ساڵی 1947دا نەتەوە یەکگرتووەکان پلانێکی هەبوو بۆ دابەشکردنی خاک لەنێوان یەهوودی و فەلەستینییەکان، بەجۆرێک 57٪ی بۆ لایەنی یەکەم و 43٪ی بۆ دەوڵەتێکی فەلەستینی تەرخان کرابوو، دوای دەیان ساڵ شەڕ و ئاژاوە، ئەمڕۆ فەلەستینییەکان بە کەمتر لە 22٪ی ئەو جوگرافیایەی جارانیش رازین، بەڵام هێشتا دوورن لەوەی دەوڵەت دابمەزرێنن. جەنگیز چاندار دەڵێ، کاتی خۆی زانکۆ ئەم بابەتە مێژووییەم کردبووە پرسیارێک بۆ خوێندکارانی قۆناخی کۆتایی و گوتبووم "ئایا باشتر نەبوو هەر لە سەرەتاوە عەرەب بڕیارنامەی ژمارە 181ی نەتەوە یەکگرتووەکانیان قبووڵ کردبایە؟ نمرەی تەواویشم بەو خوێندکارە دەدا کە بزانێت پرسیارەکە لە بنەڕەتەوە هەڵەیە؛ چونکە ناکرێت لە دەلاقەی ئەمڕۆوە سەیری داینامیک، دۆخ و هەلومەرجی رووداوەکانی رابردوو بکرێت." بەڵام ئایا ئەم لۆژیکە بۆ دۆخی ئێستای کورد لە سووریاش دروستە؟ ئایا باشتر نەدەبوو رێککەوتنی 10ی ئاداری 2025 جێبەجێ بکردایە، بەرلەوەی لە 29ی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا مل بۆ رێککەوتنێکی دیکە بدات کە دەستکەوتەکانی زۆر لەوەی ئادار کەمترن؟
ئەگەر چاندار ئەمڕۆ دیسان وانەی مێژووی بگوتایەتەوە و منیش خوێندکاری قۆناخی کۆتایی بوومایە، رەنگە نمرەی دەرچوونم نەهێنابایە؛ چونکە وەڵامەکەم پێچەوانەی ئەو بنەمایەیە دەبوو کە نمرەی لەسەر دەدرا. مەزڵووم عەبدی بۆخۆی لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ رووداو بە راشکاوی دانی بەوەدا نا کە دەبوو هەموو هەوڵێکی بۆ سەرخستنی رێککەوتنی 10ی ئادار بدایە، بەڵام وەهای نەکرد و ئەوەشی بە گەورەترین هەڵەی سیاسیی خۆی داناوە.
لە راستیدا هەڵسەنگاندنی ئەم "هەڵە"یەی کە مەزڵووم عەبدی باسی دەکات تەنیا بە بەراوردکردنی دوو دەقی رێککەوتن کۆتایی نایەت؛ پێویستە ئەوە بە بیر بهێنرێتەوە کە ئەوەی لە ماوەی کەمتر لە دوو ساڵی رابردوودا روویدا، نە ئەنجامی تاکە هەڵەیەک بوو، نە بڕیاری تاکەکەسێک و نە بەرهەمی قۆناخێکی کورتخایەن؛ بەڵکو دەرئەنجامی کەڵەکەبوونی زنجیرەیەک هەڵەی تاکتیکی و ستراتیژی، گۆڕانی هاوپەیمانییەکان، ئەنجامی مەیدانیی شەڕ و زاڵکردنی گوتاری ئایدیۆلۆژی بوو بەسەر خوێندنەوەی واقیعیی سیاسی و سەربازی. رێککەوتنی ئێستا لەگەڵ حکومەتی سووریا شکست و کۆتایی هەمیشەیی پرسی کوردی نییە، بەڵام ئەو دەسکەوتەش نییە کە هەندێک لایەن بانگەشەی بۆ دەکەن.
لە زمانی هاوسەنگییەوە بۆ زمانی باڵادەستی
رێککەوتنی 10ی ئاداری 2025 بە زمانی رێککەوتنێکی دوولایەنە داڕێژراوە، بەڵام رێککەوتنی 29ی کانوونی دووەمی 2026 زیاتر لە سەپاندنی مەرجەکانی لایەنێکی باڵادەست بەسەر لایەنێکی شکستخواردوودا دەچێت. مەزڵووم عەبدیش لە چاوپێکەوتنەکەی رووداو دا زیاتر لە جارێک باسی شکستی سەربازی خۆیان دەکات.
لە رێککەوتنی 10ی ئاداردا دان بە پێکهاتەی کوردی و مافە دەستوورییەکانی دا نرابوو، باس لە تێکەڵکردنی دامودەزگاکانی ئیدارەی خۆسەر لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریادا دەکرا و، حکومەتی سووریاش لەو کاتەدا بۆ شەڕی پاشماوەکانی رژێمی ئەسەد و بەڕێوەبردنی قۆناخی گواستنەوە، تاڕادەیەک وەک هاوبەشێکی سەربازی سەیری لایەنی کوردیی دەکرد، بەڵام لە رێککەوتنەکەی 29ی کانوونی دووەمدا، لەبری "تێکەڵبوون" چەمکی "رادەستکردن و وەرگرتن" زاڵە؛ لەبری دانپێدانانی راستەوخۆ بە مافە دەستوورییەکانی پێکهاتەی کوردی، تەنیا باس لە "ناوچە کوردییەکان" و رەچاوکردنی تایبەتمەندیی کوردی لە پەروەردە و چەند بوارێکی سنوورداردا دەکرێت.
کەواتە جیاوازییەکە تەنیا داڕشتنی زمانەوانی نییە، بەڵکو هەر یەکەیان بەرهەمی هاوسەنگییەکی جیاوازی هێزن. ئەوەشی کە لە نێوان ئەم دوو رێککەوتنەدا روویدا، دەرئەنجامی چەند هۆکارێکی ستراتیژی بوو:
یەکەم: وەرچەرخانی هاوسەنگی و گۆڕانی هاوپەیمانییەکان
ئەو دۆخەی دوای 2011 لە رۆژئاوای کوردستان هاتە کایەوە، نە بەرهەمی راپەڕینێکی سەرتاسەری بوو و نە ئەنجامی سەرکەوتنی شەڕێکی چەکداریی سەربەخۆ، بەڵکو لە سەرەتادا جۆرێک بوو لە سازان لەگەڵ رژێمی ئەسەد. رەنگە ئەمە بۆ لایەنی کوردی وەک دەستکەوتێک هاتبێتە پێشچاو، بەڵام بۆ ئەسەدیش حیساباتی ستراتیژیی لە پشت بوو؛ دەیویست قەڵخانێکی کوردی لە بەردەم تورکیا و ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دا دروست بکات و سەرنج و توانای سەربازیی خۆی بۆ شەڕکردن لەگەڵ هێزەکانی دیکە کۆبکاتەوە. ئەسەد وا بیری دەکردەوە دواتر دەتوانێت لە رێگەی سازانێکی ناوچەیی یان بەکارهێنانی هێز، ئەو ناوچانە بگەڕێنێتەوە ژێر رکێفی خۆی کە بۆ کوردی جێ هێشتبوو.
دواتر کورد بووە هاوپەیمانی سەربازیی ئەمریکا لە شەڕی دژی داعش، بەڵام ئەو پەیوەندییە هەر لە سەرەتاوە کاتی و سنووردار بوو. واشنتن هەسەدەی تەنیا وەک هاوبەشێکی مەیدانی بۆ شەڕی داعش دەبینی، بەڵام هاوکات بە گومانەوە سەیری پەیوەندیی ئەم هێزانە بە پەکەکە و کرانەوەیان بەڕووی دیمەشق، تاران و مۆسکۆدا دەکرد. لایەنی کوردیش هاوتەریب لەگەڵ هاوکاریی ئەمریکا، پەیوەندیی خۆی لەگەڵ سووریا، ئێران و رووسیا راگرت و وەک بەشێک لە پەکەکە مایەوە سەرەڕای ئەوەی بە گوتار نکۆڵی لێ دەکرد. ئەم سیاسەتە لە قۆناخێکدا بە مانۆڕ و راگرتنی هاوسەنگی لێکدەدرایەوە، بەڵام کاتێک ئاراستەی هاوکێشە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان گۆڕا، هەمان سیاسەت بووە سەرەتای کۆتایی. ناوچەکە دەگۆڕا، بەڵام لایەنی کوردی بە پێچەوانەی شەپۆلەکان مەلەی دەکرد: ستراتیژیی ئەمریکا لە شەڕی تیرۆر گۆڕابوو؛ مەترسییەکانی داعش کەمیان کردبوو، بیرۆکەی شەڕی داعش بە کۆنە جیهادییەکانیش بۆ ئەمریکا سەرنجراکێشتر ببوو. تورکیا لە دیزاینی نوێی سووریادا پێگەیەکی بەهێزتری وەردەگرت. ئەنقەرە و واشنتن کە پێشتر لەسەر زۆر پرس ناکۆک بوون، لانیکەم لە سووریا هاوتەریب بوون. ئەمەش وایدەکرد هەرێمێکی ئۆتۆنۆمیی سەربازی - سیاسی لە دەرەوەی دەسەڵاتی ناوەندیی سووریا لانیکەم بە بێ سازان مومکین نەبێت. کێشەکە تەنیا گۆڕانی هاوپەیمانییەکان نەبوو؛ بەڵکو ئەوە بوو کە لایەنی کوردی نەیتوانی بە خێرایی و دروستی خۆی لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییەدا بگونجێنێت.
دووەم: بەبارمتەگیرانی بڕیار و لەدەستدانی هاوسەنگی لەگەڵ تورکیا
چاوپێکەوتنەکەی مەزڵووم عەبدی بە ناڕاستەوخۆ ئەوە دەردەخات کە ویستوویەتی رێککەوتنەکەی 10ی ئادار جێبەجێ بکات، بەڵام لایەنی دیکە وەها بیری نەکردووەتەوە! ئەمەش ئەو بۆچوونە بەهێز دەکات کە ناوەندی یەکلاکردنەوەی بڕیار لە دەرەوەی رۆژئاوا و کوردی رۆژئاوا بوو.
گرێدانی پرسی کوردی لە سووریا بە ململانێی پەکەکە و ئەنقەرەوە و حیسابنەکردن بۆ سەنگی تورکیا، هەڵەیەکی ستراتیژیی گەورە بوو. ئەحمەد شەرع پێشتر لەناو قاعیدە و دەرهاوێشتەکانیدا کاری دەکرد، بەڵام دواتر توانی گوتار، پێگە و هاوپەیمانییەکانی بگۆڕێت و خۆی لەگەڵ واقیعی نوێ بگونجێنێت؛ بەڵام پەیەدە و یەپەگە نەیانتوانی هێڵی سیاسی و بڕیاری خۆیان بەشێوەیەکی دوور لە ململانێی پەکەکە لەگەڵ تورکیا و بە پیی دۆخی دوای ئەسەد دیاری بکەن. لە ئەنجامدا، دەوڵەت و هێزە ناوچەییەکان لەگەڵ لایەنە براوەکانی سووریا رێککەوتن و ئەوانیش لە پەراوێزدا مانەوە و، کاتێک بەرەو سازان هەنگاوی نا کە هاوسەنگیی هێز بە تەواوی گۆڕابوو.
لە ساڵی 2019دا بەرپرسێکی پێشووی ئەمریکی لە کۆبوونەوەیەکی "ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو" گوتبووی: "دواجار ئەگەر ئەمریکا ناچار بێت لە نێوان هەسەدە و تورکیادا یەکێکیان هەڵبژێرێت، بێگومان تورکیا هەڵدەبژێرێت؛ بۆیە پێویستە کورد خۆی رێگەیەک بۆ رێککەوتن لەگەڵ سووریا و تورکیا بدۆزێتەوە." دواتر هەمان تێڕوانین لە کتێبی The Melting Pointی ژەنراڵ فرانک مەککێنزیدا (کە لە ساڵی 2024 و پێش رووخانی ئەسەد بڵاوکرایەوە) دووپات کرایەوە؛ ئەویش هۆشداریی دابوو کە ئەگەری زۆرە هەسەدە ببێتە دۆڕاوی سەرەکیی شەڕی سووریا. کەواتە پێچەوانەوەی وانە مێژووییەکەی فەلەستین لێرە دیاربوو کە چی روودەدات، بەڵام ئەوەی کەم بوو بڕیارێکی سیاسی بوو کە لە کاتی خۆیدا بدرێت.
سێیەم: ئایدۆلۆژیا و داڕمانی سەربازی
شکستی سەربازی بەشێکی دیکەی ئەم قەیرانە بوو کە عەبدی خۆیشی بە راشکاوی دانی پێداناوە. پشتئەستووربوون بە گوتاری ئایدیۆلۆژی لەبری خوێندنەوەی واقیعیی کۆمەڵایەتی و سەربازی گورزێکی کوشندەی لێدا. بە پشتپێبەستن بە درووشمی "برایەتیی گەلان"، وا گریمانە دەکرا کە دەتوانن درێژە بە هاوپەیمانییەکی سەربازیی کوردی–عەرەبی لەنێو هەسەدە بدەن و لە کاتی گۆڕانی هاوکێشەکانیشدا پارێزراو بمێنێتەوە؛ بەڵام هاوبەشییەک کە تەنیا بەهۆی پێداویستیی کاتیی شەڕەوە دروست بووبێت، تەنیا بە ئایدیۆلۆژیا پایەدار نابێت. کاتێک هاوکێشەکان پێچەوانە بوونەوە، هۆز و چەکدارە عەرەبەکان کشانەوە و هێڵەکانی بەرگری لە ماوەیەکی کورتدا داڕمان. ئەمەش دەریخست فراوانیی جوگرافیای ژێر دەسەڵاتی هەسەدە هەمیشە بە واتای پتەویی بنکەی کۆمەڵایەتی و سیاسیی ئەو دەسەڵاتە وەک لە گریمانە ئایدۆلۆژییەکانی خۆیاندا پیشبینییان دەکرد.
رێککەوتنی نوێ و دۆخی داهاتوو
بێ هیچ دوودڵییەک، بنەمای ئەم رێککەوتنە نوێیە وەک هەنگاوێکی ناچاری و لە هەمانکاتدا دروستیش بوو؛ چونکە دوای تێکچوونی هاوسەنگیی هێز و داڕمانی بەرگری، بەردەوامبوون لە شەڕ زیانی زۆر گەورەتری لێ دەکەوتەوە.
وەرگرتنی پۆستی سیاسی لەلایەن مەزڵووم عەبدیشەوە بڕیارێکی واقیعبینانەیە. لە دۆخی نوێی سووریادا، بوون لە دیمەشق باشترە لە دوورکەوتنەوە و پەراوێزکەوتن. هەرچەند هەبوونی پۆستی سیاسی ناتوانێت بۆشایی لەدەستچوونی دەسەڵاتی سیاسی و مەیدانی پڕ بکاتەوە. بێچگە لەوەی بۆ خۆیشی، مانەوەی عەبدی لە دەرەوەی پرۆسەی فەرمی، مەترسیی سیاسی و ئەمنیی گەورەی بۆخۆی دروست دەکرد؛ ئێرە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە و هاوکێشەی "هاوسەنگیی هەڕەشە" تێیدا لە هەر شوێنێکی دیکە کاراترە و، هێزی ناوخۆیی و دەرەکی هەن کە دەتوانن بوونی فیگەرێکی وەک عەبدی لە دەرەوەی دەسەڵاتی فەرمی وەک هەڕەشەیەک لێکبدەنەوە.
خاڵێکی دیکە ئەوەیە سەرۆککۆماری سووریا لە مەرسوومێکدا ناوی "ناوچەی کوردی" دەهێنێت و گفتوگۆ لەسەر پرسی زمانی کوردی دەکرێت، ئەمەش دەکرێت هەنگاوێکی سەرەتایی بێت بۆ داننان بە جوگرافیا و زمانی کوردی. هەڵبەت تا ئەم مافانە نەچنە ناو دەستوورەوە هیچ گرەنتییەکی پابەندکەریان نابێت. لە رووی سەربازییەوە، پێکهێنانی چەند لیوایەک لە ئارادایە، بەڵام ئەمە بڕیاری سەربەخۆیان نییە، چونکە فەرماندەیی و جووڵەیان دواجار لە دەستی حکومەتی دیمەشقدا دەبێت. عەبدی ئاماژە بە ئامادەیی ئەمریکا لە رێککەوتنەکان و گەرەنتی سەرۆککۆماری فەرەنسا کردووە، بەڵام ئەم بەڵێنانە هیچ بەڵگەنامەیەکی نووسراو و پابەندکەری نێودەوڵەتی نین و دەکرێ لەگەڵ گۆڕانکاری لە هاوسەنگیی هێزدا هەڵبوەشێدرێنەوە.
دۆخی نوێ مۆنۆپۆلی زیاتر لە یەک دەیەی پەکەکە بەسەر پرسی کوردی رۆژئاوادا لاواز دەکات. لەم قۆناخەدا ئەکتەر و رەوتی زیاتر دەرفەتی بەشداریکردنیان دەبێت، بەڵام لە هەمان کاتدا پرسی کورد بە گشتی لاواز بووە. لەم قۆناخەدا، ئەگەر دۆخی جیۆپۆلەتیکی ناوچەکە هەر ئاوا بەردەوام بێت تاکە شتێک کە پرسی کورد بپارێزێت بریتییە لە کاری پێکەوەیی لایەنە کوردییەکان، بەهێزکردنی ئامادەییی هاوبەش لە دیمەشق، و چەسپاندنی ئەم بەڵێنانە لە دەستوور و دامەزراوە فەرمییەکاندا.


