جەنگی ئێران دۆخێکی تەواو نائاسایی بۆ کەرتی وزەی ئەمریکا دروستکردووە. لە کاتێکدا هاووڵاتیانی ئەمریکی لەژێر گوشاری بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی سووتەمەنیدان، کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت و گازی ئەمریکا، زۆرترین قازانجیان کردووە.
لەبەرئەوەش کەلێنێکی ئابووریی فراوان دروستبووە لە نێوان کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان کە ملیاران دۆلار قازانجیان کردووەو خێزانەکان کە ناچارن پارەیەکی زیاتر بدەنە بەنزین بۆ ئۆتۆمبێلەکان و سووتەمەنی بۆ گەرمکردنەوەی ماڵەکانیان.
کاریگەری جەنگ زۆر زیاترە لە بەرزبوونەوەی نرخی بەرمیلێک نەوت. جەنگ پێگەی ستراتیژیی ئەمریکای وەک یەکێک لە گەورەترین بەرهەمهێنەر و هەناردەکارانی وزەی جیهان بەهێزتر کردووە و بە ملیاران دۆلار داهاتی نوێی بۆ ئەو وڵاتە مسۆگەر کردووە. لە هەمان کاتدا، ئەم دۆخە کێشەیەکی گەورەی سیاسی بۆ ئیدارەی ترەمپ پێش هەڵبژاردنی نیوە خولی تشرینی دووەمی 2026 خولقاندووە. لەوانەیە کەرتی نەوت و گاز سوودمەند بووبێت لە جەنگی ئێران، بەڵام بۆ دەنگدەری ئەمریکی، ئەوەی لە هەموو شتێک گرنگترە ئەو پارەیەیە کە لە بەنزینخانەکان لە گیرفانیان دەڕوات و لەسەری مانگ لە هەژمارە بانکییەکانیان دەڕوات.
لە شۆکی وزەوە بۆ دەرفەتی هەناردەکردن
یەکەم کاریگەری جەنگی ئێران لەسەر نرخەکان بوو. لە دوای دەستپێکردنی جەنگ لە 28ـی شوباتی 2026ـەوە، بەهۆی پەککەوتنی هاتووچۆی کەشتیوانی لە تەنگەی هورمز، دابینکردنی وزە لەلایەن وڵاتانی کەنداوەوە بەڕێژەیەکی بەرچاو پەکیکەوت. بەپێی ئیدارەی زانیاریی وزەی ئەمریکا EIA، نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت لە مانگی ئاداردا لە 120 دۆلار نزیک بووەوە، لە نیسان دا گەیشتە 118 دۆلار و لە ئەیلوولیش دا تێکڕای 114 دۆلار بوو.
پێشبینییەکانی مانگی تشرینی یەکەمی ئەو دامەزراوەیە دەریخستووە تێکڕای نرخی نەوت لە چارەکی چوارەمی ئەمساڵ دا لە دەوروبەری 105 دۆلار دەبێت، لە کاتێکدا لە چارەکی کۆتایی 2025دا تەنیا 64 دۆلار بوو. شۆکەکە بەنزینخانەکانیشی گرتەوە. تاوەکو 26ـی تشرینی یەکەم، تێکڕای نرخی بەنزین لە ئەمریکا بۆ 4.29 دۆلار بۆ هەر گالۆنێک بەرزبووەوە، لەکاتێکدا پێش جەنگ نزیکەی 2.98 دۆلار بوو (بەرزبوونەوەی 44%). هاوکات نرخی گازوایل لە 3.76 دۆلارەوە بۆ 6.35 دۆلار بۆ هەر گالۆنێک هەڵکشا (بەرزبوونەوەی 69%).
رووەکەی دیکەی هاوکێشەکە ئەوەبوو کە ئەمریکا بووە جێگرەوەی سەرەکی بۆ دابینکردنی وزە لەسەر ئاستی جیهان دا. بەرزبوونەوەی نرخە نێودەوڵەتییەکان و پەککەوتنی هەناردەی کەنداو، کڕیارانی هاندا روو لە نەوتی خاو، سووتەمەنی و گازی سرووشتی شلکراوی ئەمریکا بکەن. ئەمەش دەرفەتێکی زێڕینی بۆ بەرهەمهێنەران، پاڵاوگەکان و هەناردەکارانی وزەی ئەمریکا رەخساند.
بەرهەمهێنان، هەناردە و داهاتی پێوانەییی کۆمپانیاکان
بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمریکا لە ئاستێکی بەرزدا ماوەتەوە. بەپێی ئیدارەی زانیاریی وزەی ئەمریکا، بەرهەمی نەوتی خاوی ئەمریکا لە نیوەی یەکەمی 2026دا رۆژانە 13.7 ملیۆن بەرمیل بووە و پێشبینی دەکات تەواوی ساڵەکە بە تێکڕا 13.8 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا تۆمار بکات، کە ژمارەی پێوانەیی و مێژوویی پێشوو تێدەپەڕێنێت.
گەورەترین دەستکەوتی بازرگانی لە بەشی هەناردەکردن و پاڵاوتندا بەدەستهاتووە. لە چارەکی دووەم دا، هەناردەی سووتەمەنی ئەمریکا گەیشتە 1.56 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا (30% لە سەرووی تێکڕای پێنج ساڵی رابردوو). هەناردەی سووتەمەنی فڕۆکەش گەیشتە 356 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا کە زیاتر لە دوو هێندەی تێکڕای پێنج ساڵی پێشوو بوو. هاوکات قازانجی پاڵاوتن لە ئەمریکا بە شێوازێکی بەرچاو بەرزبووەوە. قازانجی پاڵاوتنی بەنزین 60% بەرزبووەوە لە کاتێکدا قازانجی گازوایل و سووتەمەنیی فڕۆکە زیاتر لە دوو هێندە زیادی کرد.
کەرتی گازی سرووشتیی شلکراو LNG ، ئاراستەیەکی هاوشێوەی هەیە. هەناردەی گازی شلکراوی ئەمریکا لە نیوەی یەکەمی 2026دا گەیشتە 17.4 ملیار پێ سێجا لە رۆژێکدا کە بەڕێژەی 23% لەسەر بنەمای ساڵانە زیادی کردووە. داخرانی تەنگەی هورمز، نزیکەی 20%ـی گازی شلکراوی جیهانی (بەتایبەت قەتەر) پەکخست، ئەوەش کڕیارانی ئاسیای ناچارکرد کێبڕکێ لەسەر کڕینی گازی ئەمریکا بکەن، بەجۆرێک ناردنی گازی ئەمریکی بۆ ئاسیا زیاتر لە دوو هێندە بەراورد بە نیوەی یەکەمی 2025 زیادیکرد.
ئاماری دارایی کۆمپانیا نەوتییەکان ئەم دەستکەوتە گەورەیە دەردەخەن. کۆمپانیای ئیکسۆن مۆبیل داهاتی چارەکی سێیەمی بە 113.16 ملیار دۆلار راگەیاند (33% بەرزبوونەوە) و بەرنامەیەکی 20 ملیار دۆلاریی بۆ کڕینەوەی پشکەکانی خۆی ئاشکرا کرد. کۆمپانیای شێڤرۆنیش داهاتی 67.8 ملیار دۆلار و قازانجی 9.9 ملیار دۆلاری راگەیاند.
کۆمپانیاکان دەوڵەمەند دەبن و دەنگدەران باجەکەی دەدەن
لێرەدایە کە دەستکەوتە ئابوورییەکان دەبنە بارگرانییەکی سیاسیی قورس بۆ دۆناڵد ترەمپ. لەوانەیە ئەمریکا وەک وڵات پارەیەکی زۆر لە هەناردەکردنی وزە بەدەستبێنێت، بەڵام سوودمەندانی سەرەکی تەنیا کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنان، خاوەن پشکەکان و هەندێک ویلایەتی دیاریکراوی نەوتین. ئەمە لە کاتێکدایە باجی گرانی سووتەمەنی بەسەر شانی تەواوی خێزانەکانی ئەمریکا دابەش بووە.
ئاژانسی رۆیتەرز پێشبینیکردووە خێزانێکی ئاسایی ئەمریکی لە حەوت مانگی یەکەمی 2026دا مانگانە نزیکەی 456 دۆلاری بۆ کارەبا و بەنزین خەرج کردووە، کە 54 دۆلار (14%) زیاترە لە ساڵی پێشوو. ئەم گوشارە بەتایبەتی لە ویلایەتە یەکلانەبووەکان قورسە. خەرجی بەنزین بۆ خێزانەکان لەو ویلایەتانەدا لە 9 مانگی یەکەمدا بەڕێژەی 19% بۆ 23% بەرزبووەتەوە و تەنیا لە مانگی ئەیلوول دا لە ویلایەتەکانی وەک جۆرجیا، ئۆهایۆ و کارۆلینای باکوور نزیکەی 40% لە ساڵی پێشوو زیاتر بووە. راپرسییە هاوبەشەکەی رۆیتەرز و ئیپسۆس دەریخستووە کە 78%ـی ئەمریکییەکان سیاسەتەکانی ترەمپ بە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخەکان دادەنێن.
کەواتە کێشە سیاسییەکە تەنیا نرخی نەوت نییە، بەڵکو شێوازی دابەشبوونی داهاتەکەیە. بەرهەمهێنەرێک لە تەکساس دەوڵەمەند دەبێت، بەڵام شۆفێرێکی بارهەڵگر لە ئۆهایۆ، جووتیارێک لە جۆرجیا یان خێزانێک لە پێنسیلڤانیا باجی گرانی سووتەمەنی و گواستنەوە دەدەن. گرانبوونی گازوایل راستەوخۆ دەگاتە کەرتی کشتوکاڵ، گواستنەوەی خۆراک و لە کۆتاییشدا کاڵاکان لە هەموو بوارەکاندا گران دەکات.
هەڵبژاردنی 3ـی تشرینی دووەم و هاوکێشەی جەنگ
لە کاتێکدا ئەمریکییەکان لە سێی تشرینی دووەمدا دەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرجەم 435 ئەندامەکەی ئەنجوومەنی نوێنەران و نزیکەی سێیەکی ئەندامانی ئەنجوومەنی پیران، پرسی گرانی وزە و ژیان بووەتە تەوەرێکی سەرەکیی هەڵبژاردنەکە. راپرسییەکەی رۆیتەرز و ئیپسۆس ئاشکرای کردووە کە 54%ـی بەشداربووان پێیانوایە کە ئەم جەنگە نەدەبوو بکرایە و ئەوەی نەدەهێنا ئەو باجە قورسەی بۆ بدەی. ئەنجوومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەمریکاش تێچووی بژێویی ژیان و لێکەوتە ئابوورییەکانی جەنگی ئێرانی وەک گرنگترین هۆکار لە دیاریکردنی ئاراستەی دەنگدانی هاووڵاتیان لەقەڵەم داوە.



