رووداو دیجیتاڵ
عێراق و سووریا لیژنەیەکی باڵای هاوئاهەنگی پێکدەهێنن بۆ بەدواداچوونی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکان و بۆریی گواستنەوەی نەوتیش نۆژەن دەکەنەوە.
رۆژی دووشەممە 29ی حوزیرانی 2026، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە دیمەشقی پایتەختی سووریا لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوە و کۆچبەرانی سووریا کۆبووەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی هاوبەش، هەردوولا رێگەکانی بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و پەرەپێدانی هاوکارییە هاوبەشەکانیان لە بوارە جیاجیاکاندا تاوتوێ کردووە. لەو چوارچێوەیەدا، رێککەوتوون لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەشی تایبەتمەند لە بوارەکانی وزە، کشتوکاڵ، ئاو، گواستنەوە و دەروازە سنوورییەکان، بە ئامانجی پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، بڕیاردرا بە پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵا بۆ هاوئاهەنگیی هاوبەش بە سەرۆکایەتیی وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵات، ئەوەش بە مەبەستی گەرەنتیکردنی بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی دەرەنجامی هاوکارییە دوو قۆڵییەکان و یەکخستنی هەوڵەکان لە بوارە جیاوازەکاندا.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە میکانیزمەکانی گواستنەوەی وزە و پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی بۆرییەکانی گواستنەوەی نەوت لە عێراقەوە بۆ سووریا. هەروەها هەردوولا دووپاتیان لە هاوکاریی بوارەکانی ئاو و کشتوکاڵ کردەوە، بەو ئامانجەی ئاسایشی خۆراک و تەواوکاریی ئابووری لە نێوان هەردوو وڵاتدا بەدیبێت.
هەر لە دیدارەکەدا، فوئاد حوسێن و ئەسعەد شەیبانی باسیان لە بەهێزکردنی هاوئاهەنگییە ئەمنییەکان کرد، بە شێوەیەک کە پاڵپشتی لە سەقامگیریی ناوچەکە بکات و هەوڵەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە هاوبەشەکان یەکبخات.
عێراق و هەرێمی کوردستان نزیکەی 618 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشیان لەگەڵ سووریا و رۆژئاوای کوردستان هەیە.

.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
