رووداو دیجیتاڵ
هێزە ئەمنییەکانی سووریا رۆژی پێنجشەممە کوژرانی سێ ئەندامی خۆیانیان لە پێکدادانێکدا راگەیاند، لە کاتی هەوڵدان بۆ دەستگیرکردنی داواکراوێک کە سەرچاوەیەکی حکومی بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە "ئەندامی داعشە".
پێکدادانەکە لە شارۆچکەی سەنەمەین لە پارێزگای دەرعا لە باشووری سووریا روویداوە؛ ئەو شوێنەی کە هێزە ئەمنییەکان رایانگەیاند قەدەخەی هاتووچۆیان تێدا راگەیاندووە و سەرقاڵی گەڕانن بە دوای ئەو کەسانەی دیکەدا کە دەستیان لە رووداوەکەدا هەبووە.
هێزە ئەمنییەکان لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایان کرد: "لە ئۆپەراسیۆنێکدا بە مەبەستی دەستگیرکردنی کەسێکی داواکراو لە شارۆچکەی سەنەمەین، سێ ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کوژران و چەند کەسێکی دیکەش بریندار بوون."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە "گرووپێکی چەکداری لەیاسادەرچوو بە سەرکردایەتیی گومانلێکراوەکە، بازگەیەکیان کردووەتە ئامانج."
بەرپرسێکی خۆجێیی حکومەت بە فرانس پرێسی راگەیاند، ئەو کەسەی داواکراوە سەر بە داعشە؛ گرووپێک کە لە رووی جوگرافییەوە خاکی لەدەستداوە بەڵام هێشتا خاوەنی چەندین شانەی نووستووە.
داعش پێش ئەوەی لە ساڵانی 2017 لە عێراق و 2019 لە سووریا لە رووی سەربازییەوە کۆتایی بە دەسەڵاتەکەی بهێندرێت، دەستی بەسەر رووبەرێکی زەبەلاحی هەردوو وڵاتدا گرتبوو.
لەگەڵ ئەوەشدا، لە سووریا بەردەوامە لە هێرشی کتوپڕ بۆ سەر هێزەکانی حکومەت، بەتایبەت لە بیابانی فراوانی سووریا (بادیە)، هاوکات لە باکوور و باکووری رۆژهەڵاتی وڵاتەکە.
پێشتریش رێکخراوەکە لە پارێزگای دەرعا لە باشووری سووریا بنکە و ئامادەیی هەبووە؛ ئەو شوێنەی تیایدا ئەبو حەسەن هاشمی قوڕەیشی، خەلیفەی پێشووی داعش لە تشرینی یەکەمی 2022 لە پێکدادان لەگەڵ چەکدارانی ناوخۆییدا کوژرا.
دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا، کە لە ساڵی 2024دا دەسەڵاتی بەشار ئەسەدیان رووخاند، لە ساڵی رابردوودا بە فەرمی چوونە نێو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتیی ئەمریکا بۆ شەڕی دژی داعش.


