پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، کەوتوونەتە نێوان دوو ئاراستەی سیاسەتکردنەوە کە چەقبەستوویی دروستکردووە لەبەردەم پرۆسەی سیاسی دا لە هەرێمی کوردستان و لێکەوتەکانی بوونەتە هۆکاری ناکارایی پەرلەمان و پێکنەهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان.
هەردوو تێڕوانین دەشێ کۆبکرێنەوە و لەسەر ئاراستەیەک یەکبخرێن و کۆتایی بەم چەقبەستووییە سیاسییە بهێنرێت کە جگە لە راگرتنی شەڕی میدیایی، دڵنەوایی و ئارامیش دەبەخشێتەوە خەڵکی کوردستان.
تێڕوانینی پارتی
پارتی لۆژیکیانە مامەڵە دەکات و روونتر سیاسەت دەکات، بەوپێیەی دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و یەکلاییبوونەوەی کورسی لایەنە سیاسییەکان کەوتە نێو گەڕێکی گفتۆگۆی سیاسی چڕ لەگەڵ یەکێتی دا و وەک هەردوولا ئاماژەیان پێداوە لەسەر شێوازی حکومڕانی و دەسەڵاتەکان رێککەوتوون، کە لەڕووی لۆژیکی سیاسییەوە ئەمە گرنگترە لە پۆستەکان، چونکە نەخشەی کار و پرەنسیپی هاوبەشی و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان بڕبڕەی کاری سیاسی و دامەزراوەییە و ئەوەی دیکە کە خۆی لە پۆستەکاندا دەبینێتەوە ئامرازن بۆ جێبەجێکردنی ئەو سیاسەتەی لەسەری رێککەوتوون.
بۆیە کاتێک پارتی دەڵێت لەگەڵ قەبارەی کورسی یەکێتی دا مامەڵە دەکەین، تەواو مافی خۆیەتی، چونکە لەسەرەتادا لەسەر ئەو بنەماو پرەنسیپە دانیشتوون و کۆبونەتەوە، ناکرێت لە نیوەی رێگەدا و دوای چەندین کۆبوونەوە و دانیشتن و رێککەوتن لەسەر بنەما سەرەکییەکان، یەکێتی بە هاوپەیمانییەتییەکی نوێوە بێتەوە مەیدان و راست و چەوت بدات لەسەر هەموو ئەوەی پێشتر کاری بۆ کراوە و کاتی بۆ تەرخانکراوە.
تێڕوانینی یەکێتی
یەکێتی پێداگیری لەسەر ئەوە دەکات کە دەبێ پارتی مامەڵەی کورسییەکانی خۆی و نەوەی نوێ بەیەکەوەی لەگەڵ بکات و بە یەک پاکێج وەریانبگرێت، ئەمە لەکاتێکدا هێشتا رێککەوتنێکی فەرمی نەکراوە لەنێوان یەکێتی و نەوەی نوێ دا و تەنیا پەیامەکان میدیایین و نەچووەتە سەر کاخەز.
ئەم هاوپەیمانێتییەشییان لەگەڵ نەوەی نوێ لەسەرەتای پرۆسەی دانیشتن لەگەڵ پارتی دا نەکراوە، بەڵکو دوای زیاتر لە ساڵێک لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کراوە، خۆ ئەگەر لە سەرەتاوە بە هاوپەیمانییەتی هاوبەشەوە بهاتنایە لەگەڵ پارتی دابنیشتنایە، ئەوکات ماف لای یەکێتی دەبوو.
یەکێتی مەبەستییەتی بە کورسییەکانی نەوەی نوێوە یەکسان و هاوشان لەڕووی کورسی پەرلەمانەوە لەگەڵ پارتی دا بوەستێت و واقعێکی بەسەردا بسەپێنێت کە دەرئەنجامی لێکەوتەی هەڵبژاردن و سەرەتای گفتوگۆکانی نێوان یەکێتی و پارتی نییە، بەڵکو جۆرێکە لە خۆسەپاندنی سیاسی بەسەر پارتی دا، کە ئەمەش نامانگەیێنێتە هیچ کوێ و میانەیەک ناهێڵێتەوە بۆ سازان.
چارەسەر چییە؟
بۆ رزگاربوون لەم چەقبەستووییە سیاسییە و خۆدەربازکردن لەم گرێکوێرەیە چەندین دەستپێشخەری فەرمی و نا فەری کراون لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێمی کوردستانەوە بۆ هەردوولا، بەڵام گرنگترینیان دەستپێشخەرییەکەی رێزدار سەرۆک مەسعود بارزانی بوو کە بە بۆنەی جەژنی قوربانەوە بڵاویکردەوە کە تێیدا هەمووان دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی نیشتیمانی و کوردستانی و پارتیشی وەک هەمان پارت و لایەنە سیاسییەکانی دیکەی کوردستان وێناکردووە و لە چوارچێوەی گشتی دا سەیری کردووە، ئەمەش بۆ خۆی پارتی و یەکێتی و هەموو لایەنە سیاسییەکانی دیکەی کوردستان دەخاتە بەردەم هەمان بەرپرسیارێتییەوە بەبێ جیاوازی. بۆ پراکتیزەکردنی دەستپێشخەرییەکەی رێزدار سەرۆک بارزانی، میانڕۆترین کەس رێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و گونجاوترین شوێن سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانە.
چونکە پەیامە سیاسییەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە رابردوو و ئێستاش دا مۆدێلێکە لە مۆدێلەکانی میانڕۆیی و دەنگێکی زوڵاڵە بۆ یەکڕیزی و دەرگایەکە ئەگەر بە هەمووان دەستی بدەنێ لە تاریکییەوە دەمانبات بەرەو رووناکی.
ئەو بتوانێت هەندێک کێشەی دەرەوەی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکات و لە هەر پەنگخواردنەوەیەکدا هەناسەدانێک بدۆزێتەوە بۆ ئابڵوقەکانی سەر هەرێمی کوردستان شکێنەربێت و پچڕێنەری تەلیسمە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقبێت، چۆن ناتوانێت ئەم گرێ سیاسییەی نێوان پارتی و یەکێتی بکاتەوە، لەکاتێکدا کە زەوینەکەش لەبار و ئامادەیە کە دەستپێشخەرییەکەی رێزدار سەرۆک بارزانی یە بۆ هەمووان.
دواجار و بە تایبەت پارتی و یەکێتی، پاشان هەموو پارت و لایەنە سیاسییەکانی دیکەی کوردستان، مەحکومن بەوەی هەرێمی کوردستان بپارێزن و کەشێکی ئارامی سیاسیش بۆ خەڵک دابین بکەن، دوا رێگە و دوا قۆناخ و دوا ئەنجامیش هەر دانیشتن و گفتوگۆ و دان و ستاندنە، هەموو رێگەکانی دیکە تاقیکراونەتەوە و باشترینیان هەر رێککەوتن بووە.


.jpg&w=3840&q=75)
