆزەکییەکانی دیکە لە بەرژەوەندیی دەشتەکییەکان دەستوەردانیان کرد.
بە گوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکان، لەو پێکدادانانەدا زیاتر لە 2,000 کەس کوژران، کە 789یان هاووڵاتیی مەدەنیی دروز بوون. بەڵام ئەو لیژنەیەی لەلایەن حکومەتی سووریاوە پێکهێنراوە، دەڵێت کوژرانی 1,760 کەسیان بە بەڵگەنامە تۆمارکردووە.
رێکارە یاساییەکان و لیستی تۆمەتباران
لیژنەی لێکۆڵینەوە لە راگەیێندراوێکدا کە وەزارەتی دادی سوریا بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە دادگایەک لە دیمەشق لە 1ـی تەممووزەوە دەستی بە بینینی کەیسەکان کردووە و دانیشتنەکان بە شێوەیەکی ئاشکرا و بە ئامادەبوونی تۆمەتباران و پارێزەرەکانیان بەڕێوەدەچن.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە ئامانج لەم رێکارانە "سەلماندنی راستییەکان و لێپێچینەوەیە لە هەر کەسێک کە دەسەلمێندرێ بەرپرسیارە لە پێشێلکارییەکان، بێ گوێدانە پلە و پۆستەکەی یان ئەو لایەنەی سەر بەو بووە".
لە مانگی ئاداری رابردوودا لیژنەکە لیستێکی گومانلێکراوانی ئامادە کرد کە ئەندامانی وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ، لایەنە چەکدارەکانی دروز، دەشتەکییەکان و چەندین کەسی مەدەنی لەخۆدەگرت کە تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی "تاوانی مەترسیدار".
هاوکات لە مانگی ئاداری رابردوودا، لێکۆڵەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان رایانگەیاند، ئەگەری هەیە "تاوانی جەنگ و تاوان دژی مرۆڤایەتی" لە سوەیدا ئەنجام درابن.
لیژنەی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سووریا کە لە ساڵی 2011ـەوە چاودێریی پێشێلکارییەکان دەکات، ئاماژەی بەوە کردووە بەڵگەی پێویستیان لەسەر "کوشتنی بەکۆمەڵ، ئەشکەنجەدان، تووندوتیژیی رەگەزی و سووتاندنی خانوو" لە سوەیدا دەستکەوتووە.


.png&w=3840&q=75)