رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان، هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی کەمیی دراوە نوێیەکەی سووریا بەردەوامن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هاونیشتمانییان و دراوگۆڕەکان لە دابینکردنی دراوە نوێیەکە و گۆڕینەوەی دراوە کۆنەکەدا رووبەڕووی زەحمەتی دەبنەوە.
لەم چوارچێوەیەدا، نوورەدین ئەحمەد، پارێزگاری حەسەکە لەگەڵ ژمارەیەک لە دراوگۆڕەکان و کەسانی پەیوەندیدار بە کاروباری دارایی و بانکی لە پارێزگاکە کۆبووەوە، بەمەبەستی تاوتوێکردنی میکانیزمەکانی رێکخستنی پرۆسەی گۆڕینەوەی پارەی کۆن بۆ پارە نوێیەکەی سووریا.
لە کۆبوونەوەکەدا پارێزگاری حەسەکە گوێی لە پێشنیاز و بۆچوونی دراوگۆڕەکان گرت، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەستن بە میکانیزمەکانی دابینکردنی دراوە نوێیەکە و ئەو ئاستەنگانەی دێنە بەردەم پرۆسەی گۆڕینەوە و جووڵەی پارە لە پارێزگەکەدا.
نوورەدین ئەحمەد باسی لە گرنگیی گەیشتن بە میکانیزمێکی گونجاو و رێکخراو کرد کە پرۆسەی گۆڕینەوەی دراو بەشێوەیەکی ئاسان مسۆگەر بکات؛ هەروەها رایگەیاند کە پێشنیاز و بۆچوونی دراوگۆڕەکان دەگەیێنێتە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە دیمەشق بۆ ئەوەی چارەسەرێکی گونجاو بۆ ئەو کێشەیە بدۆزرێتەوە.
وەلید محەممەد عەلی، سەرۆکی یەکێتیی دراوگۆڕەکانی جەزیرە، بۆ تۆڕی میدیایی رووداو باسی لە نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکە و پێشنیازی بەشداربووان کرد.

