رووداو - پشدەر
كەسوكارەكەی دەیانزانی ئایش دواساتەكانی ژیانیەتی لەم دونیایە، بەڵام بەر دەرگای نەخۆشخانەیان بەرنەدا، تا ئەو كاتەی پزیشكەكان هەواڵی مردنی ئەویان دانێ.
بەرەبەیانی رۆژی 26/1/2019 ئافرەتێكی تەمەن 75 ساڵ بەناوی (ئایش خالید ئەحمەد)، دانیشتووی گوندی تووەسوورانی سەر بە ناحیەی سەنگەسەر لە قەزای رانیە، لە كەلاوە خانوویەكی نزیك ماڵی خۆیاندا ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا. ئایش 100%ی جەستەی سووتا، تەنیا 10 كاژێر لە نەخۆشخانە مایەوە و مرد.
ئایش لەنێو خێزانێكی قەرەباڵغدا بوو، دوای مردنی هاوژینەكەشی، ئەو بڕیاردەری یەكەمی نێو خێزانەكە بوو، بەڵام كاتێك كچ و كوڕەكانی گەورە بوون، كوڕەكانی ژنیان هێنا و كچەكانیشی شوویان كرد، تەنیا دوو لە كوڕەكانی لەگەڵ مابوونەوە.
خالید حەسەن كە لەگەڵ برایەكی دیكەیدا لەلای دایكی مابوونەوە، دەڵێت :"كاتێك دایكم دەوروبەری چۆڵ بوو، ئیدی وەكو جاران دەسەڵاتی بەسەر خێزانەكەدا نەمابوو، ئەو حەزی دەكرد قسەی یەكەم و كۆتایی هەر خۆی بیكات، بۆیە بەرگەی ئەو رەوشەی نەگرت و بە جۆرێك تووشی گۆشەگیری بووبوو. لە سێ ساڵی رابردوودا چەند جارێك هەڕەشەی خۆكوشتنی كرد، بۆیە قەت نەماندەهێشت بە تەنیا بێ، هەمیشە یەكێكمان چاودێریمان دەكرد".
شێروان كوڕە بچووكی ئایش، بە مردنی دایكی زۆر خەمبار بووە، ئەو پێشمەرگە بووە، بەڵام بەهۆی نەخۆشكەوتنی دایكییەوە ناچار بووە واز لە پێشمەرگایەتی بێنێ، براكانی هاوكارییان دەكرد بۆ ئەوەی چاودێری دایكی بكات نەوەك بەڵایەك بەسەر خۆی بهێنێ.
شێروان دەڵێت: "دایكم، دوای مردنی باوكم تووشی شیزۆفرینیا بوو، چەند جارێك هەڕەشەی خۆكوشتنی كرد، ئێمە لە ترسی ئەو هەڕەشانەی دایكم، چواردەورمان چۆڵ نەدەكرد، شەوان لە ژوورەكەی ئەودا دەخەوتم، هەموو جارێك دەیگوت كوڕم پێویستە بڕۆی لەگەڵ هاوژین و منداڵەكانت بیت".
شێروان باسی رۆژی رووداوەكە دەكات و دەڵێت: "بەیانی بەخەبەر هاتبوو، نوێژی كردبوو، بەڵام نەخەوتەوە، من كەمێك درەنگ خەبەرم بووەوە، هاتمە دەرەوە دەموچاوم بشۆم، گوێم لە ناڵە ناڵێك بوو، سەیری دەرەوەم كرد، بینیم لە كەلاوە خانووەكەی بەرامبەرمان دووكەڵ بەرز دەبێتەوە".
شێروان لەو كاتەدا بە پەلە رادەكاتە ژوورەوە، تەماشا دەكات دایكی لەسەر جێگا نەماوە. دەڵێت :"خێرا رامكرد بۆ نێو كەلاوە خانووەكە، بینیم دایكم ئاگری لێ بەرز دەبێتەوە، تووشی شۆك بووم، خێرا بەتانییەكم هێنا و ئاگرەكەم كوژاندەوە، بەڵام كار لەكار ترازابوو، زۆربەی جەستەی سووتابوو".
ئایش بە پەلە دەگەیەنرێتە نەخۆشخانەی گشتی قەڵادزێ، بەڵام بەهۆی زۆریی رێژەی سووتانەكەی دەینێرن بۆ سلێمانی.
شێروان دەڵێت :"لە نەخۆشخانە زۆر هەوڵمان لەگەڵ دا قسە بكات، بزانین بۆچی خۆی سووتاندووە، بەڵام هیچی نەگوت، تەنیا پەنجەی شایەتمانی بەرز دەكردەوە، ئێوارەی ئەو رۆژە مرد".
سەبارەت بە هۆكاری خۆسووتاندنی دایكی، شێروان پێیوایە دایكی بەهۆی ئەوەی نەخۆشیی دەروونی هەبووە، بۆیە خۆی سووتاندووە. شێروان گوتی: "دایكم ئەو كاتانەی دەرمانەكانی دەخوارد زۆر باش بوو، بەڵام چەند مانگێك بوو وازی لە دەرمانەكان هێنابوو، بڕیار بوو ئەو رۆژە تەلەفۆن بۆ نۆڕینگەی پزیشكەكەی بكەین و نۆرەمان بۆ دابنێن بۆ ئەوەی بیبەینەوە لای پزیشكەكەی، بەڵام بەداخەوە ئاگری لە خۆی بەردا".
عوسمان محەممەد، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی نەخۆشخانەی قەڵادزە بۆ كاروباری كارگێڕی بە (رووداو)ی گوت: "ئەو ئافرەتە كە ساڵی 1944 لەدایكبووە، بە سووتاوی هێنرایە نەخۆشخانەكەمان، دوای پشكنین دەركەوت 100%ی جەستەی سووتاوە، هەر ئەو رۆژە بەڕێمان كرد بۆ سلێمانی، بەڵام بۆ ئێوارە تەرمەكەیان هێنایەوە".
گوتیشی: "ئافرەتەكە خۆی سووتاندبوو".
رائید شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین سەبارەت بە خۆسووتاندنی ئەو ئافرەتە بە (رووداو)ی گوت: "ئەو ئافرەتە بەساڵاچووە بۆ خۆی ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە، كەس سكاڵای نەبووە. بە گوتەی كەسوكارەكەی، نەخۆشیی دەروونی هەبووە".



