لە مێژووی گەشەی کۆمەڵگا مرۆییەکاندا، هەندێک باڵەخانە تەنیا لە دار و بەرد و ئاسن دروست نابن، بەڵکو لە بیرۆکە و هیوا و داهاتووش بنیاد دەنرێن، قوتابخانە یەکێکە لەو باڵەخانانەی کە نرخ و گرنگییەکەی بە دیوار و پۆل و پەنجەرەکانی پێوانە ناکرێت، چونکە ئەوەی لە قوتابخانەدا دروست دەکرێت مرۆڤە، ئەو مرۆڤەی ئەمڕۆ لە پۆلی خوێندنەوەدا دانیشتووە، سبەی دەتوانێت ببێتە مامۆستا، پزیشک، ئەندازیار، زانا، بەڕێوەبەر، دامەزرێنەر و بەشێک لە رێبەرانی کۆمەڵگە.
لەئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین رێوڕەسمی بنیاتنان و رادەستکردنی قوتابخانەی بنەڕەتیی روانگە لەلایەن دەزگای روانگە تەنها پرۆژەیەکی بیناسازی نییە، بەڵکو دەکرێت وەک نموونەیەک لە تێگەیشتنێکی فراوانتر لە پەروەردە سەیر بکرێت، ئەوەی پەروەردە تەنها خزمەتێکی حکومی نییە، بەڵکو وەبەرهێنانێکی درێژخایەنی کۆمەڵایەتی و نیشتیمانییە، ئەم قوتابخانەیە لەسەر ئەرکی رێزدار نێچیرڤان بارزانی و لەلایەن دەزگای روانگە بە تێچووی 1,741,275,300 دینار و لە ماوەی 547 رۆژدا تەواو کراوە. پرۆژەکە لەسەر رووبەرێکی 7,000 مەتر دووجا بنیاد نراوە و 18 پۆلی خوێندن و تاقیگەکانی کیمیا و فیزیا و زیندەزانی و کتێبخانەی مۆدێرن و هۆڵی بۆنەی چالاکییە گشتییەکان ژووری مامۆستایان و کارگێڕی، ژووری فریاگوزاریی پزیشکی، کافتریا، یاریگای وەرزشی و بۆشاییە سەوزەکان لەخۆ دەگرێت، هەروەها بە سیستەمی وزەی خۆر کار دەکات و سیستەمی بەکارهێنانەوەی ئاوی بارانیشی بۆ دانراوە، بەڵام لە پشت ئەم ژمارە و تایبەتمەندییە تەکنیکییەدا پرسیارێکی گەورەتر هەیە، ئایا ئێمە تەنها قوتابخانە دروست دەکەین یان ژینگەی فێربوون و مرۆڤی داهاتوو دروست دەکەین؟
جان دیویی فەیلەسوف و پەروەردەکارێکی ناوداری ئەمریکی پەروەردەی بە پرۆسەی ژیان و گەشەکردنی مرۆڤ لە ناو کۆمەڵگادا دەبەستێتەوە، لە بیرکردنەوەی ئەودا قوتابخانە تەنها شوێنی گواستنەوەی زانیاری نییە، بەڵکو ژینگەیەکی زیندووی فێربوونە، کە منداڵ تێیدا فێری بیرکردنەوە و پرسیارکردن، چارەسەرکردنی کێشە، هاوکاری و بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی دەبێت، دیویی پەیوەندیی نێوان منداڵ و قوتابخانە و کۆمەڵگا بە بنەمایەکی گرنگی پەروەردە دەزانێت، بۆیە قوتابخانە نابێت تەنها شوێنی ئامادەکردنی قوتابی بۆ تاقیکردنەوە بێت، بەڵکو دەبێت شوێنی فێربوون لە رێگەی ئەزموون و ژیانی هاوبەش بێت ، لەم روانگەیەوە کتێبخانە، تاقیگە، یاریگا و بۆشاییە فێرکارییەکان تەنها شوێن و ئامراز نین؛ بەشێکن لە ژینگەیەکی دروستی گەشەپێدانی مرۆڤ، ئەمەش ئەوەمان بۆ دەردەخات کە لە قوتابخانەی روانگەدا گرنگی تەنها لە باڵەخانەکە نییە، بەڵکو لەو ژینگەی فێربوونەیە، کە دەتوانێت توانای بیرکردنەوە و داهێنان و بەرپرسیارێتیی نەوەیەکی نوێ پەرەپێبدات.
ئەمڕۆ جیهان بە خێرایی دەگۆڕێت، تەکنەلۆجیا زیرەکی دەستکرد و گۆڕانی بازاڕی کار و ئاڵۆزییە کۆمەڵایەتی و ژینگەییەکان داوای جۆرێکی نوێ لە تواناکانی مرۆڤ دەکەن، ستراتیژی پەروەردەی یونسکۆ بۆ 2026 کە لە ئەیلوولی ئەمساڵ بڵاوکراوەتەوە، جەخت لەوە دەکاتەوە، کە سیستەمە پەروەردەییەکان دەبێت لەگەڵ گۆڕانە خێراکاندا خۆیان بگونجێنن و لەگەڵ زیادکردنی دەستگەیشتن بە پەروەردە گرنگی بە ئەنجامی فێربوون یەکسانی و گەشەپێدانی تواناکانی منداڵان و گەنجان بدەن، لەم روانگەیەوە بوونی تاقیگەی فیزیا و کیمیا و زیندەزانی لە قوتابخانەی روانگەدا تەنها زیادکردنی ژمارەی ژوورەکان نییە، بەڵکو دەتوانێت قوتابی لە جیهانی تێۆرییەوە بباتە ناو جیهانی تاقیکردنەوە و پرسیار و دۆزینەوە، قوتابی کاتێک دەست بە تاقیکردنەوە دەکات، تەنها زانیارییەک وەرناگرێت، فێری ئەوە دەبێت کە چۆن پرسیار بکات، چۆن بەڵگە بخوازێت و چۆن لە ئەزموونەکەیەوە بگات بە ئەنجام.
لە ئابووریی نوێدا ئەم جۆرە توانایانە بەشێکن لە سەرمایەی مرۆیی، بانکى جیهانی لـە راپۆرتی سەرمایەیی مرۆییدا، سەرمایەی مرۆیی بە تەندروستی و زانست و تواناکان و ئەزموونی مرۆڤ پەیوەندیدار دەکات و جەخت لەوە دەکاتەوە، کە ئەم سەرمایەیە بنەمای گەشەی ئابووری و کەمکردنەوەی هەژاری و دروستکردنی هێزی کاری ئامادەی داهاتووە، بۆیە پارەیەک کە بۆ قوتابخانە خەرج دەکرێت تەنها خەرجییەک نییە، دەتوانێت وەبەرهێنان بێت، وەبەرهێنان لە بینا و باڵەخانەدا نییە، بەڵکو لە پشت بیناکەدا وەبەرهێنانە لە منداڵێک کە دەتوانێت دوای چەند ساڵێک ببێتە زانایەک، وەبەرهێنان لە تاقیگەیەکە، بەڵام لە پشت تاقیگەکەدا وەبەرهێنانە لە بیرۆکەیەک کە دەتوانێت کێشەیەک چارەسەر بکات، وەبەرهێنان لە کتێبخانەیەک، بەڵام لە پشت ئەو کتێبخانەیەدا وەبەرهێنانە لە توانای مرۆڤ بۆ خوێندنەوە و تێگەیشتن و بیرکردنەوە، بەڵام ئەگەر پەروەردە تەنها بە پێوانەی ئابووری بپێورێت، ئەوا بەشێکی گرنگی مانای مرۆیی و کۆمەڵایەتیی پەروەردەمان لەدەست دەدات.
مارتا نوسباوم فەیلەسووفی ئەمریکی لە فەلسەفەی سیاسی و ئەخلاقیی هاوچەرخدا، لە بیرکردنەوەکانی دەربارەی پەروەردە و هاووڵاتیبوونی دیموکراتیک جەخت لەوە دەکاتەوە، کە پەروەردە نابێت تەنها بۆ دروستکردنی هێزی کاری تەکنیکی بێت، بەڵکو دەبێت توانای بیرکردنەوەی رەخنەیی خەیاڵکردن و تێگەیشتن لە دید و ژیانی ئەوانی دیکە پەرەپێبدات، نوسباوم پەروەردەیەکی پشتبەستوو بە بیرکردنەوەی سوقراتی و توانای جیاکردنەوەی بەڵگە و هۆکار لە گفتوگۆی گشتییەکاندا بە گرنگ دەزانێت، لەم روانگەیەوە قوتابیی خوێندەوار تەنها ئەو کەسە نییە کە زانیاریی زۆری هەیە، گرنگتر ئەوەیە بتوانێت زانیارییەکەی بەشێوەیەکی رەخنەیی و بەرپرسیارانە بەکاربهێنێت، بەم مانایە ئەرکی قوتابخانە تەنها خوێندنی منداڵ نییە، بەڵکو پەرەپێدانی توانای مرۆڤە بۆ بیرکردنەوە تێگەیشتن و ژیان لەگەڵ ئەوانی دیکەدا.
لە قوتابخانەی روانگەدا، بوونی سیستەمی وزەی خۆر و سیستەمی بەکارهێنانەوەی ئاوی بارانیش تەنها تایبەتمەندییەکی تەکنیکی نییە، ئەگەر قوتابی لە قوتابخانەیەکدا ببینێت، کە وزەی خۆر بەکاردەهێنرێت، ئاوی باران کۆدەکرێتەوە و بۆشاییە سەوزەکان پارێزراون، خودی بیناکە دەتوانێت ببێتە وانەیەک لە بەرپرسیارێتیی ژینگەیی، ئەمە لەگەڵ ئاراستەی نوێی پەروەردەی جیهانییش هاوتەریبە، یونسکۆ لە پێشنیازی پەروەردە بۆ ئاشتی و مافی مرۆڤ و گەشەپێدانی بەردەوامدا جەخت لەوە دەکاتەوە، کە فێربوون دەبێت مرۆڤ بە زانست، بەها، هەڵوێست و توانایی پێویست ئامادە بکات بۆ ئەوەی بتوانێت بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە لە کۆمەڵگا و جیهاندا ژیان بکات.
بۆیە کار و پرۆژەی لەم جۆرە نابێت تەنها بە ژمارەی قوتابخانە و پۆل و تاقیگە هەژمار بکرێت، ئەگەر دەمانەوێت کوردستان لە داهاتوودا ئابوورییەکی بەهێزتر، دامەزراوەیەکی کاراتر و کۆمەڵگایەکی هۆشیارتر و نەوەیەکی توانادارتر هەبێت، پەروەردە دەبێت لە پەراوێزی سیاسەتی گشتییەوە بێتە ناوەڕاستی ستراتیژیی نیشتیمانی، چونکە نەوت و خاک و سامانی سرووشتی بە تەنیا وڵات دروست ناکەن، ئەوە مرۆڤەکانن کە سامانەکان دەگۆڕن بۆ توانای ئابووری و زانستی و دامەزراوەیی.
قوتابخانەی روانگە لە رانیە دەکرێت تەنها یەک بینای نوێ بێت، بەڵام بێشک لە پشت ئەم بینایەدا تێگەیشتنێکی ستراتیژی بۆ پەروەردە هەیە، بۆیە ئەوە مانایەکی زۆر گەورەتردەدات بە پرۆژەکەو لێرەوە کۆمەڵگا دەست دەکات بە وەبەرهێنان لەو سەرمایەیەی، کە نە بازاڕ دەتوانێت بیفرۆشێت و نە کەس دەتوانێت بیانبات، زانست، توانایی و هۆشیاریی مرۆڤ، راستە ئەمڕۆ دیوارەکان بۆ خوێندن دروست دەکرێن، بەڵام داهاتوو لەناو ئەو دیوارانەدا نەوەیەکی پێگەشتوو تێگەشتوو بونیاد دەنرێت، ئەگەر ئەمڕۆ پۆلێک دروست دەکەین لە راستیدا سبەینێک دروست دەکەین ئەگەر ئەمڕۆ کتێبخانەیەک دەکەینەوە لە ڕاستیدا دەرگای جیهانێک بەڕووی منداڵێکدا دەکەینەوەو ئەگەر ئەمڕۆ لە پەروەردە وەبەرهێنان دەکەین لە راستیدا لە توانای کوردستان بۆ بەردەوامبوون و پێشکەوتن وەبەرهێنان دەکەین، چونکە هیچ نیشتیمانێک بە درێژاییی دیوارەکانی قوتابخانەکانی ناوەستێت، بەڵکو بە قووڵاییی بیرکردنەوەی ئەو نەوەیە دەوەستێت، کە لەو قوتابخانانەدا پەروەردە دەکرێت.



