رووداو دیجیتاڵ
دەسەڵاتی دادوەریی سووریا رۆژی پێنجشەممە، یەکەمین بڕیاری دادگەی ئاشکرا کرد سەبارەت بە کۆمەڵکوژکردنی سەتان هاووڵاتیی پێکهاتەی عەلەوی لە کەناراوەکانی ئەو وڵاتە.سزای 20 ساڵ زیندانی بۆ ئەندامێکی پێشووی هێزەکانی حکومەت بە تۆمەتی کوشتن دەرکرا.
هەروەها سزای لەسێدارەدان و زیندانیی تاهەتایی بۆ دوو کەس لە لایەنگرانی دەسەڵاتەکەی پێشووی بەشار ئەسەد دەرکرا؛ سزای لەسێدارەدانەکە بە تۆمەتی "هێرشکردن بە مەبەستی بەرپاکردنی شەڕی نێوخۆ و پێکدادانی تایفی" بووە.
لە دادگاییکردنەکەدا 14 کەس تۆمەتبار بوون، حەوتیان سەر بە هێزەکانی حکومەتی ئێستان و حەوتەکەی دیکە لایەنگری بەشار ئەسەدن. بڕیارە هەفتەی داهاتوو سزای بەشێکی دیکە لە تۆمەتباران رابگەیێندرێت.
رامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رەخنەی لە کەمیی ژمارەی دادگاییکراوان گرت و بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت: "یەکێک لە گەورەترین کۆمەڵکوژییەکان لە مێژووی راگوزەری سووریادا، تەنیا لە چەند کەیسێکی کەمدا کورت دەکرێتەوە؛ دادگاییکردنی تەنیا چەند کەسێک، دادپەروەریی راستەقینە نییە."
بەپێی لێکۆڵینەوەی لیژنەیەکی نیشتمانی لە سووریا، لەو رووداوانەی ساڵی رابردوو لانیکەم هەزار و 426 کەس کوژران کە زۆربەیان هاووڵاتیی سڤیل بوون، هەروەها 298 گومانلێکراو دەستنیشان کراون. لە بەرامبەردا، روانگەی سووری دەڵێت، ژمارەی قوربانیان زیاتر لە هەزار و 700 کەس بووە.
هەروەها باسی ئەوە کراوە کە 238 کەس لە هێزە ئەمنییەکان لە هێرشی لایەنگرانی ئەسەد کوژراون.
دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە کانوونی یەکەمی 2024دا، هێزە ئیسلامییە نوێیەکان چوونە ناوچە کەناراوییەکانی رۆژئاوای سووریا کە زۆرینەیان لە پێکهاتەی عەلەوین. بەپێی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، لەو کاتەدا لەلایەن چەکداران و هێزەکانەوە کۆمەڵکوژیی تایفی کرا و تەواوی ئەندامانی چەندین خێزان بێ دادگاییکردن گوللەباران کران.


