رووداو دیجیتاڵ
دەسەڵاتدارانی سووریا رۆژی دووشەممە رایانگەیاند، جەنەراڵێکی پێشووی سوپایان دەستگیر کردووە کە تۆمەتبارە بە بەشداریکردن لە سەرکوتکردنی خوێناویی خۆپێشاندانەکانی ساڵی 2011 کە بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگی نێوخۆی ئەو وڵاتە، هەروەها بەشداریکردن لە کۆمەڵکوژیی ساڵی 1982ـی شاری حەما.
لە راگەیێندراوێکدا، هێزە ئەمنییەکان رایانگەیاند: "لیوا محەممەد عەلی دورغام، ئەفسەری دیار لە دامەزراوەی سەربازی لە سەردەمی رژێمی پێشوو"ی بەشار ئەسەد دەستگیرکرا، کە لە کۆتایی ساڵی 2024دا دەسەڵاتەکەی رووخێندرا.
هێزە ئەمنییەکان ناوبراویان تۆمەتبار کردووە بە "دەرکردنی فەرمانی راستەوخۆ بۆ یەکەکانی بە مەبەستی تەقەکردن لە خۆپێشاندەرانی بێچەک لە گوندەواری دیمەشق" دوای سەرهەڵدانی خۆپێشاندانەکانی دژی ئەسەد لە ساڵی 2011دا.
دورغام لەنێوان ساڵانی 2009 بۆ 2013 فەرماندەیەکی مەیدانی بووە لە فیرقەی چوارەمی سوپا کە لەلایەن ماهر ئەسەد، برای بەشار ئەسەدەوە فەرماندەیی دەکرا.
لە ساڵی 2011دا، رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ لە زاری ئەفسەرێکی جیابووەوەی سوپای سووریاوە بڵاویکردەوە کە دورغام یەکێک بووە لەو جەنەراڵانەی "فەرمانی بە هێزەکانی کردووە تەقە لە خۆپێشاندەران بکەن، کاتێک یەکەکەی لە ناوچەکانی نێو دیمەشق و دەوروبەری جێگیر کرابوو." دورغام لە ساڵی 2012ـەوە لەژێر سزاکانی یەکێتیی ئەورووپادایە.
سەرکوتکارییەکانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئەو وڵاتەی گۆڕی بۆ جەنگێکی نێوخۆیی 13 ساڵە کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە نیو ملیۆن کەس.
دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا دەڵێن، دورغام لە ساڵی 1982 لە کاتی رووداوەکانی پارێزگای حەمادا دەستبەکاربووە و وەک "فەرماندەی مەفرەزەیەک لە لیواکانی بەرگری (سەرایا دیفاع)" کاری کردووە.
لە 2ـی شوباتی 1982دا، لەژێر بایکۆتێکی تەواوی زانیاری و میدیاییدا، حافز ئەسەد، باوکی بەشار ئەسەد و سەرۆکی ئەوکاتەی سووریا، هەڵمەتێکی سەرکوتکاریی دڕندانەی لە شاری حەمای نێوەڕاستی وڵاتەکە دژی راپەڕینێکی چەکداریی کۆمەڵەی ئیخوان موسلیمین دەستپێکرد. ئەو رزگاربووانەی شایەتحاڵی لەسێدارەدانە بێ دادگاییەکان بوون بە ئاژانسی فرانس پرێسیان راگەیاند، دەسەڵاتداران بەزەییان بە کەسدا نەهاتووەتەوە و هێزەکانی حکومەت پیاوان، ژنان و منداڵانیان کوشتووە.
ژمارەی قوربانیانی ئەو توندوتیژییەی کە 27 رۆژی خایاند هەرگیز بە فەرمی دیاری نەکرا، بەڵام بەپێی خەمڵاندنەکان لە نێوان 10 هەزار بۆ 40 هەزار کەس بووە، هەندێک سەرچاوەش ژمارەکە بە زیاتر لەوە دەخەمڵێنن.
لە دوای رووخانی بەشار ئەسەد لە کانوونی یەکەمی 2024، دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا دەیان بەرپرسی پێشووی ئەمنییان دەستگیرکردووە و پرۆسەی دادگاییکردنەکانیش لە مانگی نیسانەوە دەستیپێکردووە.
لە مانگی ئابدا، دادگەی سووریا سزای لەسێدارەدانی بە شێوەی ئامادەنەبوون بەسەر بەشار ئەسەد، ماهر ئەسەدی برای و پێنج بەرپرسی دیکەی ئەمنیدا سەپاند بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوان لە کاتی جەنگی نێوخۆدا، کە ئەمەش یەکەم بڕیاری لەو شێوەیە بوو لەلایەن دەسەڵاتدارانی نوێوە.
سەرۆکی پێشووی سووریا هاوکات لەگەڵ کەوتنی حکومەتەکەی لە وڵات هەڵات و دەگوترێت لە رووسیا نیشتەجێیە.


