رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئیتاڵیا رێنمایی و هۆشدارییەکانی گەشتکردنی بۆ ئێران و چەند وڵاتێک نوێکردەوە و داوا لە هاووڵاتییانى دەکات سەردانییان نەکەن.
بەپێی راگەیێندراوی یەکەی قەیرانەکانی سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئیتاڵیا، داوا لە هاووڵاتییانی ئیتاڵیا کراوە لە هەر جۆرە گەشتکردنێک بۆ ئێران خۆیان بەدوور بگرن.
لە رێنماییەکاندا ئەوەش هاتووە، ئەو کەسانەی لە ئێرانن پێویستە بەوپەڕی وریاییەوە مامەڵە بکەن، بەتایبەت لە شەودا و بە هیچ شێوەیەک وێنە و ڤیدیۆیش نەگرن تاوەکو تووشی مەترسیی دەستگیرکردن نەبن، لەگەڵ هۆشداریدان بە رۆژنامەڤانان بۆ ئەوەی لە گەشتکردن بۆ ئەو وڵاتە دووربکەونەوە.
ئیتاڵیا ئاماژەی بەوە کردووە کە باڵیۆزخانەکەی لە تاران بە کراوەیی ماوەتەوە و لە پێشکێشکردنی خزمەتگوزارییە کۆنسووڵییەکان بەردەوامە.
وەزارەتی دەرەوەی ئیتاڵیا رێنمایی هاوشێوەی بۆ هەریەک لە کوێت، بەحرێن و عومانیش دەرکردووە. لەو هۆشدارییانەدا روونکراوەتەوە کە بەهۆی دۆخی هەستیاری ناوچەکەوە، ئەگەری دروستبوونی ئاستەنگ بۆ گەشتە ئاسمانییەکان لە ناوچەی کەنداو هەیە.
هۆشدارییەکەی ئیتاڵیا لە کاتێکدایە، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەبەردەم مەترسیی تەقینەوەیەکی سەربازیی نوێدایە، بەتایبەت بە لەبەرچاوگرتنی کۆکردنەوەی هێزێکی گەورەی سەربازی لەلایەن ئەمریکاوە لە ناوچەکە.


