رووداو دیجیتاڵ
سووریا لەبەردەم ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و بە پاڵپشتیی زیاتر لە 40 وڵات، چوونی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بە نایاسایی بۆ نێو خاکی وڵاتەکەی شەرمەزار کرد و بە پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەری و یەکپارچەییی خاکەکەی وەسفی کرد.
ئەمڕۆ شەممە 12-9-2026، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لە پەیامێکدا لە پلاتفۆرمی ئێکس هەڵوێستی فەرمیی وڵاتەکەی لە نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاوکردەوە و پێشوازی لە پاڵپشتییە نێودەوڵەتییەکان کرد.
شەیبانی نووسیویەتی، "سووریا لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕوونی دژایەتیی بەزاندنی سنوورەکانی لەلایەن ئیسرائیلەوە خستووەتەڕوو و داوای رێزگرتن لە یەکپارچەییی خاک و سەربەخۆیی بڕیارەکانی وڵاتەکەی کردووە."
پاڵپشتیی زیاتر لە 40 وڵات
ئەسعەد شەیبانی باسی لەوە کرد، دیمەشق بە پێزانینێکی زۆرەوە دەڕوانێتە پەرچەکرداری خێرای نێودەوڵەتی بۆ پاڵپشتیکردن لە سەروەریی خاکی سووریا بەرامبەر "دەستدرێژییە بەردەوامەکانی" ئیسرائیل.
شەیبانی نووسیویەتی، " ئەم کۆدەنگییە نێودەوڵەتییەی کە زیاتر لە 40 وڵاتی لەخۆگرتووە، سەلمێنەری ئەوەیە رێزگرتن لە سەربەخۆیی و یەکپارچەییی خاکی دەوڵەتان، بنەمایەکی سەرەکیی سیستمی نێودەوڵەتییە و نابێت پێشێل بکرێت."
بەرگریکردن لە مافە نیشتمانییەکان
شەیبانی روونیکردەوە وڵاتەکەی بەردەوام دەبێ لە گرتنەبەری رێگەی بەرپرسانە لەسەر بنەمای یاسا نێودەوڵەتییەکان و پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان تاوەکو بەرگری لە مافە نیشتمانییەکانی بکات.
هاروەها، ئاماژەی بەوە کرد، دیمەشق لەڕێگەی سەرجەم ئامرازە سیاسی و دیپلۆماسییە شەرعییەکانەوە رووبەڕووی ئەو پێشێلکارییانە دەبێتەوە و سازش لەسەر پاراستنی خاکی خۆی ناکات.
ئاسایشی سووریا و سەقامگیریی ناوچەکە
نوێنەرایەتیی سووریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێ، ئاسایش و سەقامگیریی سووریا بەرژەوەندییەکی هاوبەشی گەلی سووریا و سەرجەم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە.
دیمەشق رژدە لەسەر ئەوەی بە هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی جیهان، کار بۆ چەسپاندنی سەقامگیری و بەهێزکردنی رێزگرتن لە یاسا نێودەوڵەتییەکان بکات تاوەکو رێگری لە هەر هەوڵێکی ئیسرائیل بۆ بەزاندنی سنوورەکانی سووریا بکرێت.
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، رۆژی چوارشەممە 9ی ئەیلوولی 2026 چووە نێو خاکی سووریا و سەردانی چیای حەرەمۆن (جەبەل شێخ)ی کرد لە باشووری وڵاتەکە، ئەمەش وەک بەشێک لە سەردانێکی سەربازی بۆ لای هێزەکانی ئیسرائیل کە لەو ناوچەیە جێگیرکراون.
هێزەکانی ئیسرائیل لە دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە کانوونی یەکەمی 2024ەوە لە ناوچەیەکی ئەمنیدا لە باشووری سووریا جێگیر بوون کە پێشتر بەشێک بوو لە ناوچەی بێلایەنی نێوان هەردوو وڵات بەپێی رێککەوتننامەی 1974. تەلئەبیب ئەم بوونە بە "ناوچەی ئەمنی" وەسف دەکات بۆ پاراستنی سنوورەکانی، بەڵام دیمەشق بە داگیرکاریی دادەنێت.
.webp&w=3840&q=75)

