رووداو دیجیتاڵ
لێکۆڵەر و زمانناسێکی کورد لە فەرەنسا، دکتۆرایەک لە بارەی ئەنفالەوە بەدەستهێنا. تێزی دکتۆراکەشی وەک خۆی دەڵێ، شیکردنەوەیەکی قووڵی زمانەوانی و مرۆییە بۆ تراژیدیای ئەنفال. دەشڵێت، لەلایەن ناوەندە ئەکادیمییەکانی فەرەنساوە بە هەنگاوێکی مێژوویی بۆ ناساندنی جینۆسایدی کورد دادەنرێت.
تێزی دکتۆراکەی عادل حەسەن رەشید، کە خەڵکی دهۆکە، لە هەزار و 125 لاپەڕە پێکهاتووە. د. عادل حەسەن بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دکتۆراکەی لە زانکۆی (رۆن) لە فەرەنسا بە ناونیشانی (کۆمەڵکوژکردنی کوردان لە هەڵمەتی ئەنفال؛ شیکردنەوەی وتار بە پشتبەستن بە شایەتیی رزگاربووان) بە پلەی باياب بەدەستهێناوە.
دکتۆر عادل حەسەن گوتی: "ئەمە تەنیا سەرکەوتنێکی کەسی نییە، بەڵکو گەیاندنی دەنگی مەزڵومییەتی گەلی کوردە بۆ ناو جەرگەی زانکۆکانی جیهان. ئەنفال قووڵترین برینی مێژووی ئێمەیە و دەبێ بە زمانی زانست و بەڵگە بۆ جیهان بسەلمێنرێت."
پێکهاتەی سەرەکیی توێژینەوەکە پشتی بە شیکردنەوەی 38 تۆماری دەنگیی شایەتحاڵانی ئەنفال بەستووە، کە لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون و وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی فەرەنسی.
وەک د. عادل ئاماژەی پێدا لە توێژینەوەکەیدا بەم ئەنجامە زانستیانە گەیشتووە:
- بەئامانجکردنی زمان: پرۆسەی ئەنفال نەک تەنیا مرۆڤ، بەڵکو زمانی کوردیشی کردووەتە ئامانج.
- شوێنەواری دەروونی و زمانەوانی: شایەتحاڵەکان بەهۆی گوشاری دەروونی و سیاسەتی بە عەرەبکردنەوە، هێشتا زاراوەی عەرەبی لە گفتوگۆکانیاندا بەکاردەهێنن.
- گۆڕانی نەوەکان: نەوەی نوێی رزگاربووان بەهۆی جێگیریی قەوارەی هەرێمی کوردستان و سیستمی پەروەردەوە، چیدیکە ئەو زمانە تێکەڵە بەکار ناهێنن و زمانێکی ستانداردتر بەکاردەهێنن.
تاوانی ئەنفال،لە ساڵی 1988 لەلایەن رژێمی بەعسی عێراقەوە بە 8 قۆناخ لە دژی گەلی کوردستان کرا، لە ئەنجامدا زیاتر لە 182 هەزار کەس بێسەروشوێن و کۆمەڵکوژ کران و هەزاران گوندیش وێران کران.
د. عادل حەسەن پێشتریش بڕوانامەی ماستەری لەسەر کیمیابارانکردنی هەڵەبجە (1988) بەدەستهێناوە.
زانکۆی (رۆن) لە بارەی دکتۆراکەی د. عادل لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم تێزە یەکێکە لە وردترین توێژینەوەکان لەسەر بیرەوەریی بەکۆمەڵی گەلان.
د. عادل حەسەن دەڵێت، لێژنەی بەرگریی تێزی دکتۆرا لە زانکۆی رۆن پێشنیازی کرد توێژینەوەکان دەربارەی قوربانیانی هەڵمەتی ئەنفال بەردەوام بن، چونکە بایەخێکی زانستی و مرۆییانەی گەورەیان هەیە لە تۆمارکردن و ناساندنی یەکێک لە گەورەترین تاوانەکانی سەدەی رابردوو.
د. عادل حەسەن ڕەشید پێیوایە کات هاتووە گفتوگۆیەکی زانستی دەربارەی بەکارهێنانی زاراوەی کوردی بۆ ناساندنی ئەم جینۆسایدە دەست پێبکات، بۆ ئەوەی تەنیا زاراوەی «ئەنفال» ــ کە بەرهەمی وتاری ڕژێمی بەعس بوو ــ نەبێتە ناوی ئەم تاوانە. بە باوەڕی ئەو، زمان تەنیا ئامرازێکی قسەکردن نییە، بەڵکو بەشێکە لە ناسنامە و بیرەوەریی نەتەوەیی، قوربانیان مافی ئەوەیان هەیە بە زمانی خۆیان مێژووی ئازاری خۆیان بناسنێنن.
دکتۆر عادل حەسەن رەشید، داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد بە هاوئاهەنگی لەگەڵ پاریس، مۆنۆمێنتێکی تایبەت بە کۆمەڵکوژیی گەلی کورد لە پایتەختی فەرەنسا دروست بکرێت.
هەروەها رایگەیاند، لە پلانیدایە کار لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی فەرەنسا و هۆڵەندا بکات بۆ گەیاندنی دۆسیەکە بە ناوەندە یاساییەکانی جیهان و وەرگێڕانی توێژینەوەکە بۆ چەندین زمانی زیندووی جیھان.




