دوای شەش مانگ لە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، کە لە 28ی شوباتی 2026 دەستی پێکرد، ئابووریی ئەو وڵاتە لە دۆخێکی هەستیاری درێژخایەنی سەردەمی سزاکانەوە، گۆڕدراوە بۆ دۆخێک کە ئێستا چەندین دامەزراوەی نێودەوڵەتی بە "داڕمانی تەواو" ناوی دەنێن. گۆڕەپانی سەرەکیی جەنگەکە دەرکەوت کە ئابوورییە. گەمارۆی دەریایی تەنگەی هورمز، راگرتنی نزیکەی تەواوی هەناردەی نەوت و دابەزینی خێرای بەهای دراوی ئێران، پێکەوە خراپترین قەیرانی ئابووریی ئێرانیان لە دوای ساڵانی 1980وە دروستکردووە.
داڕمانی تمەن
دابەزینی بەهای تمەن بەڕوونی قەیرانەکە نیشاندەدات. تمەن لە جەنگی 12 رۆژەی مانگی شەشی ساڵی رابردووەوە تاوەکو ئێستا نزیکەی 60%ی بەهاکەی لەدەستداوە. ئەم ساڵ نرخی تمەن بەردەوام بووە لە دابەزین. تاوەکو مانگی نیسانی ئەم ساڵ، یەک دۆلار بە نزیکەی 132 بۆ 140 هەزار تمەن مامەڵەی پێوە دەکرا. تاوەکو کۆتایی مانگی ئاب، نرخی یەک دۆلار 200 هەزار تمەنی تێپەڕاند. ئەمە بەهۆی خولی نوێی سزاکانی واشنتن و پەککەوتنی بازرگانییە بەهۆی گەمارۆی ئەمریکاوە.
هەڵاوسان و داڕمانی توانای کڕین
هەڵاوسانی ساڵانە کە پێش جەنگ لە سەرووی 50% بوو، ئێستا لەلایەن سندوقی نێودەوڵەتی دراو و چاودێرە سەربەخۆکانەوە بە 66% تاوەکو 68.9% بۆ ساڵی 2026 دەخەمڵێندرێت، کە بەرزترین ئاستە لە دوای ساڵی 1979ەوە. راپۆرتە فەرمییەکانی حکومەتی ئێران ئاماژە بەوە دەکەن کە نرخەکان لە ماوەی شەش مانگی جەنگەکە نزیکەی 6% بەرزبوونەتەوە، بەڵام هەر ئەو راپۆرتانە جەخت لەوە دەکەنەوە کە هەڵاوسان لە نرخی خۆراک کە لە مانگی تشرینی یەکەمی 2025 دا 64% بوو، لە مانگی شوبات بۆ 105% بەرزبووەوە.
بۆ خێزانە ئێرانییەکان ئەمە بە واتای بەرزبوونەوەی سەرسووڕهێنەری هەفتانە و هەندێک جار رۆژانەی نرخەکان دێت. یەک کیلۆ پەتاتە لە تاران لە ماوەی یەک هەفتەدا لە 0.39 دۆلارەوە بۆ 0.52 دۆلار بەرزبووەوە. یەک دەستەی هێلکەی 30 دانەیی لە 2.90 دۆلارەوە بۆ 4.15 دۆلار بەرزبووەوە. نرخی نانیش بەراورد بە ساڵی رابردوو دوو هێندە بەرزبووەتەوە. کەمترین مووچەی دیاریکراوی حکومەت ئێستا یەکسانە بە 82 بۆ 108 دۆلار لە مانگێکدا، ئەمەش وایکردووە متمانەی بەکاربەر و هاووڵاتی بەتەواوی لەنێوبچێت و مووچەی بەشێکی زۆری خەڵک بێ بەها ببێت. دووکانداران باس لەوە دەکەن کە فرۆشیان بە رێژەی 40% بەراورد بە ساڵی رابردوو کەمی کردووە و خاوەنکارە بچووکەکان هۆشداریی مایەپوچبوون دەدەن.
هەناردەی نەوت و گوشاری دارایی
نەوت ئەو کەرتەیە کە کاریگەری دارایی جەنگەکەی راستەوخۆ پێوەدیارە. ئێران لە مانگی شوبات دا، پێش دەستپێکردنی هێرشەکان، رۆژانە نزیکەی 2.1 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە دەکرد. تاوەکو مانگی ئایار، هەناردەی نەوتی خاو لەژێر گەمارۆی دەریایی ئەمریکادا بۆ نزیکەی سفر دابەزی بەپێی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان. داهاتی هەناردەی مانگانە کە پێشتر لە سەرووی 4 ملیار دۆلار بوو، بۆ کەمتر لە 200 ملیۆن دۆلار دابەزی کە داڕمانێکی زیاتر لە 95%ییە. دامەزراوەی بەرگریکردن لە دیموکراسییەکان FDD، زیانی ئابووریی رۆژانەی گەمارۆکە بە نزیکەی 435 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنێت. (ئاکسیۆس) بە جیا بڵاویکردەوە کە گەمارۆی ئەمریکا تەنیا تاوەکو مانگی ئایار لانیکەم 4.8 ملیار دۆلار زیانی لە ئێران داوە. لەبەرئەوەی داهاتی نەوت تاوەکو پێش جەنگ نزیکەی چارەکێکی بودجەی حکومەتی ئێرانی دابین دەکرد، ئێستا ئەو بۆشاییە گەورەیە لە بودجەدا لە رێگەی باجی ناوخۆیی، هەناردەی نانەوتی و بەکارهێنانی یەدەگەکانی پێش جەنگ پڕدەکرێتەوە. سیاسەتێک کە بەرپرسان بە نهێنی دان بەوە دادەنێن کە ناتوانرێت بەردەوام بێت. پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند کە بازرگانی دەرەکی بە رێژەی نزیکەی 35% کەمی کردووە.
بەرهەمی ناوخۆیی و بازاڕی کار
خەمڵاندنەکانی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو لەسەر ئابووریی ئێران، ئەم ساڵ دوو جار گۆڕدراون و هەردوو جارەکە پشێبینی خاوبوونەوەی ئابوورییان بۆ ئێران کردووە. پێشبینیی گەشەیەکی کەمی ئابووری بۆ ساڵی 2026 ، لە مانگی نیسان دا گۆڕدرا بۆ پاشەکشەی -6.1%، پاشان لە مانگی تەممووزدا بۆ -5.4% گۆرانکاریی تێدا کرا، لەبەرئەوەی دۆخەکە دوای لووتکەی گەمارۆکە، کەمێک جێگیر و هێوربوونەوەی پێوەدیاربوو. بانکی جیهانی بەجیا پاشەکشەی 2.7%ی بۆ ساڵی دارایی ئێران کە لە ئاداری 2026 کۆتایی دێت، پێشبینی کردووە. بێکاری بۆ ساڵی 2026 بە 9.2% پێشبینی دەکرێت و بەهۆی هێرشەکان بۆ سەر ژێرخانی پێترۆکیمیایی و کارگەکان هەلی کاری راستەقینە لە کەرتی پیشەسازیدا کەم بووەتەوە.
سێ سیناریۆ
رۆژنامەی ئابووریی (دونیای ئیقتیساد)ـی ئێرانی، 12 بۆ 24 مانگی داهاتووی ئێرانی لە رێگەی سێ سیناریۆوە شرۆڤەکردووە:
- سیناریۆی گەشبینانە: رێککەوتنی کۆتایی تاوەکو ئەیلوولی 2026 دەکرێت و سزاکانی سەر ئێڕان لادەدرێن و پارە بۆ ئاوەدانکردنەوەی وێرانییەکانی جەنگ تەرخان دەکرێت.
- سیناریۆی مامناوەند: یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان ئێران و ئەمریکا دەمێنێتەوە، بەڵام رێککەوتنی هەمەلایەنە تاوەکو ساڵی 2027 دوادەکەوێت.
- سیناریۆی رەشبینانە: بەردەوامبوونی گەمارۆکان و کارپێنەکردنی یادداشتی لێکتێگەیشتن کە هەڵاوسانی لە رادەبەدەر و کەمەرشکێن (Hyperinflation)ـی بەدواوە دێت.
.jpg&w=3840&q=75)


