قەڵەمێک لە سویدەوە خۆی بۆ منداڵ تەرخان کرد. لە کچەکەی خۆیەوە دەستیپێکرد، بەڵام نەوەیەکی بە چیرۆکەکانی لە هەموو جیهان پەروەردە کرد. خەیاڵی فراوان کردن و فێری ئازایەتی کردن و پێی گوتن: "خەونەکانتان سنووری نییە." ئاسترید لیندگرین توانی نەوەیەک لە سەر کۆڵنەدان و بوێری و ئازایەتی بە زمانێکی پاراوی سادە پەروەردە بکات. چیرۆکەکانی بۆ 75 زمانی دونیا وەرگێڕدراون و نزیکەی 200 ملیۆن دانەی لێ فرۆشراون.
کاتێک باسی ئەدەبی منداڵان دەکەین، هەرگیز نابێت ناوی ئەم خانمە نووسەرە مەزنە پشتگوێ بخەین، چونکە توانی رێچکەیەکی نوێ بۆ ئەو ژانرە ئەدەبییە گرنگە بدۆزێتەوە و بووە قوتابخانەیەک بۆ نەوەکانی داهاتوو. چیرۆکەکانی تاوەکو ئێستاش لە ژووری نووستنی منداڵانی ئەورووپا و جیهان دەدۆزیتەوە، وێڕای ئەوەی بوونەتە هەوێنی بەرهەمی سینەمایی ناوازە و لە ساڵانی شەستی سەدەی رابردووەوە تاوەکو ئێستاش، وەبەرهێنەرانی سینەمای منداڵان سوودی لێ وەردەگرن.
لیندگرین لە وڵاتەکەی خۆی نۆبڵی وەرنەگرت، وێڕای ئەوەی رەخنەگران بە شایستەی دەزانن و چەندین جار ناوی وەک پاڵێوراو باس کراوە، بەڵام هەر سوید مەزنترین خەڵاتی نێودەوڵەتیی بە ناوی ئەوەوە بۆ ئەدەبی منداڵان دامەزراند، کە دەتوانین بە نۆبڵی ئەو ژانرە بیناسێنین.
ئاسترید ئانا ئێمیلییا لیندگرین لە 14ـی نۆڤەمبەری 1907 لە خێزانێکی جووتیار لە "ڤیمەربی" سەر بە پارێزگای سمۆلاند لە سوید لەدایک بووە. منداڵی دووەمی خێزانەکەی بووە دوای برایەک، پاشان دوو خوشکی لە خۆی بچووکتری هەبووە، کە لە گوندە خنجیلانەکەیان بە ناوی "نێس" ژیاون.
ئەگەرچی منداڵیی ئاسترید لیندگرین پڕ بوو لە خۆشەویستی و بەختەوەری، بەڵام ساڵانی هەرزەکاری بە پێچەوانەوە، زیاتر تاریک بوون، وەک خۆی باسی دەکات، کاتێک منداڵیی کۆتایی هات، ئەوەندە بە روونی بە بیری هاتووە، کە چەندە ترسناک بووە بزانیت چیتر ناتوانیت یاری بکەیت!
تەمەنی هەرزەکاری وەک چۆن بۆ زۆربەی هەرزەکاران تەمەنێکی ناسەقامگیرە، چونکە هەمیشە بە دوای خۆدۆزینەوە دا دەگەڕێین، ئەوا ئاستریدیش لەوە بێبەش نەبووە، بگرە خەمناکیش بووە بەوەی لای خەڵکی رووخساری جوان نییە! پێی وا بووە هەرگیز کەسێک عاشقی نابێت، ئیرەیی بەوانە بردووە عاشق دەبن.
دوای سێ ساڵ لە خوێندنی بنەڕەتی، ئاسترید و مادیکنی خوشکی، بەردەوامی بە خوێندنەکەیان دەدەن، کە لە سوید بە ناوەند هەژمار دەکرێت (واتە پۆلی چواری سەرەتایی خۆمان)، هەرچەندە تێچووی خوێندنیان ئەوکات بۆ هەر وەرزێک نزیکەی 30 کرۆن بوو.
بەداخەوە ئەو سەردەمە خوێندن بۆ هەموو منداڵان مافێکی رەوا نەبوو، چونکە بە پارە بووە، بەڵام ساموێلی باوکیان توانیویەتی پارەی ئاسترید و خوشک و براکانی بدات. ئاسترید بەڕاستی حەزی لە خوێندن بووە و مامۆستای زمانی باشی هەبووە. مامۆستا تێنگسترۆم، هانی نووسینەکانی دەدا و زۆرجار وتارەکانی بۆ پۆلەکە خوێندووەتەوە.
کاتێک تەمەنی سێزدە ساڵان بووە، وتارێکی بە ناوی "لە کێڵگەکەمان" لە رۆژنامەی ڤیمەربی ئەو سەردەمە دا بڵاوکردووەتەوە. ئاسترید هەموو کتێبەکانی ناو ئەو کتێبخانەیەی لە قوتابخانەکەیان دا هەبوو خوێندبووەوە. وەک خۆی دەڵێت: "ئاواتێکی هێندە گەورەم هەبووە بۆ خوێندنەوە کە سەیرە تاکە شت بیرم چووبوو بیخوێنمەوە خودی خۆم بوو."
لیندگرین کە دواتر دەبێتە بەناوبانگترین نووسەری چیرۆکی منداڵان، یەکەم ژن بوو لە شارۆچکە بچووکەکەی خۆیان قژی کورت کردووەتەوە. بەو کارەی جەنجاڵییەکی زۆری بەدوای خۆی دا دروست کردووە، چونکە بۆ ئەو سەردەمە نامۆ بووە. هەرچەندە خێزانەکەی پێیان باش نەبووە، بەڵام قبووڵیشیان کردووە.
لە تەمەنی شانزە ساڵی دا، دوای تەواوکردنی خوێندن، ئاسترید لیندگرین لە کۆمپانیای "ڤیمەربی تیدنینگ" دامەزراوە. رینهۆڵد بلۆمبێرگ، سەرنووسەری رۆژنامەکە سەرنجی دەچێتە سەر بەهرەی نووسینی ئاسترید، بەڵام سەرسامیی رینهۆڵد بە ئاسترید لە توانای نووسینەکەی زیاتر بوو، عاشقیشی ببوو.
لە بەهاری ساڵی 1926 ئاسترید لیندگرین بۆی دەرکەوت کە دووگیانە. دووگیانبوون وەک کچێک لە چاوی کۆمەڵگەوە کە شووی نەکردبێت، ئابڕووچوونێکی گەورە بوو، نەک تەنیا بۆ خودی ئاسترید، بەڵکو شەرمەزاریی بۆ هەموو خێزانەکەی بەدوای خۆی دا هێنا. رینهۆڵد بلۆمبێرگ لە ناوەڕاستی جیابوونەوەیەکی وێرانکەر دا بوو و باوکی حەوت منداڵ بوو. هیچ بژاردەیەکی دیکە بۆ ئاستریدی تەمەن 19 ساڵان نەبوو، جگە لەوەی ڤیمەربی بەجێبهێڵێت و بچێتە ستۆکهۆڵم، ئەمەش واتە سەرەتایەکی زۆر گران، چونکە هەژار و تەنیا بوو.
ئاسترید و رینهۆڵد بلۆمبێرگ بەردەوام پەیوەندییان هەبوو، پلانەکە ئەوە بوو هەر کە جیابوونەوەی رینهۆڵد یەکلایی بووەوە زەماوەند بکەن. کاتێک نزیکی منداڵبوون بوو، گەشتی بۆ کۆپنهاگنی پایتەختی دانیمارک کرد، بۆ ئەوەی منداڵەکەی لەوێ لەدایکببێت. "ریگشۆسپیالێت" تاکە نەخۆشخانە بوو کە پێویست نەبوو ناوی باوکی منداڵەکە تۆمار بکرێت. خێزانێکی دۆزیبووەوە بتوانێت ئاگاداری منداڵەکەی بن و پاش ماوەیەک کە هەستی کرد کاتی ئەوە هاتووە، بیگەڕێنێتەوە بۆ سوید.
پاش ئەوەی لە 4ـی کانوونی دووەمی 1926 کوڕەکەی لەدایک بوو، تەنیا چەند هەفتەی یەکەمی توانی لەگەڵی دا بەسەر بەرێت. هەموو ئەمانەش بۆ ئەوەی قسەوباسی شارەکەی نەیکاتە سووتەمەنی.
دوای ئەوەی گەڕایەوە ستۆکهۆڵم، یەکەم کاری ئاسترید لە ساڵی 1927 بە سکرتێری دەستیپێکرد لە بەشی رادیۆی ناوەندی بازرگانیی کتێبی سویدی. لەوێ وەڵامی سکاڵای کڕیارەکانی دەدایەوە، کە بە تەواوی تێنەدەگەیشتن چۆن رادیۆ نوێیەکەیان کار دەکات. رادیۆ ئەوکات لە ماڵە سویدییەکان دا، ئامێرێکی نوێی تەکنەلۆجیای "گەرم" بوو.
لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 1929 ماری ستیڤنز، دایەنی کوڕەکەی، بەهۆی نەخۆشیی دڵەوە لە نەخۆشخانە دەچێتە ژێر چاودێریی چڕەوە، بۆیە ئاسترید ناچار دەبێت گەشت بکاتەوە بۆ کۆپنهاگن بۆ ئەوەی "لاسێ"ـی کوڕی بهێنێتەوە لای خۆی. ئەوکات تەمەنی لاسێ سێ ساڵان دەبێت، سەرەتایەکی تەمومژاوی دەبێت بۆی، چونکە بە زمانی دانیمارکی قسە دەکات و خێزانی ستیڤنز بە خێزانی خۆی دەزانێت.
کاتێک لاسێ دێتە ستۆکهۆڵم، زۆر نەخۆش دەبێت، بۆیە ئاسترید دەزانێت سەختە بە منداڵێکی نەخۆشەوە لە کارکردن بەردەوام بێت. خێزانەکەی پێشنیازی ئەوەی بۆ دەکەن بگەڕێتەوە لە نێس بژی، بۆیە لە مانگی ئایاری ساڵی 1930 ئاسترید لەگەڵ کوڕەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پارێزگای ڤیمەربی.
بە ئەسپ و گالیسکە بە ناو ڤیمەربی دا دەڕۆن بۆ ئەوەی بە ئاشکرا نیشانی خەڵکی بدات لاسێ بەشێکە لە خێزانەکە و کۆتایی بەو هەموو قسە و باسانە بهێنن.
بۆ ماوەی ساڵێک لاسێ لە نێس دەمێنێتەوە و لە لایەن دایک و باوک و خوشک و براکانی ئاسترید پەروەردە دەکرێت.
لە ستۆکهۆڵم، ئاسترید زیاتر لە ستور لیندگرینی سەرۆکەکەیەوە نزیک دەبێتەوە و دەبێتە هۆی ئەوەی زەماوەند بکەن، چونکە زۆر عاشقی ئاسترید دەبێت. لە بەهاری ساڵی 1931 زەماوەندەکە دەکەن و دەچنە ئەپارتمانێکی دوو ژووری لە (S:t Eriksplan) لە ستۆکهۆڵم. ئەمەش واتە لە کۆتایی دا ئاسترید دەتوانێت لاسێی کوڕی بۆ هەمیشە بباتەوە لای خۆی.
لە ساڵی 1934 کچێکیان دەبێت بە ناوی "کارین" و دەبێتە دایکی دوو منداڵ. دوای ئەو هاوسەرگیرییە، ئاسترید دەبێتە ژنی ماڵەوە. بەڵام ئەو بەردەوام دەبێت لە یارمەتیدانی هاوژینەکەی و لە کاتی پێویستی دا ئامادەیی هەبووە.
ئەم خانمە کاتێکی زۆر لە دەرەوە لەگەڵ منداڵەکانی دا بەسەر دەبات، لە پارکەکان دا یاری کردووە لەگەڵیان و وەک دایکێکی ئاسایی نەبووە، حەزی لە یاریکردن و بازدان و سەرکەوتن بە سەر تەپۆڵکەکان بە هەمان شێوەی منداڵەکانی بووە. هەروەها گەورەکانی دیکەی بینیوە چۆن منداڵەکانیان پشتگوێ خستووە و سەرکوتیان دەکەن، ئەمە ناڕەحەتی کردووە.
ستور لیندگرینی هاوسەری کەسێکی کۆمەڵایەتی و گاڵتەئامێز بووە، چێژی لە بەسەربردنی کات لەگەڵ هاوڕێ باشەکانی لە چێشتخانەکانی ستۆکهۆڵم دا وەرگرتووە. ئاسترید هەندێک جار یاوەری دەکرد، بەڵام زۆر جار ئێوارانی لە ماڵەوە بە کتێبێکی باشەوە پێ باشتر بوو وەک لەو دانیشتنانە.
لە ئەیلوولی ساڵی 1939 جەنگی جیهانیی دووەم سەری هەڵدا. ئاسترید لیندگرین بڕیاری دا شەڕەکە بەبەڵگەنامە بکات و دەستی کرد بە بڕینی بابەتەکانی رۆژنامەکان و نووسین لە سەر هەردوو ژیانی رۆژانەی خۆی و هەم رەوتی شەڕەکە لە "رۆژنامەی جەنگ" دا.
ساڵی 1941، کارینی کچی ئاسترید نەخۆش دەکەوێت. لە سەر جێگە دەیویست دایکی چیرۆکێکی ئەفسووناوی بۆ بگێڕێتەوە. دایکی چیرۆکی "پیپی گۆرەوی درێژ”ی بۆ خوێندەوە، کە خۆی بۆی دروست کردبوو. ئاسترید هەر ئەو کاتە بە خەیاڵی دا هات ئەم ناوە رەنگە ببێتە یەکێک لە ناسراوترین کارەکتەرەکانی کتێبی منداڵان لە جیهان دا، چونکە ناوێکی نامۆیە و کچێکی نامۆیە لە جیهانی ئەفسانەی چیرۆکی منداڵان دا. هەرواش دەرچوو.
ناوبانگی گەورەی لیندگرین لە ساڵی 1945 بە بڵاوکردنەوەی کتێبی "پیپی گۆرەوی درێژ" دەستیپێکرد، کە یەکەم کتێبە لە زنجیرەیەک کە پیپی وەک کارەکتەری سەرەکی تێدا بوو. ئەم کچە جلوبەرگی سەیر و سەمەرەی لەبەر دەکرد، کە بە تەنیا لەگەڵ ئەسپ و مەیموونەکەیدا دەژیا، خاوەنی سامانێکی زۆر و هێزی جەستەیی یەکجار زۆر بوو، بە تەواوی لە دەرەوەی کۆنفۆرمیستی ژیانی رۆژانە وەستابوو و خەونی هەموو منداڵێکە بۆ ئازادی و دەسەڵات کە بە تەنیا بەرجەستەی بکات.
سەرسووڕهێنەریی پیپی لە دونیای منداڵ دا ئەوەیە، پیپی بە تەنیا دەچێتە سەر کەشتی، دەچێتە سێرک، ئەسپەکەی بە دەستێک بەرز دەکاتەوە، ئەمەش خەیاڵێکی زۆر فراوانە بۆ منداڵ.
چیرۆکەکانی پیپی لە سەرانسەری دونیا دا تاوەکو ئێستا دەخەمڵێندرێت بە نزیکەی 70-80 ملیۆن دانەی لێ فرۆشرابێت. بۆ تەواوی بەرهەمەکانی ئاسترید رەنگە لە نێوان 165 بۆ 170 ملیۆن لە هەموو بەرهەمەکانی فرۆشرابێت.
شاکاری پیپی وەرگێڕدراوە بۆ نزیکەی 75 زمان لە دونیا دا، کە ئەمە بەجیهانیبوونی ئەم چیرۆکە دەناسرێنرێت، بەڵام لەم ساڵانەی دوایی دا، بەتایبەت لە دوای 2014 بە دواوە رەوتێکی رەخنەگرانەی چەپ لە دژی ئاسترید لیندگرین و کارەکتەری پیپی گۆرەوی درێژ دروست بوون و کەوتنە دژایەتیکردنی بەرهەمی بەناوبانگی پیپی، بەڵام ئەمە هەرگیز لە مەزنیی ئەو نووسەرە و بەرهەمەکانی کەم ناکاتەوە.
هاوسەری ئاسترید لە 15ـی حوزەیرانی 1952 لە نەخۆشخانەی ساباتسبێرگ لە ستۆکهۆڵم و لە کاتێک دا ئاسترید بە دیارییەوە بوو، کۆچی دوایی کرد. خۆشەویستیی ئاسترید بۆ هاوژینەکەی وای کرد هەرگیز بیر لە هاوسەرگیری نەکاتەوە، بۆیە بۆ ماوەی پەنجا ساڵ بێ پیاو ژیا.
ساڵی 1970 سەرەتای قۆناغێکی نوێیە لە ژیانی ئاسترید لیندگرین . ئەو لە کارەکانی لە کۆمپانیای (Raben & Sjögren) خانەنشین دەبێت و لە پاییزی ساڵی 1973 دا رۆمانی "برایانی دڵی شێر" بڵاو دەکاتەوە. رۆمانێکی خۆشەویستی و ئەفسانەییە، باسی ململانێی نێوان چاکە و خراپە، دەربارەی بوێری و ترس، خۆشەویستی و مردن دەکات.
ئەم کتێبە کەوتە بەر تانەی رەخنەگرانەوە کە بە تەواوەتی خراپە و ستەمکاری نەخستووەتەڕوو، هەروەها هانی منداڵان بۆ خۆکوشتن دەدات! بەڵام وا دیار بوو ئەو منداڵانەی کتێبەکەیان دەخوێندەوە، بە شێوەیەکی تەواو جیاواز لە گەورەکان رووداوەکانیان بینی.
ئاسترید لیندگرین نەک هەر بووە یەکێک لە نووسەرە پێشەنگەکانی سوید، بەڵکو بووە یەکێک لە گرنگترین سەرکردەکانی بیروڕا لە وڵاتەکە دا. بە درێژایی ژیانی بەردەوام کاردانەوەی هەبوو بەرامبەر بە نادادپەروەری و ستەم. پابەندبوونی بە مافەکانی منداڵان زوو جێگیر بوو.
بە درێژایی تەواوی ژیانی هونەریی ئاسترید لیندگرین ، هێڵێکی نەگۆڕ و بەردەوامی هەبوو کە ئەویش: شەڕکردن بوو بۆ مافی هەموو منداڵان بۆ ئاسایش و خۆشەویستی. ئەم هەڵوێستە نزیکەی هەموو بەرهەمەکانی دەگرێتەوە.
کاتێک ئاسترید لە ساڵی 1978 خەڵاتی ئاشتیی کتێبفرۆشانی ئەڵمانی وەرگرت، کە داکۆکی لە مافی منداڵان و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لە نووسینەکانی دا رەنگی داوەتەوە، گوتارێکی خوێندەوە و بووە هۆی ئەوەی ساڵی دواتر لە سوید بە یاسا توندوتیژی دژی منداڵان قەدەغە بکرێت.
بەشێکیش لە پەیامەکەی بریتی بوو لەوەی: "هەموومان ئاشتیمان دەوێت. ئایا رێگەیەک نییە بتوانین بگۆڕێین پێش ئەوەی درەنگ بێت؟ بتوانین فێر بین خۆمان لە توندوتیژی دوور بخەینەوە؟ بە سادەیی هەوڵ بدەین ببینە جۆرێکی نوێ لە مرۆڤ. بەڵام ئەوە چۆن روو دەدات و لە کوێوە دەست پێ بکەین؟ پێم وایە دەبێت لە سفرەوە دەست پێ بکەین. لەگەڵ منداڵەکان دا."
لە پاییزی ساڵی 1985 دا ئاسترید و پزیشکی ڤێتێرنەری کریستینا فۆرسلوند چەندین بابەتیان نووسی، کە بووە هۆی بەرزکردنەوەی هۆشیاریی خەڵک لەوەی سوید چەندە خراپ مامەڵە لەگەڵ بەراز، مانگا، مریشک و ئاژەڵەکانی دیکە دەکات. بێگومان بابەتەکە لە دڵی ئاستریدەوە نزیک بوو، چونکە کچێکی گەورەبووی ناو کێڵگە بوو.
دوا کاری هونەریی گەورە کە ئاسترید لیندگرین ئەنجامی دەدات، شەمەندەفەری چیرۆکی ئەفسانەییە لە شاری جونی باکە لە ستۆکهۆڵم.
ئاسترید لیندگرین لە تەمەنی 91 ساڵی دا تووشی جەڵتەی مێشک دەبێت و تا دێت جووڵە و بەشداریکردن لە شوێنە گشتییەکان دا قورستر دەبێت. لە 28ـی کانوونی دووەمی ساڵی 2002 ئاسترید لیندگرین لە ماڵەکەی خۆی دا گیانی لەدەست دا.
هەرچەندە ئێستا ساڵانێکی زۆر بە سەر کۆچی دوایی ئاسترید لیندگرین تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا لە ناو کۆمەڵگەی سوید هەست بە بوونی ئەم کەسایەتییە دەکرێت. کتێبەکانی لە دایەنگە و قوتابخانە و شوێنە گشتییەکان دا دەبینرێت، سەیری فیلمەکانی دەکرێت، گۆرانییەکانی دەگوترێنەوە.
نەخۆشخانەی منداڵانی ئاسترید لیندگرین
نەخۆشخانەکە لە ساڵی 1998 کرایەوە و بەشێکە لە نەخۆشخانەی کارۆلینسکا لە ستۆکهۆڵم بە ناوی ئەم کەڵەنووسەرەوە ناونراوە. هۆکارەکەی ئەوەیە، بە درێژایی ژیانی، ئاسترید لیندگرین دەنگێکی بەهێز بووە بۆ مافەکانی منداڵان و سەلامەتییان. ئەو نەک تەنیا لە رێگەی کتێبەکانییەوە، بەڵکو لە رووی سیاسی و کۆمەڵایەتیشەوە بەشداری کردووە، لە وانەش دژی توندوتیژیی منداڵان و پێداگری لە مافی منداڵان کردووە، کە ئەم ناوە ئەمڕۆ بووەتە هێمایەک بۆ گرنگیدان و هاوسۆزی بۆ منداڵان، رێزگرتن لە هەست و پێداویستییەکانی منداڵان و چاودێریی سەلامەتی.
ئەوەی کە وای کرد ئەم نەخۆشخانەیە گرنگی زیاتری هەبێت ئەوەیە، نووسەر لە ژیان دا مابوو کاتێک ئەم نەخۆشخانەیە ناونرا ئاسترید لیندگرین .
لە ساڵی 2002 حکومەتی سوید خەڵاتێکی نێودەوڵەتی بە ناوی نووسەرەوە دامەزراند، کە خەڵاتی یادەوەریی ئاسترید لیندگرینە و ساڵانە دەبەخشرێت. پارەی خەڵاتەکە پێنج ملیۆن کرۆنی سویدییە، بەمەش دەبێتە گەورەترین خەڵاتی نێودەوڵەتیی ئەدەبی منداڵان و گەنجانی پێگەیشتوو لە جیهان دا.
لە ساڵی 2019 ئاسترید لیندگرین و پیپی، دراوی سویدی 20 کرۆنیان رازاندووەتەوە.
ئاسترید لیندگرین هەرگیز خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیاتی وەرنەگرت، هەرچەندە زۆرجار وەک بەربژێرێکی ئاشکرا باسی لێ دەکرا. سەرەڕای نەبردنەوەی خەڵاتی نۆبڵ، بەڵام ئەمڕۆ ئاسترید لیندگرین بە یەکێک لە گەورەترین نووسەرانی سوید و جیهان دادەنرێت. کاریگەریی ئەو لە سەر ماف، خەیاڵ و بوێریی منداڵان بۆ زۆر کەس لەوە زیاترە، کە خەڵات دەتوانێت هێما بێت.

خەڵاتەکانی نووسەر بەدەستی هێناون:
1945 – خەڵاتی کتێبی منداڵانی رابن و شیۆگرێن بۆ پیپی گۆرەوی درێژ
1958 – مەدالیای هانس کریستیان ئەندەرسۆن (بەناوبانگترین خەڵاتی کتێبی منداڵان لە جیهان دا)
1971 – ئێکسپرێنسێنس هێفاکلومپ
1978 – خەڵاتی ئاشتی لە ئەڵمانیا (بۆ ئاشتی، مرۆڤدۆستی و مافی منداڵان)
1994 – خەڵاتی نۆبڵی جێگرەوە (Right Livelihood Award)
1997 – مەدالیای شاهانەی سوید (Litteris et Artibus)
1999 – خەڵاتی گەورەی ئەکادیمیای سوید
2002دوای مردنی – خەڵاتی یادەوەریی ئاسترید لیندگرین (ALMA) بە یادی ئەو دامەزرا کە یەکێکە لە گەورەترین خەڵاتە ئەدەبییەکانی جیهان.

ئەرشیڤی ئاسترید لیندگرین
دوای مردنی، بنەماڵەکەی بەردەوام بوون لە بەخشینی بەڵگەنامە گرنگەکان بۆ ئەرشیڤەکانی نووسەر.
ئەرشیڤەکە گەورەترین ئەرشیڤە تاوەکو ئێستا تاکێکی سویدی بەجێی هێشتووە و کە 140 مەتر دەبێت، ئەوە بوو لە ساڵی 2005 ئەرشیڤی ئاسترید لیندگرین خرایە لیستی یونسکۆ. خەڵاتەکە لە لایەن یونسکۆوە دەدرێت بە ئەرشیڤ، مۆزەخانە یان بەڵگەنامەکان.
نووسەر کۆمەڵێک شاکاری دیکەی ناوازەی هەیە لە پاڵ پیپی کە زیاتر ئەم نووسەرەی پێ ناسراوە، وەک: ئێمیل، رۆنییا کچی تاڵانی، کارڵسۆن لە سەر سەقفەکە و مێدیکن و چەندین بەرهەمی دیکە.



