ئەوەی چاودێری چیرۆکی نەوت لە هەرێمی کوردستان دەکات، هەر لە دۆزینەوەی نەوت و دواتر گفتوگۆکردن لەگەڵ گەورە کۆمپانیا ئەمریکی و بەریتانی و رووسییەکان بۆ وەبەرهێنان تێیدا، کە مەبەستمان پڕۆسەی گەڕان و دەرهێنان تاوەکو هەناردەکردنی بۆ سەرانسەری جیهانە، دەزانێت قەبارەی ئەو موعجیزەیە چەندە کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پشتییەوە بوو، نێچیرڤان بارزانی، ئەو کاتەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بوو.
ئەمڕۆ نەوت پشکێکی گرنگی هەیە لە دابینکردنی وزە لە جیهان و ئەوەی زۆرترین نیگەرانی بۆ بازاڕە نێودەوڵەتییەکانی نەوت دروستدەکات کەمی وزە یان یاریکردنە بە نرخەکان و دابینکردنی، بەتایبەتی لە سەرانسەری ئەوروپا و ئەمریکا.
ئەم موعجیزەیە لەلایەن دان بروولیێت، وەزیری وزەی ئەمریکاوە، رۆژی هەینی ستایشکرا، ئەوەش لە میانی دیدارەکەی لەگەڵ مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەبارەی تواناکانی هەرێمی کوردستان لە هەناردەکردنی نەوت و سەرکەوتنی بەسەر لیبیا لە ئاستی هەناردەکردن، ئەو سەرکەوتنەی بە "موعجیزە" ناوبرد.
نێچیرڤان بارزانی شەڕی تووندی کرد لەپێناو ئەوەی دۆزینەوەی و هەناردەکردنی نەوت واقیع بێت نەوەک خەون، لەکاتی دۆزینەوەی تاوەکو هەناردەکردنی، بۆئەوەی سەرچاوەیەکی سەرەکی ئابووریی هەرێمی کوردستان بێت لەلایەک، هەرێمی کوردستانیش لەپێشینەی ئەو ناوچانە بێت کە وزەی جیهان دابیندەکەن. رژدیی بارزانی گەورە بوو بۆئەوەی سەربکەوێت لەو شەڕەدا کە تیرەکانی تێکەڵبوون لە نێوخۆ و نێودەوڵەتییدا، حکومەتی فیدراڵی بەبەهێزی بەرەوڕووی وەستاوەیەوە بۆئەوەی ئەو خەونە نەیەتەدی، پێش ئەوەی ناوچەکە بە رووداوەکانی داگیرکاریی رێکخراوی تیرۆریستی داعش و گەمارۆدانی هەرێمی کوردستان گڕبگرێت.
لە گفتوگۆیەکی رۆژنامەڤانیی مندا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانیی پێشووی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئێستای هەرێمی کوردستان لەبارەی سەرکەوتنی لە شەڕی نەوت و مامەڵەکردن لەگەڵ گەورە کۆمپانیاکانی جیهان، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "ئەوەمان بە رۆحی یەک تیمی بەدەستهێنا، لەپێناو خێری گەلەکەمان و هەرێمی کوردستان و تەواوی عێراق".
بروولیێت، وەزیری وزەی ئەمریکا پێش کۆبوونەوەی لەگەڵ مەسروور بارزانی لە پەراوێزی کۆنفڕانسی ئاسایشی میونشن کە رۆژی هەینی دەستیپێکرد، بە ژمارەیەک رۆژنامەڤانی گوت، کە ئاڵا شاڵی پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداویشی تێدابوو: "سەرەڕای ئەوەی کوردستان لەکەناری دەریادا نییە (لە هەموو لایەکەوە بە وشکانی دەورەدراوە) بەڵام توانایەکی گەورەی هەیە لە بەرهەمهێنانی نەوت و بەم بۆنەیەشەوە سوپاسی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەکەین".
لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی پێشبینییەکان بۆ کۆبوونەوەکە، بروولیێت گوتی: "پێموایە ئەمڕۆ ئاهەنگدەگێڕین بۆ موعجیزەیەک، موعجیزەکەی ئێوە، بۆ ئەوانەی کە نازانن باسی کام موعجیزە دەکەم، کورد بە وشکانی دەورەدراون و ئەوان لە ناوجەرگەی ئەم ناوچەیەن، بەڵام ئەمڕۆ زیاتر لە لیبیا نەوت هەناردە دەکەن".
داتاکانی پڕۆسەی هەناردەکردنی نەوت لە لیبیا بەشێوەیەکی رۆژانە لە پاشەکشەدایە و بەردەوامە، ئەوەش بەهۆی ئەو شەڕانەی لەو وڵاتەدا روودەدەن و کۆنترۆڵکردنی بەشێک لە کێڵگەکان و بەندەرەکانی نەوت لەلایەن هێزەکانی نزیک لە خەلیفە حەفتەر لە 18ی کانوونی دووەمی رابردووەوە، بەشێوەیەک کە ئاستی نەوتی هەناردەکراو بەم دواییە لە 1.2 ملیۆن بەرمیل رۆژانەوە بۆ 181 هەزار و 576 بەرمیل رۆژانە دابەزیووە.
بەگوێرەی (سی ئێن ئێن)، دامەزراوەی نیشتمانیی نەوتی لیبیا، حاڵەتی "تەواوی هێز"ی راگەیاندووە، دوای ئەوەی رێنمایی لە "فەرماندەیی گشتیی"یەوە بۆ هاتووە بۆ راگرتنی هەناردەکردنی نەوت لە پێنج دەربەند و ئاماژە هەن کە ئەوەی دەبێتە هۆی لەدەستدانی بەرهەمهێنان بە ئاستی 900 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا، کە زیانی دارایی بەبڕی 55 ملیۆن دۆلار رۆژانە لێدەکەوێتەوە.


.png&w=3840&q=75)
