رووداو دیجیتاڵ
دوای چەند مانگێک لە پشکنینی دەروونی، دادگە بڕیاریدا کە ئەو ژنەی تۆمەتبارە بە هێرشکردن و تەقەکردن لە ماڵی هەردوو ئەستێرە ریهانا و ئەی ساپ رۆکی، لە رووی دەروونییەوە تەندروستە و شیاوە بۆ دادگایی کردن.
ژنەکە ناوی ئیڤانا لیزێت ئۆرتیزە و تەمەنی 36 ساڵە. لە 8ی ئاداری ئەم ساڵدا بە ئۆتۆمبێلێکی تێسلا رۆشتە بەردەم ماڵی ئەستێرەی جیهانی پۆپ ریهانا لە شاری ئۆرلاندۆی ویلایەتی کالیفۆرنیا و دەستڕێژی گوللەی کرد.
جگە لە تۆمەتی هەوڵدان بۆ کوشتنی ریهانا، زیاتر لە 12 تۆمەتی دیکەی پەیوەست بە رووداوی تەقەکردنەکە خراوەتە پاڵ تۆمەتبارەکە و ئۆرتیز سەرجەمیانی رەتکردووەتەوە و بێتاوانی خۆی راگەیاندووە.

رووداوەکە هیچ قوربانی و برینداری لێ نەکەوتووەتەوە، گولـلەکان بە نێو کەرەڤانێکدا تێپەڕیوە کە لەو کاتەدا هەردوو ئەستێرەکەی تێدابووە، هەروەها گوللـە بەر دیواری ژووری نهۆمی دووەم کەوتووە کە ژووری منداڵەکانیانە و لەو کاتەدا لەگەڵ دایەنەکەیان لە ژوورەوە بوونە.
دانیشتنی دادگا لە رۆژی سێشممەی ئەم هەفتەیە بەڕێوەچوو و تایبەت بوو بە هەڵسەنگاندنی راپۆرتە پزیشکییەکان و بڕیاردان لەسەر باری دەروونی تۆمەتبارەکە. ئۆرتیز لە کاتی دانیشتنەکەدا هیچ قسەی نەکرد و هیچ گفتوگۆیەکی راستەوخۆش لەبارەی بەڵگەنامە و وردەکارییەکانی کەیسەکە نەکرا و بە نهێنی هێڵدرایەوە.
تۆمەتبارەکە چەکی جۆری AR-15 ـی بەکارهێناوە و لە پەنجەرەی ئۆتۆمبێلەکەیەوە تەقەی کردووە و لانیکەم 20 فیشەکی بەرەو موڵکەکە و ماڵی دراوسێکانی ریهانا تەقاندووە. ئەگەر هەموو تۆمەتەکان بسەپێت بە سەریدا ئەوا ئەگەری هەیە کە سزای زیندانی تاهەتایی بەسەردا بسەپێت.
لێکۆڵەران ئاماژەیان بەوە کرد کە دوای دەستگیرکردنی ئۆرتیز لە هەمان رۆژدا، گوتوویەتی کە ئەو مەبەستی کوشتن نەبووە، دواتریش دەرکەوتووە کە ئۆرتیز هیچ پێشینەیەکی تاوانی لای پۆلیس نەبووە، تۆمارە گشتییەکان دەریانخست کە زیاتر لە 10 ساڵ پسپۆڕی چارەسەری نەخۆشییەکانی ئاخاوتن و دەنگ بووە.
وردەکاری پاڵنەر و هۆکاری تاوانەکە تائێستا بە نهێنی ماوەتەوە و سرووشتی پەیوەندی نێوان ریهانا و تۆمەتبارەکە ئاشکرا نەکراوە، پارێزەرانی هەردوولا رەتیانکردەووە کە لێدوان بۆ میدیاکان بدەن.
ئەستێرەی جیهانی میوزیکی پۆپ ریهانا، خاوەنی 9 خەڵاتی گرامییە، 14 گۆرانیی لە پلەی یەکەمی ریزبەندیی گۆرانییە هەرە بەناوبانگەکانی ئەمریکادا بووە، لەوانە گۆرانییە ناودارەکانی We Found Love,Work ,Umbrella و Disturbia.



