رووداو - هەولێر
لە چەند رۆژی رابردوو بەهای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی دابەزینێکی بەرچاوی تۆمارکرد و گەیشتە ئاستێک کە لە 8 مانگی رابردوو تۆماری نەکردووە.
شوان هادی، خاوەنی کۆمپانیای یۆرۆ بۆ ئاڵوگۆڕی دراو و حەواڵاتی دراو، بە تۆری میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە دوای مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردووەوە نرخی 100 دۆلار نەگەیشتووەتەوە ئاستەکانی 126 هەزار دینار و لە ماوەی هەفتەی رابردوو چەند جارێک ئەو ئاستە شکێندرا".
شوان هادی ئاشکراشیکرد کە چاوەڕوان دەکرێت لەگەڵ کۆتایی هاتنی داعش و گەڕاندنەوەی سەقامگیری زیاتر نرخی دۆلار زیاتر دابەزێت و تا نزیک ئاستی 124 هەزار دینار بڕوات.
لە سەرەتای ئەمساڵ لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و زیادبوونی داهاتی عێراق، بەهای دۆلاری ئەمریکی دابەزینی بەرچاوی تۆمارکرد، خاوەنی کۆمپانیای یۆرۆ لەوبارەوە گوتی: "دابەزینی دۆلار پاڵپشتە بە زیادبوونی ئاستی خستنەڕووی دۆلار و کەمبوونەوەی نرخی حەواڵاتی تورکی و ئیماراتی کە هۆکارێكی دیکەی هێنانی پارەن بۆ بازاڕەکانی ناوخۆی کوردستان".
دابەزینی بەهای دینار لەکاتیکدایە کە لە چارەگی یەکەمی ساڵی رابردوو بەهای هەر 100 دۆلارێك گەیشتبووە ئاستی 143 هەزار دینار بەڵام ئێستا ئەو ئاستە دابەزیوە بۆ کەمتر لە 127 هەزار دینار.
لەکاژێر 13:00 -ی رۆژی شەممە 25-2-2017 لە بازڕەکانی هەرێمی کوردستان نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی بە 126 هەزار و 600 دیناری عێراقی دەفرۆشرا.



.png&w=3840&q=75)