هونەرمەندی كوردی باكووری كوردستان هۆزان فاتێ ئەلبوومێكی بۆ چوار پارچەی كوردستان ئامادە كردووە كە گۆرانییە كلاسیكییە كوردییەكان لەخۆ دەگرێت. فاتێ لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ (رووداو) كە لەڕێی ئیمەیلەوە كراوە، خۆشحاڵی دەردەبڕێ لەوەی باوكی لە توركیا نەیناردووەتە قوتابخانە، چونكە پێیوایە ئەگەر بچووبایە ئێستا نەیدەزانی بە كوردی قسە بكات و دەڵێ "ئێستا وەكو زۆربەی ئەو كوردانە دەبووم كە دەڵێن كوردین و زمانی كوردیش نازانن".
رووداو: سەرەتای دەستكردنت بەكاری هونەری چۆن بوو؟
فاتێ: لەگەڵ خێزانەكەم دەستم بە كاری موزیك كرد، چونكە خێزانەكەم هونەرمەند و موزیكژەنن. باوكم، باپیرم، باپیرە گەورەمان، مامم و خاڵم سەرجەمیان موزیكژەنن. ئەوان جگە لە موزیك سەرقاڵی هیچ كارێكی دیكە نەبوون. بەهۆی نەچوونم بۆ قوتابخانە، زمانی توركی نازانم. سەرەتا گلەییم لە باوكم هەبوو كە بۆچی نەیناردم بۆ قوتابخانە، بەڵام دواتر ستایشم كرد، چونكە نەمدەویست وەكو زۆربەی كوردان بم، كورد بم، بەڵام زمانی كوردی نەزانم.
رووداو: مەسەلەی قەدەغەی زمانی كوردی لەسەر گۆرانییەكانت رەنگی داوەتەوە؟
فاتێ: بەڵێ بێگومان. یەكەم تیپی موزیك كە تێیدا بەشداربووم، تیپی "كۆما شیرڤان" بوو لە ساڵی 1986 و ئەوكات ئەلبوومێكمان دەرهێنا بەناونیشانی "زمانێ كوردی".
رووداو: دوای زمانێ كوردی، چی؟
فاتێ: ئەوسا منداڵ بووم. دواتر ئاستم باشتر بوو. یەكەم ئەلبوومی "سۆڵۆ"م لە ساڵی 1993 بەناونیشانی "ئەز دیچیم" دروستكرد. ئەوسا دۆخی سیاسی توركیا زۆر نالەبار بوو. لە ساڵی 1996 لە ئەڵمانیا نیشتەجێ بووم، تا ئەو كاتە خاوەنی 4 ئەلبووم بووم.
رووداو: 15 ساڵی تەمەنت لە ئەڵمانیا بەڕێ كرد. ئەو ئەزموونە چۆن بوو؟
فاتێ: راستییەكەی بۆ من زۆر خۆش بوو، چونكە توانیم سەردانی زۆر وڵات بكەم. دەتوانم بڵێم شوێنێك نەماوە گەشت و سەردانم بۆ نەكردبێت. وێڕای خۆشگوزەرانی لە ئەوروپا، بەڵام پاڵنەرێك هەیە دووبارە بۆ ئەم خاكەت دەگەڕێنێتەوە. ناتوانیت رێگری لەم هەست و پاڵنەرە بكەیت. ئەوروپا و ئەڵمانیا موڵكی من نین، بەڵام ئەم خاكە موڵكی منە. راستە ئەوروپا و ئەڵمانیا وەك مرۆڤ و وەك ئافرەتێك زۆر شتیان پێ بەخشیم، ناتوانم نكۆڵی لەمە بكەم.
چۆن ئەڵمانێك و فەرەنسییەك ناتوانن هەموو شتێك لە كوردستان بكەن، كوردستانییەكیش ناتوانێ هەموو شتێك لە ئەوروپا بكات. دۆستایەتی و گرووپی هاوڕێیەتی و كرانەوەی كۆمەڵایەتی پێویستییەكی پڕ بایەخە بۆ هەموو مرۆڤێك، بەڵام لە كۆتاییدا مرۆڤ بەدوای شوێنی لەدایكبوونی خۆیدا دەگەڕێت. بەتایبەتی كاتێك ناچار دەبێت شوێنی لەدایكبوونی خۆی بەجێبێڵێت و كۆچ بكات. وێڕای هەموو خۆشییەك، بەڵام هەستی تەنیایی مرۆڤ ناچار دەكات بیر لە رابردووی خۆی بكاتەوە.
رووداو: زۆربەی هونەرمەندانی كورد بەهۆی دۆخە سیاسییەوە گۆرانییان بە توركی گوت، كەچی تۆ هەر بە كوردی گۆرانیت گوت، ئەمە چۆن بوو؟
فاتێ: هەستێك بوو لەناخەوە هەڵقوڵابوو، هەروەها خۆشەویستیم بۆ زمانی كوردی رەنگدانەوەی لەسەر كارەكانم هەبوو. ئەمڕۆ خەبات و بەرخودان هەیە بۆ خاوەندارێتیكردنی زمانی كوردی. بۆیە هیچ كاتێك خۆم بە هونەرمەند نەزانیوە و بەردەوام پێم دەڵێن "گوندی". منیش شانازی بە گوندیبوونمەوە دەكەم.
رووداو: زانیومانە دەستپێشخەر بوویت بۆ گەیاندنی یارمەتی بۆ ئاوارەكانی كوردی ئێزدی، ئەمە چۆن بوو؟
فاتێ: بەڵێ یارمەتیم پێشكەش كرد. بەڵام ناكرێ لەهەر شوێنێك بیدركێنی. كوردی ئێزدی بەهۆی هێرش و پەلامارەوە ئاوارەو دەربەدەر بوون. ئەوەی ئەركی سەرشانی ئێمە بوو كردمان. لەگەڵ هاوڕێیانم لە تیپی "كۆمكار" چالاكی هونەریی زۆرمان كرد و كۆمەكی زۆرمان كۆكردەوەو بۆ ماوەی دوو مانگ هاتینە هەرێمی كوردستان و یارمەتییەكانمان بەسەریاندا دابەش كرد. خۆزگە شتی گەورەتر و زۆرترمان دەكرد.
رووداو: ماوەیەك لە كەناڵی TRT6 كارتان كرد. لەمبارەیەوە چیت هەیە بۆمان باس بكەیت؟
فاتێ: لەبارەی كارە هونەرییەكان هیچ بڕیارێكی هەڵەم نەداوە. خەڵك بەشێوەیەكی ناڕەوا باسی TRT6 یان دەكرد. من هەروەها لە "كوردستان تیڤی و كورد 1" یش كارم كردووە و ئەوساش كەسانێك هەبوون رەخنەیان لێگرتم. مەبەستی سەرەكی كاركردنم لەم میدیایانە پشتیوانیكردنی پرۆسەی ئاشتی بوو لە باكووری كوردستان. دان بەوەدا دەنێم یەكەم ئەڵقەی بەرنامەكەم لە ئامەد نیگەرانی كردم، بەڵام دواتر پەیوەندی تەلەفۆنی و ئیمێلی زۆر دەستخۆشیم پێگەیشت و زیاتر هانیدام بۆ كاركردن لەم بوارەدا.
رووداو: كاری نوێی موزیكیتان لەبەردەستدا هەیە؟
فاتێ: بەڵێ، ئەلبوومێكی جوانم هەیە هەر چوار پارچەی كوردستان دەگرێتەوە كە بریتییە لە زیندووكردنەوەی گۆرانییە كلاسیكییەكان. ئێستاش بەشێك كورد هەن لە چوار پارچەی كوردستاندا لە رێگەی سیاسەتی پاكتاوكردن دژایەتییان دەكرێت. بەڵام دیسان خاوەندارێتی لە كولتوور و دابونەریت و كەلەپوور و هونەری خۆیان كردووە. بۆیە لە رێگەی ئەم ئەلبوومەوە بایەخێكی زۆر بەگۆرانییە كلاسیكەكان دەدەم.
رووداو: زوو زوو سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەی، لێرە كارت هەیە؟
فاتێ: یەكەمجار لە ساڵی 2000 هاتم. لە راستیدا كێشەیەكی تەندروستیم هەیە، نازانم كەی و چۆن چارەسەری دەكەم. دەمارێكی مێشكم تووشی پووكانەوە هاتووە. بۆیە ئەگەر مردیشم با لەخاكی خۆم بمرم نەوەك لە وڵاتی بێگانە. ویستم بەر لەمردنم ئەم ئەلبوومە ئامادە بكەم.
هۆزان فاتێ:
- ساڵی 1973 لە گوندی ئێرماناس لە شاری وان لە باكووری كوردستان لەدایك بووە.
- ساڵی 1986 لەگەڵ دەنگبێژ كازۆی مام و ئامۆزاكەی تیپی هونەری "كۆما شیرڤان" دادەمەزرێنن.
- یەكەم ئەلبوومی لەگەڵ تیپەكەی بەناوی "زمانێ كوردی" لە ساڵی 1992 تۆمار كردووە.
- ساڵی 1996 زێدی خۆی جێهێشتووە و لە ئەڵمانیا نیشتەجێ بووە.
- چوار ئەلبوومی گۆرانی هەیە، ئەوانیش: زمانێ كوردی، ئەز دیچیم، بووكا چیا و دەگریم.



