بۆ زۆربەی خێزانەکان لە هەرێمی کوردستان، زێڕ تەنیا خشڵ و جوانکاری نییە، بەڵکو پاشەکەوت و سپاردەی رۆژانی تەنگانەیە و بۆ زۆربەی ماڵەکانیش جێگرەوەیەکی سەلامەتترە لە هەڵگرتنی پارەی کاش. هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە کە گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی نرخی جیهانیی زێڕ لە بۆرسەی نیویۆرک و لەندەن، کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ژیانی خەڵک هەیە. هەر هەڵبەز و دابەزێکی گەورە لە نرخی ئۆنسەدا، بەهای سامانی پاشەکەوتکراوی خێزانەکان دەگۆڕێت، بازاڕی زێڕنگەران دەشڵەژێنێت و کاریگەری لەسەر بڕیاری کڕین و فرۆشتنی هاونیشتمانیان دادەنێت.
دابەزینی ئەم دواییەی نرخی زێڕ یەکجار گەورە و کتوپڕ بوو. دوای ئەوەی لە مانگی کانوونی دووەمی 2026 گەیشتە ئاستی پێوانەییی نزیکەی 5,595 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک، زێڕ نزیکەی 1,700 دۆلار، واتە 30%ـی بەهاکەی لەدەست دا. رۆژی هەینی 30ی تشرینی یەکەم، نرخی زێڕ لە دەوروبەری 3,885 دۆلار داخرا کە نزمترین ئاستییەتی لە ماوەی نزیکەی یەک ساڵدا. تەنیا لە ماوەی مانگی تشرینی یەکەمدا بەهای زێڕ 6.5% دابەزیوە و درێژەی بەو پاشەکشەیە داوە کە لە مانگی ئەیلوولەوە دەستی پێکردووە.
بۆچی زێڕ دادەبەزێت کاتێک جیهان لە نێو جەنگ و ململانێدایە؟
پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە: بۆچی لە کاتێکدا جیهان رووبەڕووی ئاڵۆزیی جیۆپۆلەتیکی بووەتەوە و ئاسۆی ئابووریی جیهان نادیارە، لە جیاتی ئەوەی نرخی زێڕ بەرز ببێتەوە، دادەبەزێت؟
وەڵامەکە بە شێوەیەکی سەرەکی بەستراوەتەوە بە بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە. زێڕ تەنیا بەهۆی کڕین و هەڵگرتنی، هیچ سوودێکی دارایی ناچێتە سەری، ئەمە لە بەرامبەر سامانێکی دیکە کە قەواڵە دارایییەکانی گەنجینەی ئەمریکایە. قەواڵە دارایییەکانی گەنجینەی ئەمریکا بە سامانی سەلامەت هەژمار دەکرێن، لەبەر ئەوەی حکومەتی ئەمریکا گەرەنتی گەڕاندنەوەی سەرمایەی سەرەتایی ئەو قەواڵانە دەکات و ساڵانە سوودیشی دەچێتە سەر.
کاتێک وەبەرهێنەران پێشبینی دەکەن رێژەی سوودی بانکی بەرز بکرێتەوە، قەواڵەکانی گەنجینەی ئەمریکا و ئەو سەرمایانەی قازانجیان هەیە، سەرنجڕاکێشتر دەبن تاوەکو زێڕ، بەتایبەتی لەبەر بەرزیی رێژەی هەڵاوسان لە ئەمریکا، ئاساییە ئەگەر بانکی ناوەندیی ئەمریکا بەردەوام بێت لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی.
ئامارە نوێیەکانی هەڵاوسان لە ئەمریکا ئەم نیگەرانییەیان زیاتر کردووە. پێنوێنی خەرجییەکانی بەکاربردنی تاکەکەسی (PCE) لە مانگی ئەیلوولدا لەسەر بنەمای مانگانە بە رێژەی 0.5% و لەسەر بنەمای ساڵانەش بە رێژەی 3.6% بەرزبووەوە، کە زۆر لە سەرووی ئامانجی بانکی ناوەندییە کە 2%ـە.
لە لایەکی دیکەشەوە، نرخی نەوت کێشەکەی ئاڵۆزتر کردووە. سەرهەڵدانەوەی مەترسییەکان لەسەر تەنگەی هورمز، نرخی وزەی بەرز کردووەتەوە و تێچووی گواستنەوە، بەرهەمهێنان و نرخی کاڵای گرانتر کردووە. لە دۆخی ئاساییدا، گرانیی نەوت و ناسەقامگیری، پاڵپشتی لە بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ دەکەن وەک پەناگەیەک دژی هەڵاوسان، بەڵام ئەمجارە بە پێچەوانەوە، ترسی ئەوەیان دروست کردووە کە بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی وا لە بانکە ناوەندییەکان بکات رێژەی سوود بۆ ماوەیەکی درێژتر بە بەرزی بهێڵنەوە. ئێستا، کاریگەریی ئەم سیاسەتە نەختییە لە رۆڵی نەریتیی زێڕ وەک پەناگەی ئارام بەهێزترە.
فاکتەرێکی دیکەش، هەڵسوکەوتی وەبەرهێنەرانە لە کاتی شڵەژانی بازاڕی پشکەکاندا. کاتێک بۆرسەکان دادەڕمێن، وەبەرهێنەران زۆرجار ناچار دەبن بەشێک لە زێڕەکانیان بفرۆشن بۆ ئەوەی پارەی کاش پەیدا بکەن و زیانەکانیان لە بەشەکانی دیکەی بازاڕدا قەرەبوو بکەنەوە. ئەمەش بە دیاریکراوی رۆژی هەینی روویدا کاتێک پێنوێنی ناسداک بە رێژەی 2.9% و ئێس ئەند پی 500 بە رێژەی 1.8% داڕمان. لە جیاتی ئەوەی وەبەرهێنەران پەنا بۆ زێڕ ببەن، بەشێکیان دەستیان کرد بە فرۆشتنی زێڕ.
بانکە گەورەکان هێشتا چاوەڕوانی لووتکەی نوێن
سەرەڕای ئەم داڕمانە، دامەزراوە دارایییە گەورەکانی جیهان هێشتا پێشبینی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ دەکەن. لە راپرسییەکی ئاژانسی رۆیتەرزدا کە لە 27ی تشرینی یەکەم بڵاوکرایەوە، پێشبینییەکانی 30 شرۆڤەکار و بازرگانی ناسراو بۆ نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بۆ ساڵی 2026 بە 4,495 دۆلار و بۆ ساڵی 2027 بە 4,650 دۆلار دیاری کراون.
جۆڤانی ستاونۆڤۆ، شارەزایەکی بازاڕە داراییەکان لە بانکی یو بی ئێس (UBS) پێشبینی دەکات ئەگەر بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە داهاتوودا دەست بە کەمکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی بکاتەوە، نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ دەتوانێت ساڵی داهاتوو بگاتە 5,000 دۆلار یان زیاتریش.
ئەوەی بەردەوامی بەم پێشبینییە گەشبینانە دەدات، خواستی بەردەوامی بانکە ناوەندییەکانە بۆ کڕینی زێڕ، بەتایبەت لە سایەی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە دۆلاری ئەمریکی. نیگەرانییەکان لەبارەی ئاستی بەرزی قەرزی وڵاتان و دابەزینی توانای کڕینی دراوە فەرمییەکان، تەنیا لەبەر ئەوەی زێڕ تووشی دابەزینێکی کاتی بووەتەوە، لە ناو ناچن.
ئایا ئێستا کاتی کڕینە؟
پرسیاری ئێستا ئەوەیە کە ئایا ئەم داڕمانە دەرفەتێکی زێڕینە بۆ کڕیاران و وەبەرهێنەران، یاخود سەرەتای رەوتێکی درێژخایەنی دابەزینە؟ لە کورتخایەندا، ئامارەکانی هەڵاوسان و هەلیکار لە ئەمریکا و بڕیارەکانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا یەکلاکەرەوە دەبن. مانەوەی رێژەی سوودی بانکی لە ئاستە بەرزەکانی ئێستا و تەنانەت بەرزکردنەوەی زیاتری رێژەی سوودی بانکی، دەتوانێت زێڕ لە ئاستە نزمەکانی ئێستا بهێڵێتەوە، لە کاتێکدا نەرمبوونی سیاسەتی بانکی ناوەندی و دابەزاندنی سوودی بانکی دەتوانێت دەستبەجێ خواست بۆ زێڕ بەرز بکاتەوە.
دابەزینی ئەم دواییەی نرخی زێڕ ئاماژەیەکە لەسەر ئەوەی کە تەنانەت سەلامەتترین و مێژووییترین گەنجینەی سەرمایەش لە جیهاندا، پارێزراو نییە لە شۆک و پاشەکشەی بازاڕەکان. بانکە گەورەکان و ناوەندە داراییەکانی جیهان هێشتا چاویان لە نرخە بەرزەکانە، بەڵام رێگەی گەیشتنەوە بە لووتکەکانی پێشوو، لەوانەیە زۆر سەختتر و خاوتر بێت لەو هەڵکشانە خێرایەی لە سەرەتای ساڵدا تۆماری کردبوو.



