رەخنەی هونەری لە مێژووی هونەردا ژانرێکی سەرەکی بووە لە هاندانی هونەرمەندان بۆ داهێنانی باشتر، کە بەداخەوە لە کوردستان ئەم ژانرە وەک بابەتێکی سەرەکی تەماشا نەکراوە و بە جۆرێک لاوازە، لە نەبوونەوە نزیکە تاوەکو بوون.
مێژووی رەخنەی هونەری و ئەدەبی دەگەڕێتەوە بۆ ساتەوەختەکانی سەرەتای دروستبوونی هونەر بەگشتی، یەکەمین رەخنەگرانیش بینەری هونەرەکان یان وەرگرەکانیان بووە، بە ئێستاشەوە وەرگرانی هونەر بەشێکی سەرەکیی هەموو کارە هونەرییەکانن، چونکە هونەر بە شێوەیەکی گشتی بۆ خەڵک بەرهەمدەهێندرێت و مەبەست لێی دەربڕینێکی زاتی و زمانێکی پەیوەندیکردنی نەوە دوای نەوەیە بە وەرگرەکانیەوە، ئەم وەرگرانە دەشێ لۆکاڵی و ناوچەیی بن، دەشێ جیهانییش بن، بۆیە حسابکردن بۆ رەخنە و بینەر لەلای کەسی دروستکەر و هونەرمەندەوە دەتوانێت یارمەتیدەری داهێنانی باشتر بێت.
ئەم پێشەکیەی سەرەوەم تەنها بۆ ئەوەیە کە رێگەخۆشبکەم بۆ خۆم و هاوکارانم کە بە زمانی رەخنەگر باس لە هونەرەکان بکەن، لێرەشدا بابەتی سەرەکیی ئەم نووسینە پێداچوونەوەیەکی گشتییە بەوەی کە لە فیلمی سینەمایی "بەهەشت نابینیت، ئەگەر ژن بتکوژێت" لە دەرهێنانی هونەرمەندی کورد - نەرویجی بەڕێز هەڵکەوت مستەفا و لە نواندنی رۆڵی سەرەکی خاتوونێکی کوردە، کە یەکەمجارە کاری نواندن دەکات، بەناوی "ئاڤان جەمال."
بە شێوەیەکی گشتی دەتوانین بڵێین فیلمێکی سینەمایی تەواو عەیارە و بینەر بەدیار خۆیەوە دەهێڵێتەوە، دەتوانێت دەربڕی هەندێک کارەساتی گەورە بێت کە بەسەر کوردستان و ناوچەکەدا هاتووە و زۆر بە باشی باس لە توانای ژنی کورد دەکات لە پاراستنی خۆی و دەوروبەری و پێشەنگبوونی لە مێژووی پارێزگاری لە خاک، وڵات و نامووسی خۆی و دەوروبەری؛ ئەمانە وەک هێڵە گشتییەکەی فیلمەکە بوون، هەوڵدەدەین لێرە بەدواوە، بە سەرنجی وردتر و رۆچوونە ناو چیرۆک و بەرهەمهێنان و میوزیک و نواندن کەم کەم باس لە هەریەک لە پێکهێنەرە سەرەکییەکانی ناو فیلمەکە بکەین.
ناونیشانی فیلم:
سەرەتا با لە ناوی فیلمەکەوە دەستپێبکەین، "بەهەشت نابینیت، ئەگەر ژن بتکوژێت"، ناونیشانەکە وشەیەک نییە، بەڵکو رستەیەکی تەواوە لە رووی رێزمان و واتاوە، بە کەسی سێهەمی نادیار دەوترێت، بکەر لێرەدا ژنە و ئامۆژگاریت دەکات کە وریابە با ژن نەتکوژێت، چونکە ناچیتە بەهەشت، لە رووی ناونانی فیلمەوە ریسک و مەترسییەکی گەورەیە کە هێندە درێژ بێت؛ چونکە هەم توانای سپۆیڵ، واتە کەشفکردنی نهێنییەکانی هەیە و هەمیش پێویستی بەوەیە کە بە وردی روون بکرێتەوە بۆچی ئەم ناوەی لێنراوە. ئاشکرایە کە ئەمە بیروبۆچوونی تیرۆریستەکانی داعش بوو کە پێیان وابوو بەهەشت نابینن ئەگەر بێتو ژنێک بیانکوژێت، بەڵام خاڵی لاواز لە ناونیشانەکەدا لەوەدایە کە لە سەرەتاوە تاوەکو کۆتایی فیلمەکە بینەر چاوەڕێ دەکات کە روونکردنەوە بە بینەران بدرێت (بەتایبەت بۆ بینەرانی بیانی و جیهانی) کە ئەم ناوە لە کوێوە هاتووە و بۆچی ئەگەر ژن بتکوژێت بەهەشت نابینیت، بەداخەوە لە هیچ شوێنێک فرسەتێک سازنەکراوە کە ئەمە روون بکرێتەوە و ناونیشانەکە بە ناونیشانێکی وشک لەسەر پۆستەرەکە وەک هەر ناونیشانێکی دیکە جێدەمێنێت و بینەر نازانێت بۆچی وایە! چاوەڕێی ئەوە بووم کە لە دیالۆگی نێوان دوو شەڕکەری داعش دا ئەمە روون بکرایەتەوە، کە بێگومان هەم ناونیشانەکە مانادارتر دەبوو، هەم ناوەڕۆکی فیلمەکەش بۆ بینەری جیهانی روونتر دەبووەوە، بەگشتیش خاڵێکی بەهێزی بۆ ئەم فیلمە زیاتر دەکرد و دەشیتوانی لە رووی بازاڕگەرییەوە بینەری زیاتر بۆ فیلمەکە لە جیهاندا رابکێشێت.
چیرۆک و ناوەڕۆک:
هەرچەندە من لە رۆژی نمایشی تایبەت لە شاری هەولێر بە دیدێکی جیهانی و وەک بینەرێکی بیانی تەماشای فیلمەکەم کرد، رەنگە کەمتر رێگە بە خۆم بدەم باس لە ناوەڕۆک و چیرۆکەکەی بکەم، باشترە چاوەڕێی دیدی چیرۆکنووسان و گێڕەرەوەکانمان بین، دواجار وەڵامی فیلمساز رەنگە ئەوە بێت کە من بەو جۆرە دەیگێڕمەوە، کەسێکی دیکەش ئازادە چۆن بیگێڕێتەوە، بۆیە من کەمتر رۆدەچمە ناو بابەتی چیرۆک، بەڵام رێگە بە خۆم دەدەم ناوەڕۆکەکەی کە باس لە کارەساتی داگیرکاریەکانی رەشەهێزی داعش دەکات و هێرشەکانی بۆ سەر ناوچە کوردیەکان، بەتایبەتیش باس لە چیرۆکی خێزانێکی کورد دەکات کە بە گەشتێک لە وڵاتی نەرویجەوە دەگەڕێنەوە کوردستان (لە راستیدا زۆر روون نییە کە بۆچی لە موسڵ دەستگیر دەکرێن، چونکە کاتێک خۆیان بۆ هاتنەوە ئامادە دەکەن باسی هەرێمی کوردستان دەکەن نەک موسڵ، کە لە دەرەوەی جوگرافیای هەرێمی کوردستانە)، لەمەش وردتر باس لە قارەمانێتیی کچێکی کورد دەکات کە بۆ دۆزینەوەی خوشکە بچووکەکەی بەناو ئاگر و ئاودا دەڕوات تاوەکو خوشکەکەی بدۆزێتەوە و رزگاری بکات، تاوەکو ئێرە هەموو شتێک ئاساییە و بە بڕوای من دروستکردنی پاڵەوان لە فیلمێکی فیکشن یان چیرۆکئامێزدا ئاساییە پاڵنەری هێز و لێهاتوویی و کاریزمای هەبێت، بە نموونە تاوەکو ئێستاش 70%ی دانیشتووانی جیهان نازانن رامبۆ ناوی راستیەکەی سیلڤستەر ستالۆنە و لە سەردەمێکی تایبەتدا هەر مێرمنداڵێک ئەو فیلمە ببینێت وادەزانێت بەڕاستی رامبۆ ئەو توانایەی هەیە و دەتوانێت شکست بە فەوجێک سەرباز بهێنێت، ئەمەش ئەو براندینەیە کە لە فیلمەکانی هۆڵیوود دا بە شێوەیەکی شاراوە کاری لەسەر دەکرێت و براندین و نێوبانگ بۆ ئەمریکا و ئەمریکییەکان دروستدەکات، بۆیە لای من تاوەکو ئێرە مافی دەرهێنەرە کە کاراکتەرە سەرەکییەکەی شەڕکەرێکی کچی کوردی ئازا بێت و بتوانێت ئەو هەموو کارە دژوارە ئەنجام بدات.
خاڵی جێی سەرنج لای من و بینەرانی دیکەش تایبەت بەم کاراکتەرە بەهێزە، دەمێنێتەوە سەر ئەوەی کە ئایا لە کاراکتەرسازیدا و لە ژیانی پێش جەنگەکەدا ئەم کەسە بەتوانایە چی دەزانێت و چی دەکات، چۆن فێری ئەو هەموو کارە دژوارانە بووە، مێژووی زانین و ئاستی زانیاریەکانی لە جەنگدا لە کوێوە هێناوە، ئایا لە وڵاتی نەرویج لە قوتابخانەیە، کارمەندە، یان سەربازی ئەو وڵاتەیە وا هێندە شارەزایە لە جەنگدا، چونکە لەسەر شاشە دەنووسرێت 3 مانگ پاش جەنگی داعش ئەو دەگەڕێتەوە بۆ ناوجەرگەی جەنگەکە و دەچێتە هێڵەکانی پێشەوە، بەو پێیەی دەبێتە قەناس بەدەست، کەواتە دەبێت لە بەرەکانی پێشەوە بێت و جەنگاوەرێکی پارتیزان و وردەکاری باش بێت، بەڵام زۆر روون نییە کە ئایا ئەم هەموو زانین و شارەزاییە سەربازییەی لە کوێوە هێناوە، ئایا لەو سێ مانگەدا لە هێزەکانی زێرەڤانی وەریگرتووە، ئایا لە وڵاتی نەرویج فێربووە، بەم جۆرە ئەم گرێیەش لای بینەر بە نەکراوەیی دەمێنێتەوە، کە دیسان دەیڵێمەوە، رەنگە ویستی دەرهێنەر بێت کە ئەم پرسیارە لای منی بینەر بەبێ وەڵام بمێنێتەوە بۆ خۆمان.
ئاڵاکان و پەیژەی ئۆسکار:
بوونی ئاڵای کوردستان بەو زەقیە و ناوهێنانی هێزی پێشمەرگەی ژنان بە رۆشنی، خاڵێکی زێڕینی نێو ئەم فیلمەیە و جێی شانازییە بۆ هەر کوردێک لە هەر پارچەیەکی کوردستان، ئەوەی جێی تێڕامانە لای بینەرانی کورد، هەندێک مقۆمقۆی دروستکردووە "بە جۆرێک هەندێک لە رەخنەکان، فیلمەکە تاوانبار دەکەن بە شێواندنی مێژووی جەنگاوەری کورد" بە جۆرێک کە دەوترێت، جەنگاوەرانی ژنی کورد نێوبانگی جیهانیان لەدوای هێرشەکانی داعش بۆ رۆژئاوا و دروستکردنی هێزی یەکینەکانی پاراستنی ژنان لە رۆژئاوا دەگەڕێتەوە، چما لەم فیلمەدا ئاماژەیەک بەو بابەتە نەدراوە و ناوی پێشمەرگە زیاتر دەدرەوشێتەوە و بەتایبەتیش پێشمەرگەی ژن!
دەرهێنەر و بەرهەمهێنەری فیلمەکە رەنگە زۆر وردتر بیری لەم بابەتە کردبێتەوە و بڕیاری خۆی بە ئاگاییەوە دابێت، لە ناونەهێنانی هێزی ژنانی رۆژئاوا، بەو پێیەی فیلمەکە چەند ساڵێک، وەک دەرهێنەر دەڵێت، ماوەی 5 ساڵە کاری لەسەر دەکرێت، هەلومەرجێکی گونجاوی نەدۆزیبێتەوە بۆ ناوهێنانی یەکینەکانی پاراستنی ژنانی سەر بە رۆژئاوا، کە دیارە لە دەرەوەی جوگرافیای هەرێمی کوردستان و وڵاتی عێراقە، تاوەکو نەبێتە لەمپەرێک بۆ گەیشتنی بە پلاتفۆرمە جیهانییەکان، بەو پێودانگەی کە دەرهێنەر بڕیاری یەکلاکەرەوەی خۆی داوە کە ئەم فیلمە بۆ ناو و نێوبانگی پێشمەرگە دروستبکات، بەو پێیە بە وردی ناوی پێشمەرگە شیدەکاتەوە و ئاماژە بە ماناکەی دەکات لە فیلمەکەدا، ویستوویەتی خۆی لە دەستەواژەکانی وەک شەڕڤان و جەنگاوەرانی دەرەوەی سنووری هەرێمی کوردستان بپارێزێت لەپێناو هێشتنەوەی ناوی پێشمەرگە بە بۆڵدی و بە تۆخی.
لە لایەکی ترەوە بینینی سەربازانی سوپای عێراق بەو جۆرە و ئاڵای عێراق لەسەر تابووتی ئەو هەموو شەهیدەیان، مەبەستێکی شاراوە و زیرەکانەی دەرهێنەر بێت بۆ دیسان هێشتنەوەی ناوی پێشمەرگە بە بەرزی و نیشاندانی هێزە عێراقییەکان بەو فشەڵی و بێهێزییەی کە لە ماوەیەکی کەمدا چەندین سەربازیان لێ شەهید بووە، لەپاڵ ئەوەشدا دواجار جەنەراڵەکەی هێزی عێراقیش دیسان کوردە و کوردبوونەکەی وایلێدەکات باوەڕی تەواو بە پێشمەرگەیەکی قەناس بەدەستی کورد بهێنێت و پشتگیریی تەواوی خۆی بۆ نیشان بدات. ئەم ئاماژەیە بۆ هێزەکانی سوپای عێراق و نیشاندانی ئاڵای عێراق بەو زەقیە، دیسان جووڵەیەکی دیکەی دەرهێنەرە بۆ دۆزینەوەی پەیژەی سەرکەوتن بەرەو هۆڵ و فێستیڤاڵە جیهانییەکانی دونیا، بە نموونە "ئۆسکار" کە دیارە تەنها دەوڵەت و نەتەوەکان دەتوانن فیلم بەربژێر بکەن و کورد ئەگەر لە سپیلبێرگیش باشتر فیلم دروستبکات، بە نموونەی یەڵماز گونەی، بەهمەن قوبادی، هیشام زەمان، خودی هەڵکەوت مستەفاش، دواجار هەر دەبێت خۆی بە تەنافی پەڕینەوەی وڵاتێکی خاوەن سەروەریدا هەڵبواسێت بۆ گەیشتن بە هۆڵ و بۆنە گەورەکانی وەکو ئۆسکار، ئەمەش بەهۆی نەبوونی دەوڵەتێکی کوردی کە دیارە هەموو رۆژێک زیانەکانی ئەم بێدەوڵەتییە لەنێو داهێنەر و کولتوورکار و وەرزشکارانی کوردا لە جیهان دەبینینەوە، بۆیە بە رای من ئەمە جووڵەیەکی ژیرانەی دەرهێنەرێکی کوردە تاوەکو ئاڵای خۆی بە تەنافی وڵاتێکی تردا هەڵواسێت و بیگەیەنێتە خەڵاتە گەورەکانی وەک ئۆسکار.
میوزیک و ڤۆکەڵ:
وەک دەزانین، هەموو فیلمێک لە رووی بەرهەمهێنان و پاش بەرهەمهێنان ئامادە دەبێت، هیشتا ناکاتە 60%ی فیلمەکە و ئەو رێژە زۆرەی کە دەمێنێتەوە بەندە بە میوزیک و دەنگ و تۆماری دەنگی فیلمەکە. لە رووی میوزیکەوە ئەم فیلمە زۆر بە باشی هەندێک ئامێری کوردیی هەڵبژاردووە وەکو دودوک و باڵەبان، کە دەتوانێت کاریگەریی لەسەر هەست و نەستی بینەر دروستبکات، سەرنجی من لەسەر ڤۆکاڵ یان دەنگی ئاواز و زەمزەمەکانی فیلمەکەیە، کە لە راستیدا دەیتوانی زۆر باشتر بێت، هەڵبژاردنی دەنگی ڤۆکاڵیستەکە لەجیاتی ئەوەی کە هەنگاوێکی بابەتی دەنگ لە فیلمەکەدا پێشبخات، بەداخەوە لەکاتی هاتنی دەنگی ڤۆکاڵیستەکەدا میوزیک و دەنگی فیلمەکە ناگاتە شوێنێک کە یاری لەگەڵ هەستی بینەر بکات و هانی بدات لەگەڵ چیرۆکەکە بمێنێتەوە. لە دیمەنێکی فیلمەکەشدا کە گۆرانییەکی مامۆستا ماملێ دەگوترێتەوە، هەست بە نەگونجاویی کات و شوێنەکە دەکرێت و لیریکی گۆرانییەکەش لەجیاتی نزیککردنەوەی بابەتەکە "دیستراکشن" دوورخستنەوە لە بابەتەکە دروستدەکات، بەتایبەتیش کاتێک لەسەر دەستی جەنگاوەرێکی کچ و جەنەراڵێکی سوپا دەوترێت و زەمزەمە دەکرێت، ئەم چەند سەرنجەم بۆ گوێگری کوردە، ئەگینا بۆ گوێگرێک و بینەرێکی بیانی کە هەرگیز گوێی لە ماملێ نەبووبێت، بێگومان کاری خۆی دەکات بە زیادیشەوە، رەنگە وەک پێشنیاریش من دەنگی کەسانی وەک خاتوو کانی یان هانی بکەم بۆ ڤۆکەڵەکان پێشنیار بکەم، کە دەتوانێت زۆر زیاتر ئەم کارە هونەریە بباتە پێشەوە.
میدیا و پەیوەندییە گشتییەکان:
وەک هەر بوارێکی دیکەی هونەر، بڵاوکردنەوە و میدیا رۆڵی کاریگەر دەبینێت لە ناساندنی ئەم بەرهەمە سینەماییە، بەو پێیەی ئەمەیان بواری تایبەتی کارکردنی خۆمە، رای خۆم زۆر راشکاوانەتر دەردەبڕم کە بە هیوام بۆ بەرهەمی داهاتووی سینەمای کوردی کاریگەریی هەبێت. لەسەر ئاستی ناوخۆیی، بوونی سپۆنسەری میدیایی بۆ فیلمێکی سینەمایی دوو جەمسەری باش و خراپیشی هەیە، باشیەکەی لەوەدایە کە ئەو میدیایە زۆر لێبڕاوانە و زۆر بە خەستی بازاڕگەرییەکی باش بۆ فیلمەکە لەسەر ئاستی ناوخۆ دروستدەکات، لەم کارەشدا تۆڕی میدیایی رووداو جێدەستیان دیارە لە کاری سپۆنسەریکردنی بەرهەمە سینەماییەکانی کوردستان دا و توانیویانە وەکو میدیایەکی کاریگەر، کاری کۆمپانیاکانی بڵاوکردنەوەش بکەن و دەنگی ئەم بەرهەمە بە بینەرێکی زیاتر بگەیێنن و خەڵكێکی زیاتر هانبدەن تیکتی فیلمەکە بکڕن و لە سینەماکاندا بینەری بن. لە لایەکی دیکەوە بە ئەزموونی کارکردنی خۆم لەم بوارەدا، ئەوە دەزانم کە تەنها لەبەر ئەوەی یەک میدیا سپۆنسەری میدیاییە، ئیدی میدیاکانی دیکە هیچ گرنگییەکی پێنادەن و بۆشیان بکرێت لە رۆڵ و گرنگیی ئەو بەرهەمە کەمدەکەنەوە، کە ئەمەش خاڵێکی لاوازی ئێمەیە لە دونیای هونەر و داهێناندا و کەماسیەکی بەردەوامە لەکاری هونەری ئێمەدا. بە نموونە لە کاتێکدا کە من بەرپرسی بڵاوکردنەوەی فیلمی (09) بووم لە کوردستان و ئەورووپا، توانیمان هەموو میدیاکان کۆبکەینەوە لە دەوری ئەم بەرهەمە هونەریە و دەنگ و رەنگی فیلمەکە زۆر باشتر بە بینەری کورد لە هەر شوێنێکی جیهان بگەیێنین، ئەمە تەنها کارێک نەبووە کە من تێیدا بەرپرس بووبم و توانیبێتم سەرجەم میدیا کوردییەکان لە دەوری بەرهەم یان چالاکییە کولتوورییەکان کۆبکەینەوە، بە نموونە لە 25ەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی گەلاوێژ، توانیمان 48 میدیای کوردی لینکی بێ لۆگۆی بۆنەکەیان دەستبکەوێت و بێ جیاوازی و بێ هیچ سپۆنسەرێکی میدیایی هەمووان پێکەوە وەک کارێکی نیشتمانی کار بۆ سەرخستنی فێستیڤاڵەکە بکەن، لە کۆتاییدا زیاتر لە 7500 جار ناوی فێستیڤاڵەکە لە میدیاکاندا بە زمانە جیاوازەکان ئاماژەی پێدرابوو، دوا نموونەش لە هەمان ئاستی بەرپرسیارێتیمدا لە یازدەهەمین فێستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجە بوو، هەمان کارمان کرد و توانیمان هەموو میدیاکان لە یەک شوێندا کۆبکەینەوە و هەمووان وەک ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوەیی بەشداربن لە دروستکردنی دەنگێكی میدیایی بەهێز کە ئەنجامەکە ناوهێنانی فێستیڤاڵی هەنار بوو لە میدیاکاندا بە رێژەی 17 هەزار جار بە زمانە جیاوازەکان ئاماژەی پێکرابوو، بۆیە پێشنیاری من بۆ داهاتووی کاری نەتەوەیی و نیشتمانی، کۆدەنگیی میدیای کوردییە لە دەوری هەر چالاکییەک کە بتوانێت ناو و نێوبانگی کورد و کوردستان باشتر و گەورەتر بکات لە دونیای دەرەوە.
ریکۆرد و ژمارەکان:
وەک دوا بەشی ئەم نووسینە باس لە ژمارەکان دەکەم لە کارە هونەرییەکاندا، بۆ نموونە لەم بەرهەمەی هاوڕێم هەڵکەوت مستەفادا، سەرنجی میدیا و رەخنەگران لەسەر ژمارە گەورەکەی تێچووی فیلمەکەیە، کە لە زاری خۆیەوە 5,300,000 دۆلاری ئەمریکیی تێچووە، ئەمەش وایکردووە کە فیلمسازانی دیکەی کورد بپرسن، ئایا بەڕاستی ئەو ژمارەیە تێچووی راستەقینەیە، یان بۆ دروستکردنی دەنگێکی میدیایی بەهێز بەکاردێت، بە بڕوای من بەو پێیە هاوبەرهەمهێنەری فیلمەکە کۆمپانیا جیهانییەکانی دەرەوەن، بە نموونە کۆمپانیاکانی وڵاتی نەرویج (هێنێ فیلم)، بەکارهێنانی ژمارەی ناڕاست نەک خزمەت بە بەرهەمهێنەر و دروستکەرەکە ناکات، بەڵکو زیانی زۆریشی پێدەگەیێنێت، لانیکەم لەبەر ئەوەی لەو وڵاتانەدا باج هەیە و هەتا ژمارەی راگەیێندراو زیاتر بێت، ژمارەی باجەکەش لەسەریان زیاتر دەبێت، بۆیە کەمتر رێی تێدەچێت کە ژمارەکە ناڕاست بێت، بەو پێیەی خودی دەرهێنەر و بەرهەمهێنەر کاک هەڵکەوت خۆی هاووڵاتییەکی نەرویجییە و سبەی تووشی لێکۆڵینەوەی ورد دەبێت ئەگەر هاتوو ئەو ژمارانە ناڕاست بن، لە لایەکی دیکەوە رەنگە ئەو ژمارەیە بۆ ناوخۆی کوردستان ژمارەیەکی زەبەلاح بێت، ئەگینا بۆ فیلمسازانی جیهان ژمارەیەکی زۆر کەمە و دەچێتە ئاستی فیلمی بودجەی نزمەوە و ناگاتە 10%ی ئەو تێچووانەی کە ئەمڕۆ لە دونیای سینەمای جیهانیدا بەکاردەهێندرێن، بۆیە باشترە ئێمە سەرنجمان کەمتر لەسەر ئەم ژمارەیە بێت و زیاتر بیر لە ناوەرۆک و ئەنجامەکان بکەینەوە، نەک تێچوو.
لە رووی ریکۆردیشەوە، پێموایە ئەم فیلمە ئەگەر دژایەتیی ناوخۆیی رێگر نەبێت، رەنگە بتوانێت ریکۆردی بینەر لە سینەماکانی کوردستان و عێراق بشکێنێت و ببێتە یەکەمین فیلم کە زۆرترین ژمارەی بینەری هەبێت، جا بە دڵنیاییەوە خاڵییش نابێت لە سەرنج و تێبینی و رەخنە.
دوا سەرنجم بە گوتەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆتایی پێدەهێنم، کە لە راستیدا هێندەی من بەدواداچوونم کردبێت، بەڕێزیان درێخییان نەکردووە لە پاڵپشتیکردنی سینەماکارانی کورد، بەڵام بەداخەوە وەک هەر لایەنێکی دیکە ئەوە سینەماکاران خۆیان بوون کە هەریەکەو بە جۆرێک و لە قۆناخێکی کارکردنیاندا دڵی سیاسییەکانی ئەم هەرێمەیان رەنجاندووە و کارەکانیان بە نیوەناچڵ جێهێشتووە، بەرژەوەندیی کەسیی خۆیان پێش بەرژەوەندیی پرۆژە سینەماییەکان خستووە، بەڵام بەگشتی ئێستاش درەنگ نییە، وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی، "سینەما زۆر خێرا و باش دەتوانێت چیرۆکەکانی ئێمە بگەیێنێتە دونیای دەرەوەی خۆمان،" هەرچەندە ئەمە بۆ ئێمەومانان نوێ نییە و دەمێکە ئەم راستییە دەزانین و هاواری بۆ دەکەین چ لە تەلەڤیزیۆن، میدیا، دیدار و کۆنفرانس و چ لە دانیشتنە فەرمی و نافەرمییەکانیشدا، ئەم هەنگاوە کە پاڵپشتیی راستەوخۆی بەڕێزیانە بۆ سینەما، دڵخۆشکەرە و دەتوانێت هەنگاوی باشتر بەدوای خۆیدا بهێنێت و دواجار ئەوەی کە ئەنجامە، گێڕانەوەی چیرۆکی زیاتری کورد و کارەساتە مرۆییەکانی کە بەسەریدا هاتووە زیاد دەکات، وەک چۆن دەتوانێت زووتر و باشتر چیرۆکەکانمان بە بینەران و دونیای دەرەوەی خۆمان بگەیێنێت. ئەوە روونە کە چیرۆکەکانمان دەبێت خۆمان بیگێڕینەوە بۆ دونیا، ئەوان ناتوانن چیرۆکی گەلێک بگێڕنەوە کە خۆی خاوەنی یەکەمین شارستانیەت و داهێنانە، بەڵام دەتوانن بینەرێکی باش بن و هاندەرێکی باشتر بن بۆ گەیاندنی دەنگی کورد بە جیهان.
فیلمی سینەمایی "بەهەشت نابینیت، ئەگەر ژن بتکوژێت" هەنگاوێکی باشی دەرهێنەرێکی کوردە بۆ سەر پەردەی سینەماکانی جیهان و دەتوانێت رۆڵی باڵیۆزێکی کولتووریی باش بگێڕێت لە براندینی نەتەوەیی و گەیاندنی شانازیەکانی هێزی پێشمەرگە و وڵاتپارێزانی کورد بە جیهان، بە هیوای سەرکەوتن بۆ هەموو لایەک و بەرهەمی باشتر بۆ سینەماکارانی کورد.
نووسینی: سۆران نەقشبەندی، شارەزا لە دیپلۆماسیی کولتووری



