رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پشتڕاستیکردەوە کە شەوی رابردوو هێزەکانی وڵاتەکەی هێرشێکی سنوورداریان کردووەتە سەر دامەزراوەیەکی بەرگریی ئاسمانیی ئێران لە دوورگەی قیشم، هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە هێرشەکە سنووردار بووە و نایەوێت خەڵکێکی زۆر بکوژرێن.
رۆژی سێشەممە، 3ـی تشرینی دووەمی 2026، لە هەڤپەیڤینێکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ کەناڵی (فۆکس نیوز)، دۆناڵد ترەمپ لەبارەی هێرشەکە گوتی، "ئەوان دامەزراوەیەکی بەرگریی دژەفڕۆکەیان دروستکردبوو، ئێمەش بۆ ماوەی دوو مانگ چاودێریی دروستکردنەکەیمان دەکرد، شەوی رابردوو هەر کە تەواو بوو، زۆر بە جوانی لێماندا و وێرانمان کرد."
ئەم لێدوانەی ترەمپ دوای ئەوە هات کە دەنگۆی ئەنجامدانی هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر دوورگەی قیشم بڵاوبووەوە. ترەمپ ئەو ئۆپەراسیۆنەی بە "هێرشێکی بچووک و سنووردار" ناوبرد و گوتی ناکرێت بە شەڕێکی بەرفراوان ناوببرێت.
سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریدا کە واشنتن لە نزیکەوە و بە بەردەوامی چاودێریی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکات و گوتی، "ئەگەر هەر کەسێک هەوڵ بدات دەستی بگاتە ئەو بنکانە، جارێکی دیکە بۆردوومانیان دەکەینەوە."
ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەوەی لەگەڵ ئێران روودەدات شەڕ نییە بە واتا باوەکەی، بەڵکو ئێمە بە تەواوی کۆنترۆڵی دۆخەکەمان لە دەستدایە؛ دەتوانین ئەوەی لە تواناکانی ئێران ماوەتەوە لەناوی ببەین، بەڵام دەشتوانین خۆمان لە کوشتنی هەزاران کەس بەدوور بگرین." گوتیشی کە دوای هەڵبژاردنەکانیشدا هەوڵی کوشتنی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک نادات لە ئێران، بەڵام ئەگەر ناچار بن ئەوەی پێویست بێت دەیکەن.
ترەمپ پێیوایە بەهۆی گوشارە سەربازی و ئابوورییەکاندا ئێستا تاران لەو دۆخەدایە کە واشنتن دەیەوێت و دەشکرێت گورزی زیاتریان لێبوەشێنن، هەروەها گوتیشی، "دەبێت دەستکەوتەکانمان لە ئێران زۆر زیاتر بن لەوەی لە ڤەنزوێلا بەدەستمانهێنا."
|
ئەم هێرشە ئاسمانییە و لێدوانەکانی ترەمپ لە کاتێکدان کە دەنگدەرانی ئەمریکا لە سەرانسەری ئەو وڵاتە بۆ دەنگدان لە هەڵبژاردنی نیوەخولی گۆنگرێس دەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان.


