رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رۆژی چوارشەممە بڕیاری دا بە داخستنی لێکۆڵینەوەیەکی درێژخایەن دژی سووریا کە لە سەردەمی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی وڵاتەکە دەستی پێکردبوو، ئەوەش دوای ئەوەی دەسەڵاتدارە نوێیەکانی وڵاتەکە رێگەیان بە پسپۆڕانی ئاژانسەکە دا سەردانی بنکە ئەتۆمییە سەرەکییەکان بکەن.
مانگی رابردوو پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی سەردانی دوو بنکەیان لە سووریا کرد؛ یەکێکیان لە دێرەزوور و ئەوی دیکەیان لە شوێنێکی ئاشکرانەکراو کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی سووریاوە پێیان ناسێندرابوو.
رافائێل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی رۆژی دووشەممە رایگەیاند، ریاکتۆرێکی ئەتۆمی کە نزیکبوو تەواو بێت و لە دێرەزوور بە نهێنی لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەسەد دروستکرابوو، توانای بەرهەمهێنانی مادەی پێویستی بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی هەبووە.
رۆژی چوارشەممە، 9ی ئەیلوولی 2026، دوو دیپلۆماتکاری ئاژانسەکە رایانگەیاند، ئەنجوومەنی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم "بە کۆدەنگی" دەقێکی پەسند کردووە کە تێیدا هاتوو بڕیارنامەکەی ساڵی 2011 کە سووریای بە سەرپێچیکار لە پابەندبوونەکانی دیاری دەکرد "کۆتایی پێهاتووە"، هەروەها ئاماژەی بە هاوکارییەکانی حکومەتی ئێستا کردووە.
بڕیارنامەکە لەلایەن میسر، ئوردن، مەغریب و عەرەبستانی سعودییەوە پێشکەش کرابوو و "هانی سووریا دەدات بەردەوام بێت لە هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسەکە، لەوانەش کارەکانی پشکنین لە بنکەی دێرەزوور".
بڕیارنامەکە، داوا لە بەڕێوەبەری گشتی دەکات بەپێی پێویست ئەنجومەنەکە لە ئەنجامەکانی چالاکییە بەردەوامەکانی ئاژانسەکە لە سووریا ئاگادار بکاتەوە.
چالاکییە شاراوەکان
دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە کانوونی یەکەمی 2024دا رووخێندرا و حکومەتێکی دیکە هاتە سەر دەسەڵات.
گرۆسی رۆژی دووشەممە گوتی: "روونە کە حکومەتی پێشوو سەرقاڵی چەندین چالاکیی شاراوە بووە."
سەرەڕای ئەو ریاکتۆرەی لە بنکەی دێرەزوور لە ژێر دروستکردندا بوو، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی کارگەیەکی دۆزییەوە، سووتەمەنی ئەتۆمی بۆ ریاکتۆرەکە بەرهەم دەهێنا، هەروەها شوێنێک کە سووتەمەنی ئەتۆمی و پاشماوە و زبڵی یۆرانیۆمی تێدا کۆکرابووەوە.
لە راپۆرتێکی نهێنیدا کە هەفتەی رابردوو دەست ئاژانسی ئەی ئێف پی کەوتبوو، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم نزیکەی 73 تۆن ئاسنی یۆرانیۆمی سروشتی دۆزیوەتەوە.
گرۆسی ستایشی "بڕیارە ئازایانەکەی" دیمەشقی کردووە بۆ ئاشکراکردنی ئەو بنکە ئاشکرانەکراوە.
نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2011 رایگەیاندبوو ناوچەکە "بە ئەگەری زۆرەوە" ریاکتۆرێکی ئەتۆمی تێدایە و ئاماژەی بەوەش کردبوو زانیارییەکانی دەریانخستووە بە هاوکاری کۆریای باکوور دروستکراوە.
مانگی رابردوو، گرۆسی سەردانی بنکەکەی دێرەزووری لە رۆژهەڵاتی سووریا کرد، کە بۆ ماوەی 18 ساڵ بوو داخرابوو.
لە ساڵی 2018، ئیسرائیل دانی بەوەدا نا کە 11 ساڵ پێشتر هێرشێکی ئاسمانیی زۆر نهێنیی بۆ سەر ئەو بنکەیە کردووە.
لە ساڵی 2008، واتە کەمتر لە ساڵێک دوای هێرشەکە، بەرپرسانی ئەمریکا سووریایان تۆمەتبار کرد بەوەی هەوڵی داوە ریاکتۆرێکی ئەتۆمیی نهێنی دروست بکات، بەڵام ئیسرائیل لەو هێرشەدا وێرانی کردووە.

