رووداو-رانیە
بەرلەوەی ئاگر جەستەی بسووتێنێ، وەسیەتی كردبوو كە پرسەی بۆ دانەنێن، كەسوكارەكەی وەسیەتەكەیان جێبەجێ كرد و پرسەیان دانەنا. دڵپاك كە بە گوتەی كەسوكارەكەی 10 ساڵ بوو تووشی نەخۆشیی دەروونی هاتبوو، ئاگری لەخۆی بەردا و تا فریای كەوتن كار لە كار ترازابوو.
رۆژی 14/3/2019 ئافرەتێكی تەمەن 49 ساڵ بەناوی (دڵپاك.ل.ع)، دانیشتووی گەڕەكی كێوەڕەشی شارۆچكەی رانیە، لە نێو ماڵەكەیدا ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا، بەهۆی زۆریی رێژەی سووتانەكەی هەر لە شوێنی رووداوەكە گیانی دەرچوو.
رائید شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین لەوبارەیەوە بە (رووداو)ی گوت "ئەو ئافرەتە بەرەبەیانی رۆژی 14/3/2019 گەیەنراوەتە بەشی پزیشكی دادی نەخۆشخانەی گشتیی رانیە، بەپێی پشكنین نەوتی بەخۆیدا كردووە و ئاگری لەخۆی بەرداوە، رێژەی سووتانەكەشی 100% بووە".
پۆلیس پەڕاوی لێكۆڵینەوەی بۆ رووداوەكە كردووەتەوە. رائید شۆڕش لەبارەی هۆكاری خۆسووتاندنی ئەو ئافرەتە دەڵێت: "بەپێی ڕاپۆرتی پزیشكی و ئەو دەرمانانەی بەكاری دەهێنان، ئەو ئافرەتە تووشی نەخۆشیی دەروونی هاتبوو، بۆیە خۆی سوتاندووە".
وەكو كوڕە گەورەكەی باسی دەكات، دڵپاك لە خێزانێكی بێ كێشەدا دەژیا، بەڵام دوای مردنی هاوژینەكەی و باوكی، تووشی نەخۆشیی دەروونی بووە.
نوورەدین كە كوڕە گەورەی دڵپاكە بە (رووداو)ی گوت: "دایكم لەگەڵ خوشك و برایەكم دەژیا، هیچ كێشەیەكی لەگەڵ ئەوان نەبوو، بەڵام نزیكەی 10 ساڵ بوو بەدەست نەخۆشیی دەروونییەوە دەیناڵاند، دوای مردنی باوكم و باپیرم، دایكم تووشی ئەو نەخۆشییە بوو، بردمان بۆ لای پزیشكی دەروونی. پزیشكەكە پێیگوتین نەخۆشییەكەی دووسەرەیە، واتە هەم ئارام و بێدەنگ دەبێ، هەمیش تووڕە و بێزار دەبێ".
نوورەدین لەوباوەڕەدا نەبووە دایكی پەنا بۆ خۆسووتاندن ببات، چونكە بە گوتەی ئەو لەو ماوەیەدا باری دەروونی لە جاران باشتر بوو، تەنانەت پزیشكەكەی هەندێك لە دەرمانەكانی لێ كەم كردبووەوە، بڕیار بوو رۆژی 17ی ئادار بیبەینەوە لای پزیشكەكەی، بەڵام بەداخەوە خۆی سووتاند".
بە گوتەی نوورەدین، دایكی پێش ئەوەی خۆی بسووتێنێ، كوڕە بچووكەكەی لە باوەش كردووە و ماچی كردووە، وەسیەتی كردووە ئەگەر مرد پرسەی بۆ دانەنێن، بۆیە ئەوانیش وەسیەتەكەیان جێبەجێ كرد و پرسەیان بۆ دانەنا.
نوورەدین باسی رۆژی رووداوەكە دەكات و دەڵێت: "ئەو رۆژە سەعات حەوت و نیوی بەیانی لەحەوشەی ماڵەوەمان نەوتی بەخۆیدا كردووە و خۆی سووتاندووە. خوشك و براكەم لە ماڵ بوون، بەڵام ئاگادار نەبوون، بەهۆی هاوار و قیژەی دایكم بە رووداوەكەیان زانیبوو، پەنایان بۆ دراوسێكان بردبوو، ئەوانیش كوژاندبوویانەوە، بەڵام زۆربەی جەستەی سووتابوو".
نوورەدین پێیوایە خۆسووتاندنی دایكی دەستی كەسی تێدا نییە و تەنیا پەیوەندی بە نەخۆشییەكەیەوە هەیە. گوتیشی: "براكەم بەهۆی ئەو رووداوەوە باری دەروونی تێكچووە، چونكە یەكەم كەس بوو فریای دایكم كەوتبوو، ئەوی بە ئاگرەوە بینیبوو، زۆر ترسابوو".
یەكێك لە دراوسێكانی ماڵی دڵپاك كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، ئاگاداری ژیانی ئەو ژنە بووە و دەڵێت: "زۆرجار لەبەردەرگا بەیەكەوە دادەنیشتین، بەڵام كە قسەی دەكرد هەستت دەكرد باری دەروونی تەواو نییە".
ئەو دراوسێیەیان هەروەها دەڵێت: "دڵپاك پەیڕەوكاری ئاینێكی دیكە بوو، بەڵام كە دووەمجار شووی كرد بوو بە موسوڵمان، بۆیە كەسوكارەكەی پەیوەندیان لەگەڵ پچڕاند، زۆر بیری باوكی دەكرد كە لە ژیاندا نەمابوو".
وەك دراوسێكەی ئاماژەی بۆ كرد، دڵپاك پێشتر دووجار هەوڵی خۆسووتاندنی داوە، بەڵام كەسوكارەكەی زوو فریای كەوتوون و نەیانهێشتووە خۆی بسووتێنێ.



