رووداو دیجیتاڵ
چوارشەممە 30 ی ئەیلوول براندی جیهانیی تۆم فۆرد، لە هەفتە نمایشی پاریسدا، کۆمەڵە دیزاینەکانی خۆی بۆ وەرزەکانی بەهار و هاوینی ساڵی داهاتوو نمایش کرد و ئەستێرە جیهانییەکانی بە دیزاینە شاهانەییەکانی خۆی رازاندەوە.
هەریەک لە کارا دیلڤین، شاکیرا و کیت مۆس سەرنجڕاکێشترینی ئەم شەوە نمایشە بوون، کە لە گۆڕەپانی پلاس ڤاندۆم لە پاریس بەڕێوەچوو.
سوپەرمۆدێل و ئەکتەری بەریتانی کارا دیلڤین، بە قاتێکی فەرمی وەنەوشەیی لەگەڵ پێڵاو و جانتایەکی سووری تۆخ، لە تایبەتترین دیزاینەکانی تۆم فۆرد بۆ ئەم شەوە تایبەتە، وەک پێشەنگی ئەستێرەکان لە نمایشەکەدا دەرکەوت.

ئەستێرەی پۆپی کۆڵۆمبی شاکیرا بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو ئامادەبوو، درێسێکی کریستاڵی تۆم فۆردی پۆشی بوو، کە یەکێک لە هەرە ستایلە شیک و شاهانەکانی تۆمفۆردە و نرخی 4020 دۆلاری ئەمریکییە.

شاژنی نمایشی جلوبەرگ کەیت مۆس، بە کراسێکی شینی کراوە و تەنوورەیەکی رەش دەرکەوت و دیزاینێکی نیوە فەرمی و بوێری تۆم فۆردی بۆ ئەم شەوە هەڵبژاردبوو.

سوپەرمۆدێل رۆزی هانتینگتن وایتلی تەمەن 39 ساڵ، بە جلێکی ئاوریشمی سێ پارچەیی قاوەیی شۆکۆڵاتەییەوە، شاهانە و کەم وێنە دەرکەوت.

هەریەکە لە ئەستێرەکانی وەکو پاریس جاکسن، سنسیا ئێریڤۆ و تایت مەکڕای بەشدارییان لە شەوە نمایشەکە کرد.

هەفتە نمایشی پاریس رۆژی دووشەممە بۆ دیزاینە نوێیەکانی جلوبەرگی ژنان، بۆ وەرزەکانی بەهار و هاوین دەستیپێکرد و چالاکییەکان لە پلانیکی 9 رۆژەدا بەڕێوەدەچن، بڕیارە لەم 9 رۆژەدا 68 نمایشی ستەیج و 34 پێشکێشکردنی تایبەت ئەنجام دەدرێت.
هەفتە نمایشەکان ساڵانە دووجار بەڕێوەدەچن لە پاریسی پایتەختی مۆدە، یان لە نیویۆرک، نمایشی وەرزی بەهار و هاوین لە مانگی ئەیلوول، یان سەرەتای مانگی تشرینی یەکەم بەڕێوەدەچێت و تێیدا براندەکان نمایشی کۆمەڵە دیزاینەکانیان بۆ وەرزی بەهار و هاوینی ساڵی دواتر دەکەن.
نمایشەکانی وەرزی پاییز و بەهار لە مانگی شوبات یان ئادار بەڕێوەدەچێت و کۆمەڵە دیزاینەکان بۆ وەرزەکانی پاییز و زستانی هەمان ساڵ دەکرێن.
یەکەم رۆژی هەفتە نمایشەکە رۆژی دووشەممە لە کەشێکی کراوە لە ژێر تاوەری ئیڤڵ بەڕێوەچوو، بڕاندی فەڕەنسی لۆریال پاریس بە شێوەیەکی جیاواز نۆیەمین نمایشی ساڵانەی خۆی ئەنجامدا، بە بەشداری ئەستێرەی جیهانی سێلین دیۆن، بەناوبانگترین گۆرانی خۆی بە ناوی (I'm Alive ) پێشکێشکرد.
سێلین لە تەممووزی 2023 وەک باڵیۆزی براندی جیهانی بۆ لۆریال پاریس گرێبەستی واژۆ کرد و چەند مانگێک دواتر یەکەم نمایشی بۆ براندەکە کرد.
.png&w=3840&q=75)


