رووداو دیجیتاڵ
وەزیری پەروەردەی سووریا رایگەیاند، 43 هەزار مامۆستای ناوچەکانی بەڕێوەبەریی خۆسەر پەیوەندییان بە وەزارەتەکەیانەوە کردووە و خراونەتە سەر میلاکی حکومەت. هەروەها بۆ ئەو قوتابییانەی بە پڕۆگرامی خوێندنی بەڕێوەبەریی خۆسەر خوێندوویانە، قۆناخێکی راگوزەری دوو ساڵانە دیاریکراوە تاوەکو بەشداری لە تاقیکردنەوە فەرمییەکاندا بکەن.
رۆژی دووشەممە، 14ی ئەیلوولی 2026، محەممەد ترکۆ، وەزیری پەروەردەی سووریا لە دانیشتنێکی پەرلەمانی وڵاتەکەیدا، کۆمەڵێک داتا و زانیاریی نوێی لەبارەی کەرتی پەروەردە و مامۆستایان خستەڕوو و رایگەیاند، پرۆسەی پەیوەندیکردنی مامۆستایانی ناوچەکانی بەڕێوەبەریی خۆسەر بۆ سەر وەزارەتی پەروەردە جێبەجێ کراوە.
سەبارەت بە چارەنووسی ئەو قوتابییانەی بە پڕۆگرامی خوێندنی بەڕێوەبەریی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان و باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا خوێندوویانە، محەممەد ترکۆ گوتی: "ئێمە بۆ ئەو کەسانەی کە بە پڕۆگرامەکانی خوێندنی بەڕێوەبەریی خۆسەر خوێندوویانە، قۆناخێکی راگوزەری دوو ساڵانەمان دیاریکردووە. بەو واتایەی لە کۆتایی ئەم ساڵدا، هەر قوتابییەک پێشتر بەپێی پڕۆگرامی بەڕێوەبەریی خۆسەر خوێندبێتی، مافی ئەوەی دەبێت ساڵی داهاتووش بەپێی هەمان پڕۆگرام بەشداری لە تاقیکردنەوە فەرمییەکانی پۆلی 9 و پۆلی 12 بکات."
وەزیری پەروەردەی سووریا ئاماژەی بەوەشکرد، پێشتر لە سووریادا چوار سیستمی جیاوازی خوێندن هەبوون، بەڵام لە ساڵی خوێندنی 2026–2027دا بۆ یەکەمجار لە سەرانسەری وڵاتدا یەک سیستمی یەکگرتووی خوێندن دەبێت، گوتیشی: "پڕۆگرامەکانی خوێندن پێویستیان بە دەستکاریکردن و نوێکردنەوە هەیە."
گەڕانەوەی 14 هەزار مامۆستا بۆ سەر کارەکانیان
لەبارەی میلاکی پەروەردە، محەممەد ترکۆ روونیکردەوە، ژمارەی گشتیی کارمەندانی وەزارەتی پەروەردەی سووریا 339 هەزار کەسی تێپەڕاندووە، هەروەها زیاتر لە 14 هەزار مامۆستا کە پێشتر لە کارەکانیان دوورخرابوونەوە، گەڕێندراونەتەوە سەر کارەکانیان.
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی پەروەردەی سووریا، 40%ـی مامۆستایان هەڵگری بڕوانامەی زانکۆن و 60%ـیشیان خاوەنی بڕوانامەی پەیمانگە و ئامادەیین.
بەپێی ئەو ئامارە فەرمییانەی لە بەردەم پەرلەماندا خرانەڕوو، ژمارەی قوتابخانەکان لە سەرانسەری سووریادا بەمشێوەیەیە:
- کۆی باڵەخانەی قوتابخانەکان: 18,312 قوتابخانە.
- قوتابخانە کاراکان: 15,568 قوتابخانە لە خزمەتدا ماونەتەوە.
- قوتابخانە زیانبەرکەوتووەکان: : 15%ـی کۆی قوتابخانەکان (واتە 2,744 قوتابخانە) بەهۆی جەنگ و وێرانکارییەوە لەکارکەوتوون.
- قوتابخانە ئەهلییەکان: ژمارەیان گەیشتووەتە 1,253 قوتابخانە.
- کتێبی خوێندن: بۆ ساڵی نوێی خوێندن، 41 ملیۆن کتێبی خوێندن چاپکراون.


.webp&w=3840&q=75)
