کشانەوەی فەرمی و تەواوی سەربازەکانی ئەمریکا لە عێراق، هۆکار و شێوازی پەیوەندیی نێوان هەردوو وڵات بابەتی ئەم گوتارە نییە، ئەوەی لێرەدا دەمەوێت باسی بکەم رووە پەیوەندیدارەکەیە بە هەرێمی کوردستانەوە بە شێوەیەکی تایبەت، چونکە لە لێدوانی سەرکردایەتیی سیاسیی کورد و رۆژنامە ئەمریکییەکان و لێدوانی دۆناڵد ترەم، سەرۆکی ئەمریکاشدا دەردەکەوێت کە کوردستان لەم هەنگاوەدا وەک بەشەکانی دیکەی عێراق نییە، دەکرێت مامەڵە و کاریگەریی لەسەر کوردستان بە چەشنێکی دیکە بێت، یان چەند پرسێک هەن پەیوەندیدار بە کشانەوەی ئەمریکییەکانەوە زیاتر لێکەوتەی بۆ سەر کوردستان دەبێت.
پێش ئەوەی ئەم وەڵامانە بدرێنەوە، با بنەمایەکی نەگۆڕ هەیە هیچ کات لەیاد نەچێت، ئەویش ئەوەیە وڵاتانی دراوسێ بە گشت پاشخانەکانیانەوە لە ئایینی و نەژادی، هەرێمی کوردستانێکی ئارامیان دەوێت لە بەرژەوەندیی خۆیان نەک هەرێمێکی بەهێز یان کاریگەر لەسەر نەخشەی نێودەوڵەتی، جیاوازییان تەنها لە میکانیزمی مامەڵەکردندایە نەک لە پرەنسیپەکاندا. بەتایبەت کە کوردستان وەک خۆی بوونێکی دانپێدانراوی فەرمیی نێودەوڵەتیی نییە، بۆیە لە هیچ هەنگاوێک ناسڵەمێنەوە ئەگەر ترسی نێودەوڵەتییان نەبێت.
دوو خاڵی زۆر سەرەکی هەن کوردستانیان ترساندووە، یان هیچ نەبێت دڵەڕاوکێیان دروستکردووە:
یەکەمیان: سەرهەڵدانەوەی داعش، ترس لە دووبارەبوونەوەی ئەزموونی ساڵی 2014، ئایا خودی هەمان رێکخراو بێت، یان فۆرمێکی دیکەی نوێ و گۆڕاو، هەروەک چۆن لە سەرەتاوە بە بزووتنەوەی یەکتاپەرستی و جیهاد دەستیان پێکرد، پاشان قاعیدە و سەری لە داعشەوە دەرچوو. ئەمجارەش درێژکراوەی داعش رەنگ و ناوێکی جیاواز بێت، ئەستەمە رێکخراوەکە خۆی ئەو توانایەی مابێت وەکو جاران خاک داگیر بکات، بەتایبەت پاش لەدەستدانی سووریا، بەڵام ترس لە شوێنێکی دیکەوە دێت.
ئەوانەی ئاگاداری دۆخەکە بن دەزانن داعش لەبەرچاوی دەوڵەتە هەرێمی و جیهانییەکانەوە دروست بوو، تەشەنەی کرد، لەژێر مانگە دەستکردەکانیانەوە جووڵا و دەستی بەسەر یەک لەسەر سێی خاکی عێراق دا گرت، پاشان دەزگا هەواڵگرییەکانی هەرێمی و نێودەوڵەتی بوونیان هەبووە لەنێویدا، رۆڵیان هەبووە لە ناردنی ئەندام و ئاراستەکردنی کردەوەکانیدا، ئێستا ئەگەر ئەمجارەش هەمان رەفتار لەلایەن دەوڵەتانەوە کرا و بە ئاراستەی هەرێمدا جووڵا، چی دەبێت ئەوکاتە؟ ئایا ئەمە ئەگەری روودانی هەیە؟ بەڵێ. رێکخراوی تووندڕەوی چەپ یان ئاینیی چەکدار بە ئاسانی دزە دەکرێتە ناویان و بەکرێگیراویان تێدا دروست دەکرێت.
دووەمین شتێک کە هەرێمی کوردستان دەترسێنێت، گرووپە چەکدارەکانن، کە لە 30ی ئەیلوول چەکیان رادەست نەکرد، بەنیازیش نین لە 30ی حوزەیرانی 2027دا چەک دابنێن، ئەو گرووپانە لە ماوەی رابردوودا بە دوو پاساو بۆردوومانی خاکی هەرێمیان دەکرد، یەکەمیان بوونی هێزی سەربازیی ئەمریکی لە چەند بنکەیەک لە هەرێمی کوردستان، دووەمیان لەکاتی بوونی هەر جیاوازییەک لەنێوان هەولێر و حکومەتی فیدراڵدا، لەو کاتانەدا ئەوان بۆردوومانی فڕۆکەخانە و کارگەی گازی کۆرمۆریان دەکرد، لەسەر خاکی ژێر دەسەڵاتی سوپای عێراقەوە مووشەک و درۆنیان دەهاوێشتە کوردستان، ئێستا سەربازانی ئەمریکا کشانەوە، بەڵام بە بیانووگرتنی پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا و پرسی بوجە و فرۆشتنی نەوت و هاوچەشنەکانی هەر ماون.
ئەوەی گومان دەکرێت ببێتە شوێنگرەوەی پاساوی بنکە سەربازییە ئەمریکییەکان، جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران و بوونی هێزە کوردییە ئێرانییەکانە لەسەر خاکی هەرێمی کوردستان، لە ماوەی رابردوودا و لەم نزیکانەدا لە چەند بەرنامەیەکی کەناڵە عەرەبییەکان بەشدار بووم، دۆسییەی ئەو گرووپانە کە ئێران دەڵێت، لە خۆکۆکردنەوەدان بۆ هێرشی سەربازیی زەوینی بۆ ناو خاکی ئێران، بە فیتی ئەمریکا و دەوڵەتی داگیرکەری ئیسرائیل، ئەم لێدوانانە لەلایەن کەسایەتییە میانڕەوەکانی ئێرانیشەوە دەدرێت، گوایە لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستانەوە چەک نێردراوەتە نێو خاکی ئێران، ئێستا ئەو دەنگۆیەی کە لەلایەن میدیای گرووپە چەکدرا عێراقییەکانەوە دەبیسترێت ئەوەیە، ئەگەر پێشمەرگە توانای لادان و لە جووڵە خستنی ئەو گرووپە کوردانەیان نییە، با رێگامان بدەن ئێمە بڕۆین بۆ هەرێمی کوردستان بۆ لێدان و فەوتاندنیان.
ئەو گرووپە چەکدارانە کە ئەجێندای خۆیانیان هەیە و جێبەجێی دەکەن لە دەرەوەی دەزگا فەرمییەکانی دەوڵەت، لە داهاتوودا ئامانجەکانی خۆیان لە بەرامبەر رێکخستنەوەی دۆخی سەربازییان، نەک رادەستکردنی چەک، دەسەپێنن بەسەر حکومەتەکەی بەڕێز عەلی زەیدی دا، سەرەتاکەشی هەر لەگەڵ نەمانی هێزە ئەمریکییەکاندا ناردنی یاسای حەشدی شەعبی بوو بۆ پەرلەمان، ئەو یاسایەی کە چەند ساڵێکە رێگەی تێپەڕاندنی بەڕوودا داخراوە. ئەگەر ئەو گرووپانە بە هەموو دەنگیان لە بەرەی ئێراندان دژ بە ئەمریکا و چاویان لە رابردوودا باش بە کوردستاندا هەڵنەدەهات، ئەوا ئاساییە بە هۆکارێکی گوشارخستنە سەر هەرێمی کوردستان ببیندرێن.
مافی خۆیەتی کوردستان دڵ ئارام نەبێت لە دۆخی پاش 30ی سێپتێمبەر و چاودێریی دۆخەکە بکات، تاوەکو ئەو ساتەی شتەکان بە تەواوی روون دەبنەوە.
ئەوەی ئەم ترسە کەم دەکاتەوە دوو خاڵە:
یەکەمیان، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەڕووی هەواڵگری و چاودێرییەوە لە عێراق دا ماوە، هەر دەشمێنێتەوە، چونکە ئەوە بەشێکە لە بوونی خۆی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، هەروەها هێزی تەواوی لە بنکە سەربازییەکانی لە ئوردن هەیە، پێگەیەکی دووریش نییە، هاوسنووری عێراقە.
دووەمیان، میکانیزم و رێگەی زۆر هەن بەدەست واشنتنەوە ئەگەر بیەوێت رێگا بگرێت لە هەر تێکدانێکی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت ئابوری و دۆلار و هاوکاریی ئاسایشی.
لێرەدا هەرێمی کوردستان دەخوازێت بە تەواوی لەگەڵ بەغدا پەیوەندییەکانی باش بن و هەوڵی دروستکردن و بونیادنانی پایەکانی سیستمی فیدراڵی لە عێراق دا بدات، چونکە لە کۆتاییدا ئەوە تاکە گەرەنتییەکە بۆ پاراستنی داهاتووی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان ئەگەرچی گرنگییەکی بێ ئەندازەیان هەیە، بەڵام ناوخۆ لەپێشینەیە، هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان دەگۆڕێن، کوردستانیش دەوڵەت نییە و بوونێکی نێودەوڵەتیی فەرمیی نییە، یاسا نێودەوڵەتییەکان نایپارێزن، ئەو پێگەیەی ئێستا هەیەتی دەگەڕێتەوە بۆ بارودۆخی ناوچەکە و لێزانینی سەرکردایەتیی سیاسیی کورد.



