رووداو دیجیتاڵ
شەوی رابردوو، پێکدادانی تووند لەنێوان گرووپە چەکدارەکانی درووز و هێزەکانی سەر بە حکومەتی راگوزەری سووریا لە گوندەکانی رۆژئاوای پارێزگەی سوەیدا روویدا.
ئەو ڤیدیۆیانەی بڵاوکراونەتەوە نیشانی دەدەن، چەکداران لەسەر ئۆتۆمبێلێکی سەربازی تەقە دەکەن و دەنگی تەقەی چڕ لە ناوچەکە دەبیسترێت.
هەردوولا یەکدییان بە دەستپێکردنی پێکدادانەکە تۆمەتبار کردووە.
فەرماندەیی پاسەوانی نیشتمانیی سوەیدا کە کۆمەڵێک گرووپی چەکداری درووز لەخۆدەگرێت، رایگەیاند، هێزەکانی حکومەتی دیمەشق گەڕەکەکانی شاری سوەیدایان کردووەتە ئامانج.
لە راگەیێندراوێکدا هاتووە: "هێزە تووندڕۆکانی حکومەتی دیمەشق، لە درێژەی سیاسەتی ترساندن و تۆقاندندا، بەردەوامن لە هێرشکردنە سەر گەڕەکەکانی شاری سوەیدا."
بەپێی پاسەوانی نیشتمانی، کاژێر 7:30ی ئێوارەی دووشەممە، هێزەکانی حکومەت چەند گوللـە هاونێکی بە شارەکەوە ناوە و بە دۆشکە و بی کەی سی تەقەی هەڕەمەکیی کردووە.
لە ئەنجامی هێرشەکەدا، منداڵێک بە ساچمەیەک لە رانیدا بریندار بووە و زیانی مادیش بە شوێنەکە گەیشتووە.
بەڵام تەلەڤزیۆنی فەرمیی سووریا، رۆژی سێشەممە بە پشتبەستن بە فەرماندەیی ئاسایشی ناوخۆ لە سوەیدا رایگەیاند، 10 ئەندامی هێزەکانی ئاسایش لە هێرش بۆ سەر پێگەکانیان لە دەوروبەری تەل حەدید و تەوەری وەلخە بریندار بوون.
بەپێی میدیاکە، هێرشەکان بە گوللە هاون و چەکی قورس کراون و ئۆتۆمبێلێکی هێزەکانی ئاسایشیش کراوەتە ئامانج، کە برینداربوونی ژمارەیەک هاووڵاتی و ئەندامی ئاسایشی لێکەوتووەتەوە.
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤیش رایگەیاند، پێکدادان لەنێوان پاسەوانی نیشتمانی لە لایەک و هێزەکانی حکومەتی راگوزەر و چەکدارە هاوپەیمانەکانیان لە لایەکی دیکە، لە ناوچەی نەقل و گوندی مەنسوورە لە باکووری رۆژئاوای شاری سوەیدا روویانداوە.
بە گوێرەی روانگەکە، هێزەکانی حکومەتی راگوزەر و چەکدارە هاوپەیمانەکانیان بە چەکی قورس دەوروبەری پێگەیەکی پاسەوانی نیشتمانیان کردووەتە ئامانج، کە بووەتە هۆی دەستپێکردنی پێکدادان و دەستپێکردنەوەی گرژی لە ناوچەکە.
سوەیدا لە باشووری سووریا، زۆرینەی دانیشتووانی درووزین و لە تەممووزی 2025ـەوە، دوای پێکدادانی تووند لەنێوان گرووپە چەکدارەکانی درووز، چەکدارانی دەشتەکی و هێزەکانی حکومەتی راگوزەر، دۆخی پارێزگاکە بە گرژی ماوەتەوە.
لە ئەیلوولی 2025، سووریا، ئوردن و ئەمریکا نەخشەرێگەیەکیان بۆ ئارامکردنەوەی سوەیدا و بنیاتنانەوەی متمانە لەنێوان لایەنەکان راگەیاند.
نەتەوە یەکگرتووەکان دواتر رایانگەیاند، تائێستا هیچ پێشکەوتنێک لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەدا نەکراوە و بێمتمانەیی لەنێوان دیمەشق و لایەنەکانی سوەیدا بەردەوامە.


