رووداو دیجیتاڵ
چیرۆکی بەناوبانگی دوورگەی گەنجینە Treasure Island کە یەکێکە لە بابەتە سەرەکییەکانی بەشی ئەدەبیی کتێبی ئینگلیزیی پۆلی 12ی ئامادەیی لە هەرێمی کوردستان، دەکرێتە کورتەزنجیرەیەکی شەش ئەڵقەیی و بڕیارە مانگی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ پەخش بکرێت.
چیرۆکەکە لە بنەڕەتدا رۆمانێکی کلاسیکیی نووسەری ناوداری سکۆتلەندی (رۆبێرت لویس ستیڤنسۆن)ـە و پێشتریش چەندین جار کراوەتە فیلم و ئەنیمەیشن. لەم بەرهەمە نوێیەدا، کەسایەتییە ناسراوەکانی وەک لۆنگ جۆن سیلڤەر، جیم هۆکینز، ئارۆن گراهام و بیلی بۆنز بە کەشێکی درامی و تاریکتر دەردەکەونەوە.
جیاوازیی زنجیرەکە لەگەڵ چیرۆکەکەی پۆلی 12 چییە؟
لە پڕۆگرامی خوێندنی پۆلی 12دا، دایکی جم (بێس) تەنیا لە ئەڵقەی 1 و 2 دا هەیە، کاتێک لەگەڵ جم سندووقەکەی بیلی بۆنز دەکەنەوە و پارەی کرێی مەیخانەکەی لێ دەبات، دواتر لە بەندەرەکە جێدەمێنێت و لە گەشتە دەریاییەکەدا نامێنێت.
لەم وەشانە نوێیەدا، گۆڕانکارییەکی گەورە لە چیرۆکەکەدا کراوە، ئەکتەری بەناوبانگ هەیڵی ئاتوێڵ رۆڵی دایکی جم دەگێڕێت و دەبێتە یەکێک لە کارەکتەرە سەرەکییەکان و لەگەڵ کوڕەکەیدا دەچێتە سەر کەشتیی هیسپانیۆلا و یاوەریی دەکات بۆ دۆزینەوەی گەنجینەکە.
زنجیرەکە لە شەش ئەڵقە پێکدێت و لە نێوان سێ دەرهێنەردا دابەش کراوە:
جێرمی لۆڤەرینگ دەرهێنانی بۆ ئەڵقەکانی 1 و 4 کردووە.
ویلیام مەکگرێگۆر دەرهێنانی بۆ ئەڵقەکانی 2 و 3 کردووە.
پۆڵ واکەر دەرهێنەری دوو ئەڵقەی کۆتایی (5 و 6) بووە.
جیاوازی و کەشی ئەم زنجیرەیە
رووداوەکانی زنجیرەکە بینەر دەبەنەوە بۆ ساڵی 1788. جم هۆکینزی گەنج و دایکە پێداگرەکەی بە رێکەوت نەخشەی گەنجینە ئەفسانەییەکەی (کاپتن فلینت)ـیان دەکەوێتە دەست و تووشی سەرکێشی و تووندوتیژی دەبن لەپێناو بەدەستهێنانی سەروەت و سامانێکی خەیاڵیدا.
زنجیرەکە جیاواز لە وەشانە کلاسیکی و کارتۆنییەکانی پێشوو، زیاتر تیشک دەخاتە سەر تووندوتیژیی راستەقینەی چەتەکان و مەترسییەکانی زەریای ئەتڵەسی. هەروەها تەنیا ململانێی چەتەکان نییە، بەڵکو سیخوڕێکی شاهانەی بەریتانی بە ناوی (ئارۆن گراهام) بە هەمان شێوە هەوڵی بەدەستهێنانی گەنجینەکە دەدات، جم و دایکیشی لە نێو ئەم ململانێیەدا بۆ مانەوە لە ژیاندا دەجەنگن.
بڕیارە زنجیرەکە لە 11ـی تشرینی یەکەمی 2026 لەسەر پلاتفۆرمی +MGM لە ئەمریکا و لە 12ـی تشرینی یەکەم لەسەر پلاتفۆرمی+Paramount لە بەریتانیا و جیهان دەست بە پەخشکردنی بکرێت.



20IMAGE.webp&w=3840&q=75)