رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری وەزیری کولتوور و گەشتیاریی تورکیا لە رێوڕەسمی کردنەوەی فێستیڤاڵی (رێگەی کولتوور) کە لە وانی باکووری کوردستان بەڕێوەچوو، گرنگی و بایەخی پرۆسەی چارەسەریی دووپاتکردەوە.
رۆژی شەممە 11-07-2026 دەیەمین وێستگەی فێستیڤاڵی (رێگەی کولتوور) کە لەلایەن وەزارەتی کولتوور و گەشتیاریی تورکیاوە رێکخراوە، لە وان دەستیپێکرد. نادر ئاڵپ ئاسڵان، یاریدەدەری وەزیری کولتوور و گەشتیاریی تورکیا لە لە مۆزەخانەی وان ئامادەبوو و بەشداریی لە کردنەوەی فێستیڤاڵەکەدا کرد.
ئاسڵان رایگەیاند، شانازی بە کردنەوەی فێستیڤاڵەکەوە دەکەن، کە دەیەمین وێستگەی فێستیڤاڵەکانی رێگەی کولتوورە و ئەم ساڵ لە وانی دێرین کراوەتەوە.
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، فێستیڤاڵەکە ساڵی 2021 لە یەک ناوچە و یەک شاردا دەستیپێکرد، ئەمڕۆ لە 7 ناوچە و 26 شاردا بەڕێوەدەچێت و بووەتە براندێکی جیهانیی کولتوور و هونەر.
ئاسڵان روونیشیکردەوە، ئەو فێستیڤاڵانە بەهای براندی شارەکان بەرز دەکەنەوە، میراتی کولتووری و هونەر دەگەیێننە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە.
هەروەها بە گرنگی زانی کە فێستڤاڵەکان ژمارەی گەشتیار لەو شارە بەرزدەکەنەوە، نموونەی ئەوەشی هێنایەوە رێژەیەکی بەرزی بەشداربووانی فێستیڤاڵەکە لە دەرەوەی پارێزگای وانەوە بەشدارییان کردووە.
سەلیم تەرزی، بەڕێوەبەری گشتیی چالاکییە کولتوورییەکان رایگەیاند، فێستیڤاڵەکە ماوەی 9 رۆژ (11-19ی تەممووزی 2026) دەخایێنێت و چەندین چالاکیی جۆراوجۆری وەک کۆنسێرت، پێشانگە، وۆرک شۆپ و چالاکیی منداڵان بەڕێوەدەچن.



