جەنگی ئەمریکا لەگەڵ ئێران، سێ چیرۆکی جیاوازی هەڵاوسانی بەدوای خۆیدا هێناوە. لە ئەمریکا، جەنگێک کە کاریگەرییەکەی تەنیا لە رێگەی نرخی نەوت و سووتەمەنییەوە بەدەرکەوت، هەڵاوسانی لە 2.4%ـەوە بۆ 4.2% لە مانگی ئایاردا بەرزکردەوە.
لە ئێران، کە چەقی جەنگەکەیە، هەڵاوسان 87.9%ـی تێپەڕاندووە و بەهای تمەن لە ماوەی دوو ساڵ دا شەش هێندە دابەزیوە. لە تورکیای دراوسێی ئێران، کە تەنیا کاریگەربووە بە لێکەوتەکانی وزە و دراو، هەڵاوسان لە ئاستی 31% بۆ 32% (ئامارە فەرمییەکانی حکومەت) جێگیربووە. ئەم سێ جۆرە لە هەڵاوسان دەریدەخەن کە کاریگەریی جەنگ بەپێی جۆری ئابووریی وڵاتەکان دەگۆڕێت.
هەمان جەنگ و دوو کەناڵی جیاوازی گواستنەوە
بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کاریگەریی جەنگ تەنیا لە رێگەی کەناڵی وزەوە گەیشتە ماڵان. داخستنی تەنگەی هورمز، نرخی بەنزینی بۆ سەرووی 4 دۆلار بۆ هەر گالۆنێک ( 3.8 لیتر) بەرزکردەوە. هەرچەندە ئەمە تێچوویەکی راستەقینەیە، بەڵام ئابوورییە 27 تریلیۆن دۆلارییەکەی ئەمریکا بەهۆی یەدەگی ستراتیژی نەوت و توانای پاڵاوتنەوە، توانی بەرگەی بگرێت. جەنگەکە گوشاری خستە سەر ئابووریی ئەمریکا، بەڵام پەکینەخست.
بۆ ئێران، جەنگەکە ئەو میکانیزمەی کردە ئامانج کە بەها بە دراوی نیشتمانی( تمەن) دەبەخشێت. زیاتر لە 90%ـی بازرگانیی ئێران و تەواوی داهاتی نەوتی ئەو وڵاتە بە تەنگەی هورمزدا تێدەپەڕێت. گەمارۆکانی واشنتن هەناردەی نەوتی ئێرانیان بۆ نزیکەی سفر دابەزاندووە، هەرچەندە هەندێک لە بەرپرسانی ئێران هەر دەڵێن بەردەوامن لە فرۆشتنی نەوت. بەهۆی نەمانی دراوی بیانی، بەهای تمەن لە 153 هەزار تمەن لە بەرامبەر یەک دۆلارەوە، دابەزیوە بۆ زیاتر لە 200 هەزار تمەن لە بەرامبەر یەک دۆلار دا. بانکی ناوەندیی ئێران پارەیەکی کاخەزی یەک ملیۆن تمەنی چاپ کردووە کە ئێستا بەهاکەی تەنیا 5 دۆلارە.
هەڵاوسان بەپێی ژمارەکان (تەممووزی 2026)
• ئەمریکا: رێژەی هەڵاوسان 3.4%، هۆکاری سەرەکی: بەرزبوونەوەی نرخی وزە.
• ئێران: رێژەی هەڵاوسان 87.9%، هۆکاری سەرەکی: داڕمانی بەهای دراو و گەمارۆدانی ئابووری.
• تورکیا: رێژەی هەڵاوسان 31.75%، هۆکاری سەرەکی: کێشەی درێژخایەن و نرخی وزە.
• گەشەی ئابووری: ئەمریکا (+1.8%)، ئێران (-5.4% بۆ -6.1%)، تورکیا (+3%).
ئایا هەڵاوسانی ئێران بەراورد دەکرێت بە تورکیا؟
هەندێک لە شارەزایانی ئێرانی هەوڵدەدەن هەڵاوسان لە ئێران و تورکیا پێکەوە هەڵسەنگێنن و بڵێین سەرەڕای جەنگ، هەڵاوسانی بەرز لە ئێران ئاساییە و هاوشێوەی تورکیایە، بەڵام داتاکان ئەمە رەتدەکەنەوە. هەڵاوسانی ئێران، (87.9%) نزیکەی سێ هێندەی تورکیایە،(31.75%).
بەڵام خاڵێکی سەرنجڕاکێش هەیە. سەرەڕای داڕمانی هەناردەی نەوت و قورسترین سزاکانی مێژوو بۆ سەر ئێران، هێشتا ئێران نەکەوتووەتە نێو هەڵاوسانی وێرانکەرەوە (Hyperinflation) کە تێیدا هەڵاوسانی مانگانە دەگاتە 50%.
هەڵاوسانی مانگانەی ئێران هێشتا لە خانەی یەک ژمارەیدایە (بەرزترین ئاستی 5.9% بووە). ئەمە نیشانیدەدات کە ئێران هێشتا کۆنترۆڵی دراوی لەدەست نەداوە، بەڵام لە بارودۆخێکی زۆر هەستیاردایە.
ئەگەر سزاکان تووندتربن؟
ئەو سزایانەی کە سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە 24ـی ئەم مانگەدا رایگەیاندن، تەنیا نەوت ناکاتە ئامانج، بەڵکو ئەو لایەنانەش دەگرێتەوە کە هاوکاریی ئێران دەکەن و پەیوەندی بازرگانی شاراوەو ئاشکرایان لەگەڵ ئێران دا هەیە، وەک کڕیارە چینییەکان و نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو.
چین بە تەنیا 90%ـی نەوتی ئێران دەکڕێت. ئەگەر سزاکان وایان لێبکات بکشێنەوە، دوایین سەرچاوەی داهاتی دۆلار و دراوی بیانی بۆ ئێران وشک دەبێت. ئەمەش تمەن بەرەو قۆناخێک دەبات کە لەوانەیە نرخی یەک دۆلار بەرزبکاتەوە بۆ 250 هەزار تمەن تاوەکو 300 هەزار تمەن. هەڵاوسانی ساڵانەش بە ئەگەری زۆرەوە 100% تێدەپەڕێنێت.
حکومەتی ئێران ئێستا بیر لەوە دەکاتەوە نرخی سووتەمەنی سێ هێندە بەرزبکاتەوە بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجە، بەڵام لە ترسی دووبارەبوونەوەی خۆپێشاندانەکانی 2019، تاوەکو ئێستا دوو جار بریارەکەی دواخستووە.
یەک جەنگ و سێ ئابووری جیاواز
زلهێزێک، ئەمریکا، کە تەنیا وەک باجێکی سەر بەنزین هەستی پێکرد. ئابوورییەکی گەمارۆدراو، ئێران، کە وەک داڕمانی دراو هەستی پێکرد و وڵاتێکی دراوسێ، تورکیا کە کێشەی هەڵاوسانی پێش جەنگی هەبوو. هەرچەندە ئێران زیانی گەورەی بەرکەوتووە، بەڵام تاوەکو ئێستا بەتەواوی دانەڕماوە. سزاکانی ئەم هەفتەیەی ئەمریکا رێک بۆ تاقیکردنەوەی ئەم خۆڕاگرییەی ئێران داڕێژراون.



